87- ئەعلا

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 1 خولەک  404 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) پەسنی ناوی پەروەرندەی هەرە پایەبەرزت بدە.

2) ئەوە دنیای دامەزراند و لەباری کرد.

3) بۆ هەر شت ئەندازەی دانا و ڕێی نیشان دا.

4) ئەوە چایەری خستە ڕوو.

5) کردیە شینی ئاماڵ ڕەش و پووش و پاریش.

6) ئێمە ئەوەت پێ دەخوێنین، ئیتر تۆ لە بیرت ناچێ.

7) مەگین شتێ خوا حەز بکا؛ ئەو لە ئاشکرا و نهێنی ئاگادارە.

8) لە بەریشت هاسان دەکەین، هەتا هاسانترین ڕێگە پەیدا بکەی.

9) ئامۆژگاری بکە، ئەگەر ئامۆژگاری بەهرە بدا.

10) کەسێ لە خوا ترسی هەبێ، هەر زوو پەندی لێ وەردەگرێ.

11) بەدفەڕەکەش هەر خۆی لێ دوور دەخاتەوە.

12) ئەو کەسەی کە دەچێتە ناو ئاری گەورە.

13) پاشان لەوێدا نە دەمرێ، نە زیندیشە.

14) دیاریشە هەر کێ پاک ژیا، ڕزگار بووە.

15) یادی نێوی پەروەرندەی کرد و نوێژی بەجێ هێنا.

16) بەڵام ئێوە ژینی دنیا هەڵدەبژێرن.

17) کە چی لەو لا، باشتر و بەپێزتز هەیە.

18) دیارە ئەمە لە نووسراوە پێشینەکانیشدا هەیە.

19) نووسراوەیێ کە دراون بە ئیبڕاهیم و بە مووسا.