تابلۆی دووهەم

لە کتێبی:
کاوەی ئاسنگەر
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 4 خولەک  746 بینین
«هەر هەمان گۆڕستان گۆڕهەڵکەنەکان ڕۆیشتوون، شانۆ تاریکتر ئەبێت، لەگەڵ مۆسیقایەکی ترسناکا سێ مردوو هەڵئەسن ماوەیەک بە بێدەنگی هاتوچۆ ئەکەن. بە سێ کوچکەیی دائەنیشن یەکێکیان ڕوو ئەکاتە دووانەکەی تر»:
یەکەم:
ئەمشەو نۆرەی گێڕانەوەی
بەسەرهات و ژیانەوەی
چیرۆکی ڕابردووی منە!
دووهەم:
سەرگروشتەی پێش مردنە!
سێهەم:
ناخۆش نییە باسکردنی
ئەو ڕۆژانەی لە کیس چووە
دووهەم:
بەڵام هەتاکوو خۆر
نەکەوتووە!
سێهەم:
تا گۆڕهەڵکەن نەهاتووە
ئادەی بڵێ
بڵێ، بڵێ
«لێی ئەچنە پێشەوە و دەست ئەکا بە گێڕانەوە»
یەکەم:
پێش کوشتنم من جووتیار بووم
زەویی ڕەقم ئەکرد بە ئاو
بازووم ئەستوور، هەرزەکار بووم
تا ئێوارە زەردەهەتاو
تا تاریکی
جووتم ئەکرد هەتا ژیان
بەپیتتر کەم
تا برسێتیی قاتوقڕ کەم!
نەمرێ ئینسان
تاکوو «ئاشنان»
دڵخۆشتر کەم
ئارەقی ڕەنج، توانای شان
تێکەڵ بە زەویی وشک بوو
بێ پشوودان
هەتا زەمینم سەوز کرد
تۆو بوو بە نان
گوێتان لێیە
دووهەم:
بڵێ، بڵێ، گوێمان لێیە.
«لەم کاتەدا مردوویەکی تر لەو لاوە ئەڕوات بێ ئەوەی تەماشای ئەمان بکات»
سێهەم:
ئەوە کێیە؟
مردووی ڕێبوار:
خۆمانین پێرێ شەو هاتووم
تازە مردووم!
یەکەم:
بەخێر هاتی، دنیا چۆنە؟
مردووی ڕێبوار:
دنیا چۆن بێ، قڕوقاتی… «ئەڕواتە دەرەوە»
- پشوویەک -
دووهەم:
ئێ دەی بڵێ گوێمان لێیە!
سێهەم:
«لەگەڵ هەناسەیەکا»
دنیا چییە؟
یەکەم:
کچێک بوو، دراوسێمان بوو
حەزم لێ کرد
دووهەم:
ئێ، ئێ، جوان بوو؟
یەکەم:
وەکوو فریشتەی ئاسمان بوو، ئانانا بوو.
سێهەم:
داوات نەکرد؟
لە دوای ئەوەی حەزت لێکرد؟
یەکەم:
تۆ ... ڕاوەستە:
لە قسەما هەڵمەدەرێ
لەسەرخۆ بە
«دەست ڕادەکێشێ»
ئەو بەڕووەی لەوبەر دیارە
شوێن بینینی من و یار بوو
لەژێر سایەی لقوپۆپیا
دائەنیشتین
زستان لە لامان بەهار بوو
دوور لە چاوی
کەسانی بەد و بەدکار بووین
ئا لەوێدا خەممان ئەکوشت
جار بە جاریش
سکاڵا و ڕازمان هەڵئەڕشت
لە ئەنجامدا
گەنمم دانێ، کچیان دامێ
دووهەم:
ئێ، ئێ
پیرۆزیش بێ!
پیرۆزیش بێ!
یەکەم:
قسە مەکەن گوێتان لێ بێ!
بەڵام ئەهرەمەن پێم شاد بوو
نەگەیشتم بە یارەکەم!
دووهەم:
ئای داخەکەم!
سێهەم:
ئای داخەکەم!
یەکەم:
لەپڕ شەوێ قۆڵیان بەستم
چاویان بەستم
لە زیندانێکی تاریکا
تونگیان کردم
لەپاش دوو ڕۆژ بە خۆراکی
ئەژدەهاکی
شەڕیان کردم
سەریانبڕیم
هەرچەند هاواری ئاشنا و
ئانانم کرد، بێهوودە بوو
دڵی خوای شەڕ نەرم نەبوو
دووهەم:
ڕۆیی لە دەست چوو
سێهەم:
ئەو ژیانە ڕۆیی لە دەست چوو
«یەکەمیان هەڵئەسێتە سەر پێ و تۆزێ بە بێدەنگی ڕائەوەستێ و ئەڵێت»:
یەکەم:
بەڵام ئەوساش کە زیندوو بووین!
وەکوو ئێستا هەر مردوو بووین!
دووهەم:
چۆن، چۆن، ئادەی بیڵێرەوە.
یەکەم:
لە دەس دەرچوو
من شاخی بەردم کون ئەکرد
لە زەویی ڕەق
کانیی ڕوونم هەڵئەقوڵان
بە پشت تاشەبەردی گەورەم
ئەگواستەوە
بنی داربەڕووم ئەجووڵان
چنگم ئەنایە بینی گورگ
تا ئەمخنکان
تا بەم دەستە
پۆشتەم ئەکردەوە، ژیان
سێهەم:
ئینجا باشە چیت مەبەستە؟!
یەکەم:
خواکان هیچیان دەنگیان نەکرد
ئەژدەهاک وەک خۆی مایەوە
تاکوو ئەشهات
ماری زۆردار ئەژیایەوە!
«هەردووکیان بە یەکەوە»
پێمان بڵێ چیت مەبەستە!
یەکەم:
نەمتوانی ئەژدەهاک بگرم
لەباتی ئەو سەرمببڕێ
سەریببڕم
دووهەم:
قسەی بێجێ و بێڕێ مەکە!
ئەمە هەر کاری خواکانە
ئەژدەهاک لای ئەهرەمەنە
کوا ئەمە ئیشی ئینسانە؟
سێهەم:
«تەماشایەکی ئەم لا و ئەو لا ئەکات، بە ترسێکەوە ئەڵێت»:
کات درەنگ بوو
وەختی هەڵهاتنی خۆرە
هاوڕێمان شەوەزەنگ بوو
کات درەنگ بوو
هاکا دنیا ڕۆشن بووەوە
دۆست و دوژمن لێک جوێ بووەوە
چاکتر وایە، بڵاوە کەین
جارێکی تر بە یەک ئەگەین
تا لە شەوی داهاتوودا
«هەرسێکیان ون ئەبن، شانۆکە ڕووناک ئەکرێتەوە»