تابلۆی یەکەم

لە کتێبی:
کاوەی ئاسنگەر
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 7 خولەک  1406 بینین
«جێگا گۆڕستانێکە و مانگەشەوێکی خۆش، زێمری و زاماوا خەریکی گۆڕ هەڵکەندنن».
زێمری:
«دوای ئەوەی پشوویەک ئەدات و ماوەیەک لە مانگ ورد ئەبێتەوە».
تریفەی مانگ زەردەخەنەی
لێوی وشکی پڕ لە تەوسە
پێڵووی قورسی پڕ وەنەوزە
تەماشای کەی
هەر بە ڕەنگی زەردیا دیارە
ئەڵێی مردووی سەد ساڵەیە!
زاماوا:
سەیر نییە ئەویش پارچەی
دەروونی ئەم وڵاتەیە
بە دوای خەما ئاوارەیە
چرای کزی شەوەزەنگی
ئەم خاکەیە.
- پشوویەک -
زێمری:
باشە تاکەی ئەم بەڵایە
مۆتەکەی ڕەشی سەر سنگ بێ؟
زاماوا:
لە مانگ پرسە!
بۆ بێدەنگ بێ
لەبەر چی نایەتە قسە؟
زێمری:
ئەویش وەک ئێمە وەڕسە!
زاماوا:
ئەی قوربانیمان نەدایە
ورد و درشت
نەمانپەرەست
تا ڕزگار بین لەم بەڵایە!
زێمری:
ئارامیی گشت فریشتەکان
توول ئەکێشی، خوا هەر وایە!
تۆڵەی درەنگ ئەکاتەوە
زاماوا:
«بە تەوسەوە»
جارێ هەر پیش ئەخواتەوە
«بە ڕقەوە»
بڕوام بە ئاسمان نەماوە
بڕوام بە «سمکان» نەماوە
لە کوێن؟ لە کوێن؟
زێمری:
قاو بڵاوە خەڵکی ئەڵێن
کوێر بووە چاوی ئەهرەمەن
زاماوا:
درۆ ئەکەن، درۆ ئەکەن
چاو، زیندووە
نەمردووە
ئەی نابینی هەموو ڕۆژێ
چەند ئەکوژێ، چەند ئەنێژێ!
زێمری:
وامبیست دوێنێ شەو لە خەوا
«زوو» فرسەتی لێ هێناوە
لە ناکاوا
بە دەنووک چاوی کۆڵیوە
بە چنگ جەرگی هەڵدڕیوە
لەپاشانا هەڵفڕیوە
تا لای «سمکان» نەوەستاوە
زاماوا:
تۆ بێئاگای «زوو» کوژراوە
من پێم وتی
بڕوام بە سمکان نەماوە
هیچی نەکرد
ئێمە خۆمان تەفرە داوە!
- پشوویەکی کورت -
بۆ وا خاوی؟ دەی هەڵکەنە
دەس بزوێنە
بەس بێ چەنە
زێمری:
تۆش نۆرەت دێ
ئەهرەمەن قورتومت بگرێ
زاماوا:
ئەمترسێنی
دەبا بیگرێ
- پشوویەک -
«لەدوای لێدانی مۆسیقایەکی ترسناک، سێ کاسەسەر لە ژێرەوە بەرز ئەبنەوە، زێمری و زاماوا ڕائەچڵەکن و ئەشڵەژێن»
کاسەسەری یەکەم:
بەس چەنە بەن، دەی هەڵکەنن.
کاسەسەری دووهەم:
ئێوە دۆستن یان دوژمنن؟
کاسەسەری سێهەم:
گۆڕهەڵکەنی ئەهرەمەنن.
