74- موددەسسیر

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  534 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) ئەی کەسێکی جلکت بەسەر خۆ داداوە!

2) ڕابە، ترس وەبەر بێنە.

3) ڕاشگەیێنە کە پەروەرندەت مەزنە.

4) بەرگیشت خاوێن ڕاگرە.

5) لە هەرچی ناپاکە دوور بە.

6) مەشبەخشە و پێت وا بێ بۆشە.

7) بۆ خاتری پەروەرندەت خۆڕاگر بە.

8) هەر کاتێکیش دە کەڵەشاخ دەمێندرا،

9) ئەو ڕۆژە ڕۆژێکی تووشە؛

10) بۆ بێدینان نە هاسانە.

11) تۆ لێم گەڕێ بۆ ئەو کەسەی من تەنیا وەدیم هێناوە؛

12) دارایی فرەشم دایە؛

13) چەند کوڕێکیش کە ئاگاداریی لێ دەکەن؛

14) هەموو کارێکم بۆ ڕێک خست؛

15) هێشتا هەر چاوی لەوەیە بۆی پتر کەم.

16) هەرگیز؛ چون بۆ نیشانانمان لاسار بووە.

17) تووشی ئازارێ وای دەکەم، پێی هەڵبچێ.

18) ئەو هەر ڕاما و هەڵیسەنگاند.

19) ئەی مەرگی بێ؛ خۆی چۆنی لێکداوەتەوە؟

20) دیسان نەژی؛ چۆنی بۆ چوو؟

21) لەپاشانا تواشای کرد.

22) ئەوسا کە ڕووی گرژ کرد و ترش هەڵگەڕا.

23) لەپاشان پشتی هەڵکرد و فیزی نواند.

24) ئەوسا گوتی: ئەم قورعانە - ببێ و نەبێ - جادووێکە لەکۆنەوە دەیگێڕنەوە.

25) ببێ و نەبێ، ئەمە هەر وتەی مرۆیە.

26) بەم زووانە دەیهاوێمە دۆزەقەوە.

27) کوا ئەزانی دۆزەق چییە؟

28) نە دەهێڵێ و نە واز دێنێ.

29) پێستی مرۆ ڕەشەو دەکا و دەبرژێنێ.

30) نۆزدە فرشتەی لەسەرن.

31) ئێمە بێژگە لە فریشتان، کەسمان نەکردۆتە کاربەدەستی ئاگر. بۆیەش ژمارەکەمان وا داناوە تا خودانەناسان بئەزمووین. تا ئەوانەی کە کتێبیان پێ دراوە، هیچ گومانێکیان نەمێنێ. تا ئەوانەش بەباوەڕن، باوەڕیان لە زێدەیی بێ؛ ئەو کەسانەش کە کتێبیان پێ دراوە و باوەڕداران، دوودڵ نەبن. تا ئەوانەی دەغەزێکیان لەدڵدایە و ئەوانەی خودێنەناسن، بێژن: خودا لەم نموونە نیشان دانە چەی ویستگە؟ ئاوا خودا هەرکێی بوێ گومڕای دەکا و کێی بوێ شارەزای دەکا. پێشمەرگەی پەروەرندەی تۆش - لە خوا بەدەر - کەس ژمارەیان نازانێ. باسی دۆزەق هەر بەتەنیا بۆ بیرەوەری مرۆیە.

32) نەچن باوەڕی پێ نەکەن؛ سوێند بەم هەیڤە؛

33) بەو شەوگارەش کە ڕادەکا،

34) بەو سپێدەی ڕووبەندی خۆی وەلا دەدا،

35) ئەم ئاگرە یەک لە بەڵا گەورەکانە؛

36) ترس وەبەر مرۆ هێنە.

37) کێ لە ئێوە مەیلی لێ بێ بێتە پێشێ، یان بگەڕێتەوە دواوە.

38) هەموو کەسێک لە گرۆی کردەی خۆیدایە.

39) جا مەگین دەستە ڕاستیەکان،

40) لەناو باخان پرسێ لە یەکتری دەکەن،

41) سەبارەت بە گوناهباران:

42) چی ئێوەی دە دۆزەق کێشا؟

43) ئێژن: ئێمە لەڕێزەی نوێژکەران نەبووین؛

44) خۆراکیشمان بە هەژاران نەدەبەخشی؛

45) لە کۆڕی هەرزەبێژاندا، ئێمەش لە هەرزەوێژان بووین؛

46) باوەڕیشمان بە ڕۆژی سەڵایە نەبوو؛

47) تا مردنمان لێ میوان بوو.

48) ئیتر تکای تکاکاران، هیچ بەهرەیەکیان بۆ نادا.

49) چییان بوو، لە وەبیرهێنەوە ڕەوینەوە؟

50) دەتوت ئەوان گۆڕەخەرگەلی ڕەڤۆکن،

51) کە لە ترسی شێر هەڵاتوون.

52) بەڵکوو هەریەک لەوانە وایان گەرەک بوو نامەی وەکریی بۆ بێنن.

53) هەرگیز، بەڵکوو لە ڕۆژی پەسڵان ناترسن.

54) هەرگیز، دیارە ئەم قورعانە بیرهێنەرە.

55) کێ کەیفی لێ بێ وەیخوێنێ.

56) هیچ کەسیش نایخوێنێتەوە مەگین خودا مەیلی لێ بێ. خودا شیاوی لێ ترسانە و بۆ خەتابەخشیش هێژایە.