98- بەیینە

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 1 خولەک  487 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) ئەوان ئەهلی کتێبانەی لە دین دەرچوون، وەل ئەوانەی بت پەرست بوون، نەدەترازن تا بەڵگەیێ ڕوونیان بۆ دێ.

2) پێغەمبەرێک لە خوداوە چەند ڕووپەڕێکی پاکژیان بۆ وەخوێنێ.

3) گەلێک نووسراوی بەنرخیان تیا هەیە.

4) ئەوەنەی ئەهلی کتێبن، لەبەر یەک هەڵنەوەشابوون؛ مەگین وەختێ ئەم بەڵگە ڕوونەیان بۆ هات.

5) فەرمانیشیان هەر ئەوەندە پێ درابوو کە ئەبێ خواپەرست بن و لە دین ئەودا دڵپاک بن و بەرەو هەقانەت بڕۆن و نوێژ بکەن و زەکات بدەن؛ کە ئەمە دینی دروستە.

6) ئەو کەسانەی کە وا ئەهلی کتێب بوون و لە دین دەرچوون، دەگەڵ بت پەرستەکاندا تاهەتایە، لە ئاگری جەهەندەم دان. ئەمان خراپترین کەسن.

7) ئەو کەسانەش کە بوونە خاوەن باوەڕ و ئاکارچاکن، باشترین کەس هەر ئەوانن.

8) لە پەروەرندەیانەوە پاداشیان بەهەشتی عەدنە؛ جۆباری بەبەردا دەڕوا و هەمیشە هەر لەوێ دەبن. خودا لەوان ڕازی بووە و ئەوانیش لە خودا ڕازین. کێ لە خودای خۆی ترساوە، ئەمەی دەبێ.