باران

لە کتێبی:
زەوی سەخت و ئاسمان دوور
بەرهەمی:
مارف ئاغایی (1966-1998)
 1 خولەک  2326 بینین
باران! ئەی ئەزموونی لە دایک بوونێکی ئاسمانی و
مەرگێکی دەریایی؛
بۆ زەوی وادەی چی پێ دابووی،
کە هەوری دڵدارت بە جێ هێشت؟
باران ئەی کۆچکردووی
وڵاتی ئەستێرە و هەور و با
کێ هەیە بۆو لاوکە ئاسمانییەت
گوێ هەڵخا؟
 
باران تۆ خاچێکی سەرگەردان:
سەرێکت لە ناخی سووڕانی زەویدا و
سەرێکت لەنێوان گەڕانی هەوردا.
باران! ئەی
ڕێبواری ڕۆژانی بێ خۆر و
شەوانی بێ مانگ و ئەستێرە!
 
باران! ئەی پاکترین هاوڕەگەز بۆ گریان!
منم من
بۆ مەرگی تۆ گریام
ئەی مرۆڤترینی دڵداران