73- موززەممیل

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  497 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) ئەی ئەو کەسەی خۆت بە جلکان داپۆشیوە!

2) شەو هەستەوە؛ مەگین کەمێ،

3) لە نیمەکەی؛ یان کەمێکی لێ دابڕە؛

4) یان کەمێکی دەسەر بخە. ئەم قورعانەش بە لەسەرخۆیی بخوێنە و بە ڕەوانی.

5) بەم زووانە ئێمە وتارێ گرانت دەخەینە سەر.

6) شەونخوونی بۆ ڕامانێ جێدارترە و بۆ وتاریش لەبارترە.

7) لە ڕۆژیشدا مەودای هاتوچۆت درێژە.

8) هەر ناوی پەروەرندەی خۆت بە یاد بکەو لە غەیرەز ئەو، لە هەموو شت بتەکەوە.

9) پەروەرێنی خۆرهەڵات وخۆراوایە؛ بە غەیرەز ئەو هیچ شت بۆ پەرستن نابێ. هەر ئەو بریکار بگرە.

10) بۆ ئەو قسانەش کە ئەیکەن، خۆڕاگر بە. لێشیان لادە؛ بە لالێدانێکی پەسند.

11) لە منیش گەڕێ دەگەڵ ئەو بێباوەڕانەی نازپەروەردە. تۆش مەودایەکیان بدەیە.

12) بێ سۆ زەنجیری سەنگین و جەهەندەم لە لای ئێمەیە.

13) خۆراکێکی گەرووگریش، ئازارێکی زۆر بەژانیش.

14) لەو ڕۆژەدا بۆم ئەلەرزێ و کەژ دەهەژێن، کێوەکان دەبنە گردولکەی ڕەمڵی خزۆک.

15) ئێمە پێغەمبەرێکمان بۆ ئێوە کل کرد، شایەت بێ بەسەرتانەوە؛ هەروەک بۆ ئالی فیرعەون پێغەمبەرێکمان بەڕێ کرد.

16) فیرعەون بەیا پێغەمبەرەکەی نەدەکرد؛ ئەوسا ئێمەش ئازارێکی بەژانمان دا.

17) سا ئەر ئێوە هەر بە بێدینی مانەوە، چلۆن خۆتان دەپارێزن لەو ڕۆژە وا منداڵەکانیش پیر دەکا.

18) عەزمانی پێ شەقار دەبێ. بەڵێنی خواش هەر دێتە جێ.

19) ئەم قوڕعانە بیرەوەرییەکە [بۆمەردم]؛ کێ حەز بکا، بەرەو پەروەرندەی خۆی ڕێگە دەر دەکا.

20) پەروەرندەت ئاگادارە کە تۆ و هێندێک لەو کەسانەی دەگەڵ تۆدان، نزیک دوو بەش لە سێ بەشی ئەو شەوگارە و نیوەیی و سێ یەکیشی، بۆ شەونوێژان هەڵدەستنەوە. هەر خوداشە کە ئەندازە بۆ شەو و ڕۆژان دادەنێ. ئەو دەزانێ هەرگیز بۆتان ناژمێردرێ. ئەوا چاوپۆشیی لێ کردن. دەسا هەر لە قورئانەکە - چەندی بۆو دەلوێ - بخوێنن. خوا دەیزانێ هێندێکوو نەخۆش دەکەون؛ هێندێکیشتان بۆ بژیوێ خودا بیدا، بەوڵاتا بڵاو دەبن؛ کۆمەڵێکیش لە ڕای خودا دەچنە خەزا؛ سا چەندی بۆتان بووز دەخوا، لێی بخوێنن. نوێژبکەن و زەکات بدەن و ماڵی خۆتان بە دەستەواو - بە دەستەواوێکی پەسند - بدەن بە خوا. هەر پێش بارێ بەڕێی بکەن، باشترەکەی لای خودا پێو دەگاتەوە؛ وێڕای پاداشی گەورەتر. هەر بووردن لە خوا بخوازن؛ خوا لە گوناهان خۆش دەبێ و دلۆڤانە.