75- قیامەت

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  899 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) سوێندەکەم بە ڕۆژی سەڵا،

2) سوێندیش دەخۆم بە وێژدانەکەی ڕەخنەگر،

3) چۆن مرۆ وا خەیاڵ دەکا ئێمە هەرگیز پێشەگەلی لە یەکدی کۆ ناکەینەوە؟

4) بەڵکوو تواناییمان هەیە سەرپەنجەکانیشی ساز کەین.

5) نەخێر مرۆ هەر دەیەوێ تاوان بخاتە پێشە خۆی.

6) ئەو دەپرسێ: ڕۆژی سەڵا ڕابوون کەی دێ؟

7) هەرگا چاو بە مۆلەق وەستا؛

8) مانگیش گیرا؛

9) خۆر و مانگیش لە یەکتر کۆ کرانەوە؛

10) مرۆ ئەو ڕۆژە دبێژێ: ڕێگەی دەرەتانێ کوانێ؟

11) هەرگیز، پەناگایەک نییە.

12) ئەوێ ڕۆژێ مەکۆ لای پەروەرندەتە.

13) لەو ڕۆژەدا مرۆ هەواڵی پێ دەدرێ، چیی پێشەکی بەڕێ کرد و چیشی لەدوا بەجێ ماوە.

14) نەخێر مرۆ بە ویژدانی خۆی دەزانێ؛

15) با گەلێکیش بڕ و بیانو بێنێتەوە.

16) تۆ زمانی لێ مەخە گەڕ، تا بەپەلە بیخوێنیەوە؛

17) چونکە ئەرکی کۆکردن و وەخوێندنی لەسەر مەیە.

18) هەرگا ئێمە خوێندمانەوە، ئەوساکە تۆ لەدواییدا بیخوێنەوە.

19) لەپاشانیش شی کردنەوەی لەسەر مەیە.

20) نەخێر، دیارە هوون هەر دنیاتان خۆش دەوێ؛

21) دواڕۆژیش وەلا دەنێن.

22) ئەوێ ڕۆژێ فرە ڕووهەن گەشە دەکەن؛

23) چاو دەگێڕن بەرەو پەروەرندەی خۆیان.

24) دیمیش هەنە ترش وتفتن؛

25) چاوەنۆڕن جەزرەبەی کەمەرشکێنیان بەسەر بێنن.

26) نەخێر، هەر بەخۆ نازانێ تا مەرگ بەربینگی دەگرێ.

27) وتراویشە: کەسی فریاڕەسی کێیە؟

28) لێشی ڕوونە چاخی جیا بوونەوەیە.

29) لینگ و لەتەریشیان تێک هاڵان.

30) ئەو ڕۆژەیە جێ هاژووتن بەرەو پەروەرندەی تۆیە.

31) نە هەرگیز بڕوای هێناوە و نە نمێژیشی کردووە.

32) بەڵام وتوویە درۆیە و خۆی بواردووە.

33) پاشی - بە خۆبادانەوە - چوو بۆ لای کەس و کارەکەی.

34) ئەمە بۆ تۆ شیاوتر و لەبارترە.

35) جارێ تریش، ئەمە بۆ تۆ شیاوتر و لەبارترە.

36) ئاخۆ مرۆ هەر لای وایە بەخۆڕایی وڵی دەکەن؟

37) ئاخۆ ئەو دڵۆپێک نەبوو کە دەڕژێتە ناو تۆلەوە؟

38) دوایە بوو بە جەڵتە خوێن و دروستی کرد و سازی دا؟

39) ئەوسا هەر لەو تنۆکەوە جووتەی نێر و مێوی چێ کرد.

40) ئاخۆ کەسێ وا ناتانێ مردوو زیندوو بکاتەوە؟