85- بوروج

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  488 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) بەو عاسمانە بەکەلوانە،

2) بە ڕۆژە دیاری کراوەکەش،

3) بە بینەر و بەوەش کە دێتە بەرچاوان،

4) قڕان کەوتە نێوانی خەندەک لێدەران.

5) هەر نێڵەی بوو گڕی بەرزی ئاگربەران.

6) خودی خۆشیان بەسەریەوە ڕۆنیشتبوون.

7) چاوەدێری ئەو کارەش بوون کە دەربارەی باوەڕدارەکانیان دەکرد.

8) تەنیا بۆیەش لەوانەش بە ڕکدا چووبوون، هەر چونکە خوای هەرە خاوەن دەستەڵاتی شایانی تاریف کردنیان پەرستبوو.

9) ئەو خودایەی ئاسمانەکان و زەمینی لەبەردەستە و لە هەموو شت بەئاگایە.

10) بۆ ئەوانەی پیاوەکانی باوەڕدار و ژنەکانی باوەڕداریان خستبووە ناو ئاگرەوە و لە دواییشدا پەژیوان نەببوونەوە، بێ لە ئازاری جەهەندەم، تۆڵی شەواتەکەش هەیە.

11) بۆ ئەوانەش کە دیندار و ئاکارچاک بون، باغاتێ هەس جۆباریان بە بەردا دەڕوا. ئەمەیە دەسکەوتی مەزن.

12) بێ گومان هەڵمەت بردنی پەروەرندەت زۆر حەستەمە.

13) ئەو هەر خۆی وەدی دەهێنێ و دووبارەشی دەکاتەوە.

14) هەر ئەویشە عافو دەکا و بە ڤیانە.

15) خودانی تەختی بە قەدرە.

16) زۆر بەکارە بۆ هەر شتێ گەرەکی بێ.

17) ئاخۆ ئەتۆ هەواڵ و باسی شەڕکەرەکانت پێگەییشت؟

18) لەشکرەکانی فیرعەون و هۆزی سەموود؟

19) دیارە ئەوانی بێ دینن لەمانە هەر حاشا دەکەن.

20) خواش لە لای پشتەوەیانڕا دەوری داون.

21) ئاشکرایە ئەم قورئانە زۆر بەڕێزە.

22) لە تەتەڵەی هەرە بەرزی پاراستوو [ڕوونووس کراوە].