«هەردوو گۆڕهەڵکەنەکە هەڵئەسنە سەر پێ و نزیکی کاسەسەرەکان ئەکەونەوە»
زاماوا:
مەڕۆن، مەڕۆن، چەند پرسیارێ
ئەم پێم ئەڵێ
سمکان تۆڵە ئەکاتەوە
لە دەروونی پیس و ناپاک
لە ماری شانی ئەژدەهاک
زێمری:
من وا ئەڵێم، بەڵێ وایە
هەر ئەو تۆڵە ئەکاتەوە
هەر ئەو لە سەرمان لا ئەبا
ئەم بەڵایە
کاسەسەری یەکەم :
پرسیارتان کرد لە ڕەشەبا؟
لە مانگ، لە ئەستێرە، دەریا؟
زاماوا:
نەما پرسیاری لێ نەکەین
داڵدەی خۆمانی بۆ نەبەین!
کاسەسەری دووهەم:
ئەی لە پاشدا، لە ئەنجاما؟
کاسەسەری سێهەم:
چارەنووسی ئێوە چی بوو؟
زاماوا:
وەرام نەبوو!
زێمری:
وەرام نەبوو!
- پشوویەک -
کاسەسەری یەکەم:
خۆتان زیندوون
پرسیار لە مردوو بۆ ئەکەن!
کاسەسەری دووهەم:
پشت لە یەکتری هەڵمەکەن
خەرمانی یەک مەسووتێنن!
کاسەسەری سێهەم:
بە وەرامی ئەنجام ئەگەن!
«هەردوو گۆڕهەڵکەنەکە بە گوێی یەکدا ئەچرپێنن، زاماوا ڕوو ئەکاتە کاسەسەری یەکەم»:
زاماوا:
شێوەت ئەکەم
بەڵام تەواو ناتناسمەوە
تۆ ...
کاسەسەری یەکەم:
من ئەتناسم
هەموو جارێ یادت ئەکەم!
ئێستا بیرت ئەخەمەوە
من دراوسێیەکی خۆتانم
کوڕە گەورەکەی «ئانانم»
مێشکم دەرخواردی مارەکەی
نەوسنی ئەژدەهاک درا
وام لێ کرا!
چەند تاوان بوو!
وام لێ کرا!
زاماوا:
ئا، ڕاست ئەکەی
پار زستان بوو
زێمری:
ئەمیش وەکوو هەزارەها
بێتاوان بوو
- پشوویەک -
«زێمری ڕوو ئەکاتە کاسەسەری دووهەم و سێهەم و لێیان ئەچێتە پێشەوە»
ئەی ئێوە کێن؟
کاسەسەری یەکەم و دووهەم:
«بە یەک دەنگ»:
کوڕی کاوەین
حەوت برا بووین
پێکەوە زنجیر کرابووین
شەشمان بۆ مار بووین بە خۆراک
تا چاک بێتەوە ئەژدەهاک
بەڵام بێسوود، مار تا ئەهات
نەوسن و برسیتر ئەبوو
بۆ مێشکی تر هارتر ئەبوو
ئێستاش ئێمە:
تەنها یەک برامان ماوە
زاماوا:
کاوەی باوکیشتان هەر ماوە؟!
زێمری:
ڕاستە جارێ ئەویش ماوە!
- پشوویەک -
«زاماوا ڕوو ئەکاتە کاسەسەرەکان»
زاماوا:
خەڵکی مێشکی سەریان بردووم
هێندە پرسیاریان لێ کردووم
ئەبێ وەرام لای ئێوە بێ
بەڵام ڕووشکێنم مەکەن
لە پرسیارەکەم ڕامەکەن
«هەر سێ کاسەسەرەکە:
«بە یەک دەنگ»:
فەرموو بڵێ
ئەگەر وەرام لای ئێمە نەبێ
ڕاست پێت ئەڵێین
چونکە دوژمنی خوێنەخوێی
ڕیا و درۆین
زاماوا:
لەدوای مردن
زیندووبوونەوەمان هەیە؟
جارێکی تر
هاتنەوەمان ئیتر هەیە؟
یان قسەیە!!
«هەر سێ کاسەسەرەکە:
«بە یەک دەنگ»:
بە خەڵک بڵێن ژیانەوە
هەستانەوە
جارێکی تر، ڕاستە هەیە
بەڵام تەنها ئەو کاتەیە
کە ئەژدەهاک
ئەنێنە خاک!
