84- ئینشیقاق

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  428 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) هەرگا عەزمان تەرەکی برد،

2) فەرمانی ڕاهێنەریشی بەجێ هێنا و دەبێ واش بێ.

3) هەرگا زەمینیش ڕاخرا،

4) هەرچی تێیدا بوو فڕێی دا و هیچ شتی دەناودا نەما،

5) فەرمانی پەروەرێنی خۆی بەجێ هێناو دەبێ واش بێ.

6) ئەی مرۆ! ڕەنجی زۆر دەدەی بگەی بە پەروەرێنی خۆت؛ سا تووشی دێی.

7) ئەوسا هەر کەس نووسراوەکەی لە لای ڕاستیەوە پێ بدرێ،

8) لەوە بەو لا پرسیارێکی کەم و هاسانی لێ دەکرێ.

9) بە دڵخۆشیش دەچتەوە لای کەس و کاری.

10) بەڵام ئەوی نووسراوەکەی لە ئالی پشتیەوە بووبێ،

11) ئەو دواجار هاواری مەرگی خۆی دەکا.

12) دەشچێتە ناو ئاگرێکی بەکڵپەوە.

13) ئەو لە ناو ماڵ و منداڵیا زۆر بەکەیف بوو.

14) ئەو پێی وا بوو کە هەرگیز ناگەڕێتەوە.

15) ئارێ پەروەرێنی ئاگای لە حاڵی بوو.

16) سا سوێندەکە بە سوورایی دەوری ئاسۆ،

17) بەم شەوگارە و بە هەر شتێ دای دەپۆشێ،

18) بەو مانگە وەختێ پڕ دەبێ،

19) ئێوە بێ شک لە بارێکەوە تووشی بارێ تر دەبن.

20) چیانە ئەمانە باوەڕێ هەر ناهێنن؟

21) هەر دەمێکیش قوڕئانیان لەلا دەخوێنن، سوژدە نابەن؟

22) نەخێر! خودانەناسەکان هەر بە درۆشی دەزانن.

23) خواش لەوی لە دڵیاندایە [لە گش کەس] ئاگادارترە.

24) تۆش مزگێنی بەمان بدە، تووشی ئازاری بەژان دێن؛

25) مەگین ئەوی بەباوەڕ و ئاکارچاک بن، کە پاداشیان دوایی نایە.