تینوو

لە کتێبی:
زەوی سەخت و ئاسمان دوور
بەرهەمی:
مارف ئاغایی (1966-1998)
 1 خولەک  1318 بینین
چۆن بەو شەپۆلە ویشکانەی
ڕۆحی ئاویان لێ دزراوە
تینوایەتیمان بشکێنین؟
 
چۆن بەو ئاورە بێ گرفانەی
کە گەرمایان پێ نەماوە
لەم قالبە سەهۆڵینە بێینە دەرێ؟
 
ئەرێ دایە!
بۆ چی هەموو ئاوەکانی ئەم دنیایە
بە قەد ماچێکی سەردەمی منداڵیی تۆ
تینوایەتیم ناشکێنن؟
 
بۆ چی ئاورەکانی ئیمڕۆ
گەرمای دوێنێی
دەستەکانی تۆیان نییە؟
 
دایە! دایە! سەر هەڵدەگرم
مەڵێ بۆ کوێ؟
سەر هەڵگرتن شوێنێکی تایبەتی نییە.
هەر دێمەوە؛
مەڵێ کەنگێ؟
گەڕانەوە
کاتێکی تایبەتی نییە.