«هەر سێ کاسەسەرەکە ون ئەبن»
- پشوویەک و سەرسامبوونێک -
زاماوا:
نیوەشەوە، چەندمان هەڵکەن؟
زێمری:
هەر تەنها دەن!
زاماوا:
هێزم بڕا، هێزم بڕا
زێمری:
بەس چەنە بە، هەر هەڵکەنە!
ئەمە خواستی ئەهرەمەنە.
- پشوویەک لەگەڵ هەڵکەندندا -
«سێ ڕێبوار دێنە ژوورەوە و دیارە لە ڕێگایەکی دوورەوە هاتوون بە لای گۆڕهەڵکەنەکاندا تێئەپەڕن، پێش تێپەڕ بوون کاتێ ئەگەنە لایان»:
ڕێبواری یەکەم:
سمکان هێز و تینتان باتێ
ڕێبواری دووهەم:
ئینکی چاوی دڵتان باتێ
ڕێبواری سێهەم:
ئانلیل فەڕ و پیتتان باتێ.
زاماوا و زێمری:
«بە یەک دەنگ»
ماری نەوسن نەتانگاتێ!
زێمری:
لە کوێ هاتوون بۆ کوێ ئەچن؟!
ڕێبوارێکیان:
لە لای پیرەمەگروونەوە
بۆ لای پیری ڕا و تەدبیری
گەورەی ئێرە کەوتووینە ڕێ
زاماوا:
«ماشۆ» ڕێگەتان پێ نەگرێ!
«تێئەپەڕن، یەکێکیان ئەگەڕێتەوە بە دەنگێکی نزم ڕوو ئەکاتە هەردوو گۆڕهەڵکەنەکە»:
ڕێبوار:
ماری سەر شان هەر زیندووە؟
ئەژدەهاک ئەڵێن هیلاکە؟
ئەهرەمەن لە پێ کەوتووە؟
زێمری:
«بە گاڵتە پێکردنەوە»
درۆی گەورەیان کردووە
ئەژدەهاک زرپوزیندووە!
مار چوار سەری زیاد کردووە!
«ڕێبوارەکە بەپەلە ئەچێتە دەرەوە»
- پشوویەک -
«هەردوو گۆڕهەڵکەنەکە دەست لە ئیش هەڵئەگرن، چاو ئەبڕنە ئاسمان».
زاماوا:
تۆ بڕوانە چۆن ئەستێرە
چاویان بڕیوەتە ئێرە!
زێمری:
نەهێنیی ئێرە ئەزانن
زاماوا:
«نانا» ماتە
هەر بێدەنگە
بەڵام ئێجگار شۆخوشەنگە
چاوی پڕ تیشکی ئاواتە
زێمری:
ئەی «ئەنانی» ئەستێرە و مانگ
ئەی خواوەندی هەموو ئاسمان
کوا مژدە و بانگ؟
وەرە خوارێ
لەم نزیکەوە ببینە
لەم خاکەدا خوێن ئەبارێ
خۆت ببینە کە ئەهرەمەن
چۆن لە دۆڵی کینە و ڕقا
دڵ ئەهاڕێ، گوڵ ئەهاڕێ
وەرە خوارێ، خۆت ببینە
زاماوا:
من پێم وتی:
هەتا ئەناناش کەڕ بووە
زێمری:
تۆ تێناگەی
ئەویش دڵی پڕ برینە
شین ئەگێڕێ
بۆ ئەفسانەی ئەم زەمینە!
- پشوویەک -
زاماوا:
«بە گۆرانییەوە بە ئاوازێکی ماتەمین»
پەپوو ئەڵێ: ئەم وڵاتە
لەژێر باڵما کەشوماتە
ئەم وڵاتە سەر تا خواری
چیا و پێدەشت و ڕووباری
کەلاوەی وەیشوومەی منە
هەمووی تاپۆی خەمی منە
ئەهرەمەن دۆستی دێرینمە
- پشوویەک -
ئەژدەهاک ئاوازی منە
مێشک بۆ ماری سەرشانی
هیوا و خۆزگە و نیازی منە
شوێنم، ماشۆی لای مردنە
ئەم وڵاتە تاپۆی منە
تاپۆی منە، تاپۆی منە