تابلۆی سێهەم

لە کتێبی:
کاوەی ئاسنگەر
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 3 خولەک  621 بینین
«جێگا سەرەڕێگایەکی قەڵەباڵغە، خەڵک لە هاتوچۆکردندا، جاڕچیی کۆشکی ئەژدەهاک دێتە ژوورەوە و لەسەر شوێنێکی بەرز ڕائەوەستێ چەند کەسێکی لە دەور کۆ ئەبێتەوە»
جاڕچی:
مژدە و بانگە
بانگی ئەمڕۆ بۆ ئاهەنگە
بۆ هەڵپەڕکێ و زەماوەندە
کۆڕ گەرم کەن بۆ گۆرانی
بە فووی شمشاڵ، بە سەمای خۆش
دەروونی کێو بهێننە جۆش
مەست بن، شەراب بخۆنەوە
بخۆنەوە بە خۆڕایی
ڕازاوەیە خوانی شاهی
خۆ پۆشتە کەن
ئەمڕۆ جلی جوان لەبەر کەن
گوێگرێک:
«بە تەوسەوە ڕوو ئەکاتە کۆمەڵەکە»
بە قسەی بکەن
خۆتان مەست کەن
جاڕچی:
- بە توڕەیییەوە -
لە قسەما قسە مەکەن!
کەس نابێ گرژ، ڕووناخۆش بێ
گوێگرێک:
«بە تەوس و گاڵتەوە»
قەلیش ئەبێ دەنگی خۆش بێ!
جاڕچی:
«بە توڕەیییەوە»
هەڵمەدەنێ، گوێ ڕاگرن!
- پشوویەک -
هەر ئاهەنگ بێ
دەنگی زوڕنا یان دەهۆڵ بێ
بخۆنەوە بە خۆڕایی
ڕازاوەیە خوانی شایی
مژدە و بانگە
بۆ سەمایە بۆ گۆرانی
هەموو بڵێن
پایەدار بێ تەختی شاهی
«کەس وەرام ناداتەوە» ئەم جارە بە تووڕەیییەوە:
هەموو بڵێن
پایەدار بێ تەختی شاهی
«کۆمەڵەکە بە کزییەوە»
پایەدار بێ تەختی شاهی
جاڕچی:
ئەوەی وتم
ئەمرە، ئەمری پادشایی
پاشای گەورەمان ئەژدەهاک
بۆ سێهەم جار ژنی هانی
مژدە و بانگە
خواستی گەورەی ئەژدەهاکە
ئەمڕۆ سەری کەسی ناوێ
ئەمڕۆ قوربانیی بەخشیوە
بەرگی بوردنی پۆشیوە
کۆڕی سەیران ڕازاوە کەن
نزای درێژبوونی تەمەن
بۆ پاشا کەن!
بخۆنەوە
گوێگرێک:
تا ئەتوانن
جاڕچی:
بەستە بڵێن
گوێگرێک:
تا بزانن!
جاڕچی:
سەما بکەن، سەما بکەن
ڕوو گرژ مەکەن
ئەژدەهاک سێبەری خوایە
گوێگرێک:
پێتان ئەڵێ بیپەرستن!
جاڕچی:
هەتا مردن لە سوجدەدا
گوێگرێک:
بۆی بۆستن!
جاڕچی:
بلیتی بەهەشت لای ئەوە!
گوێگرێک:
فریشتەکان کەنیزەکی
کۆشکی ئەون!
گوێگرێکی تر:
لەبەر پێی ئەودا ئەخەون!
جاڕچی:
ئەوەی وتی، ئەوەی ویستی
ناگەڕێتەوە دێتە دی
باران
بەکۆمەڵ:
باران
جاڕچی:
ساماڵ
بەکۆمەڵ:
ساماڵ
جاڕچی:
ژیان
بەکۆمەڵ:
ژیان
گوێگرێک:
مردن
جاڕچی:
مردن!
- پشوویەک -
چەنەبازی بەس، بێدەنگ بن
- پشوویەک -
مژدە و بانگە، مژدە و بانگە
هەموو شتێ پێئەکەنێ
برووسکە هەور ڕاو ئەنێ
ساماڵ پشتی هەور ئەشکێنێ
خوڕەی ڕووبار
خوڕە و هاڕەی پێکەنینە
گوێگرێک:
ئەمڕۆ هەتتا تامی ژاڵە
شیرینە وەکوو هەنگوینە!
جاڕچی:
چونکە پاشا، پاشای گەورەی
ئەم زەمینە!
ژن ئەهێنێ
گوێگرێک:
هەتتا مردووش پێئەکەنێ
بخۆنەوە
جاڕچی:
بخۆنەوە بە خۆڕایی
شەرابی خەست بخۆنەوە
سەرخۆش، مەست بن
گوێگرێک:
پێتان ئەڵێ بێدەربەست بن!
بخۆنەوە!
«دێتە خوارەوە بەدەم چوونەدەرەوەوە»
با هەر درێژ بێ تەمەنی
شا، ئەژدەهاک
پایەدار بێ، پایەدار بێ
تەختی بزورگی ئەژدەهاک
«کۆمەڵەکە بڵاوەی لێ ئەکەن، شانۆ چۆڵ ئەبێ».