بەهارە شیعرێک
لە کتێبی:
ڕەنگاڵە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
3 خولەک
1529 بینین
وەکوو درەختێکی تەنیای
بەر زەردەپەڕ
لەپاڵ دەوەنی گردێکدا
ڕاوەستاوم
سەر و مل و تا ناوقەدم
لەبەر هەتاو
قاچوقول و تا ژوور ئەژنۆ
نوقمی سێبەر.
بەرامبەرم:
کێوی بەردینی گەردن لووس
وەک دیواری شووشەی شین باو
ڕێک هەڵکشاو
کە گلێنەم ئەفڕێ بۆ لای
وەک سەرنجم هەڵبخلیسکێ
چاو ئەترووکێ و کزەبایەک
کالانە پڕ ئەکا لە ئاو.
لەم لاشەوە تەمومژێ
وەک قژی خاو
بە دەم «با»وە
دێت و ئەچێ و جارێک ئەچێتە سەر لەشی
بەفری نووستوو دایئەپۆشێ و
جارێکی تر وەکوو هەڵبێ
بەرەو دواوە
بەرەو دۆڵی ئەو دیوی شاخ
مل ئەنێت و بەهێواشی دائەگەڕێ.
لەو لایشەوە لووتکەی تیژی
شێوە خەنجەر
پەڵەهەورێکی سمیوە و
چەتری سپی
هەڵداوە لەسەر تەوقە سەر.
لە بناردا و لەسەر ڕووبار
کە شەوقی ئاوێنەی ئاوی
چەپکە پرشنگ
ئەدا لە پەڵکەگیای دەشتی
ڕاکشاوی تەختی کەنار.
پۆلە ماسیگرەی سپی،
سپی وەکوو گوڵی چوالە
باڵ وەرئەدەن لە تەنکاو و
تنۆکی سارد ئەپرژێنن
لە دەموچاوی هەڵاڵە.
بە لای ڕاستدا پەڵە چنار
لە جۆگەدا قاچی تەزیو
لەرەلەر و خشەخشی گەڵای گوارەی
وەک ختووکەی لامل بدا
دائەچڵەکێ و پێئەکەنێ و لەنجە ئەکا
چڵی بەرزی گەردانە زیو.
بە لای چەپدا:
ڕێگەی نسرمی ناو دەربەند
ئەم بەر، ئەو بەر
هەتا ئێستەش دەست و پەنجەی
دارستانی شینهەڵگەڕاو لە گۆ کەوتوو
بنچک لەژێر بەفرا خەوتوو
کە سەرنجی زیاد لێ بگرم
من لێرەوە لە سەرماندا
وەک شۆڕەبی هەڵئەلەرزیم.
ئێوارەیە و خۆرنشینە و هەر وەستاوم
لەو ساکەوە پەیکەرێکی بلووز شینم
هەر دوو دەستم لە گیرفاندا و نەجووڵاوم.
ئەوا ئێستەیش
لە دامێنی زەرد و سووری ئەم گردەدا
تۆ ئەبینم ئەی کچی جوان!
کراس و کەوای پوولەکەت،
نێرگزی قژ،
بریسک و هوڕ
بریقوباق
وەک گزنگ و دەنکە تەرزە
وەک پوولەکەی پشتی ماسی
گۆمی زۆر ڕوون،
وەک پزیزکی ئاگری شوانی
بە قەدپاڵەوە سووتاوم،
وەک دڵۆپی هەڵپرژاوی
سەر قەڵبەزە
هەزار تیشکی
ڕەنگاوڕەنگ ئەدەن لە چاوم.
گەرای سەدان شیعری بچووک
لەناو ناخی مندا ئەخەن.
بەئەسپایی و بە ژێی دڵم
زۆر مۆسیقای دەنگ سیحراوی
نەبیستراوم بۆ لێ ئەدەن.
ئەی شۆڕە کچ!
ئەبێ چی جوانتر بێ لە تۆ؟
مەگەر تۆزێکی تر وەختێ
کە تاریکی بە پەلەپەل
بۆ ئێرە دێ
من ئەڕۆم و
ئەو لە جێگەم دائەنیشێ.
وەختێ لەگەڵ
دەنگی سەوزی «خالقی»دا
سوار ئەبم و
بەرەو شار ئەگەڕێمەوە
وەختێ لەپڕ
لەسەر ملەی تاسڵوجەوە
لەو دیو جامی تاکسییەوە
«سلێمانی»م دەرئەکەوێ
مەگەر هەر ئەو لەم شەوەدا
لەو دوورەوە
شەپۆلی درەوشانەوەی چاوەکانی
تیشکی مرواری بەردەمی
هەڵڕێژراوی
وەک کراس و کەوای بەرت
پوولەکەچن،
مەگەر هەر ئەو
وەک تۆ جوان بێ و بگاتە تۆ و
بە هەردووکتان شیعری جوانیش
بدەن بە من.
بەر زەردەپەڕ
لەپاڵ دەوەنی گردێکدا
ڕاوەستاوم
سەر و مل و تا ناوقەدم
لەبەر هەتاو
قاچوقول و تا ژوور ئەژنۆ
نوقمی سێبەر.
بەرامبەرم:
کێوی بەردینی گەردن لووس
وەک دیواری شووشەی شین باو
ڕێک هەڵکشاو
کە گلێنەم ئەفڕێ بۆ لای
وەک سەرنجم هەڵبخلیسکێ
چاو ئەترووکێ و کزەبایەک
کالانە پڕ ئەکا لە ئاو.
لەم لاشەوە تەمومژێ
وەک قژی خاو
بە دەم «با»وە
دێت و ئەچێ و جارێک ئەچێتە سەر لەشی
بەفری نووستوو دایئەپۆشێ و
جارێکی تر وەکوو هەڵبێ
بەرەو دواوە
بەرەو دۆڵی ئەو دیوی شاخ
مل ئەنێت و بەهێواشی دائەگەڕێ.
لەو لایشەوە لووتکەی تیژی
شێوە خەنجەر
پەڵەهەورێکی سمیوە و
چەتری سپی
هەڵداوە لەسەر تەوقە سەر.
لە بناردا و لەسەر ڕووبار
کە شەوقی ئاوێنەی ئاوی
چەپکە پرشنگ
ئەدا لە پەڵکەگیای دەشتی
ڕاکشاوی تەختی کەنار.
پۆلە ماسیگرەی سپی،
سپی وەکوو گوڵی چوالە
باڵ وەرئەدەن لە تەنکاو و
تنۆکی سارد ئەپرژێنن
لە دەموچاوی هەڵاڵە.
بە لای ڕاستدا پەڵە چنار
لە جۆگەدا قاچی تەزیو
لەرەلەر و خشەخشی گەڵای گوارەی
وەک ختووکەی لامل بدا
دائەچڵەکێ و پێئەکەنێ و لەنجە ئەکا
چڵی بەرزی گەردانە زیو.
بە لای چەپدا:
ڕێگەی نسرمی ناو دەربەند
ئەم بەر، ئەو بەر
هەتا ئێستەش دەست و پەنجەی
دارستانی شینهەڵگەڕاو لە گۆ کەوتوو
بنچک لەژێر بەفرا خەوتوو
کە سەرنجی زیاد لێ بگرم
من لێرەوە لە سەرماندا
وەک شۆڕەبی هەڵئەلەرزیم.
ئێوارەیە و خۆرنشینە و هەر وەستاوم
لەو ساکەوە پەیکەرێکی بلووز شینم
هەر دوو دەستم لە گیرفاندا و نەجووڵاوم.
ئەوا ئێستەیش
لە دامێنی زەرد و سووری ئەم گردەدا
تۆ ئەبینم ئەی کچی جوان!
کراس و کەوای پوولەکەت،
نێرگزی قژ،
بریسک و هوڕ
بریقوباق
وەک گزنگ و دەنکە تەرزە
وەک پوولەکەی پشتی ماسی
گۆمی زۆر ڕوون،
وەک پزیزکی ئاگری شوانی
بە قەدپاڵەوە سووتاوم،
وەک دڵۆپی هەڵپرژاوی
سەر قەڵبەزە
هەزار تیشکی
ڕەنگاوڕەنگ ئەدەن لە چاوم.
گەرای سەدان شیعری بچووک
لەناو ناخی مندا ئەخەن.
بەئەسپایی و بە ژێی دڵم
زۆر مۆسیقای دەنگ سیحراوی
نەبیستراوم بۆ لێ ئەدەن.
ئەی شۆڕە کچ!
ئەبێ چی جوانتر بێ لە تۆ؟
مەگەر تۆزێکی تر وەختێ
کە تاریکی بە پەلەپەل
بۆ ئێرە دێ
من ئەڕۆم و
ئەو لە جێگەم دائەنیشێ.
وەختێ لەگەڵ
دەنگی سەوزی «خالقی»دا
سوار ئەبم و
بەرەو شار ئەگەڕێمەوە
وەختێ لەپڕ
لەسەر ملەی تاسڵوجەوە
لەو دیو جامی تاکسییەوە
«سلێمانی»م دەرئەکەوێ
مەگەر هەر ئەو لەم شەوەدا
لەو دوورەوە
شەپۆلی درەوشانەوەی چاوەکانی
تیشکی مرواری بەردەمی
هەڵڕێژراوی
وەک کراس و کەوای بەرت
پوولەکەچن،
مەگەر هەر ئەو
وەک تۆ جوان بێ و بگاتە تۆ و
بە هەردووکتان شیعری جوانیش
بدەن بە من.