72- جین

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  508 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) بێژە: پێم ڕاگەیەنراوە، چەند کەسێ لە جنۆکان گوێیان هەڵخست؛ ئەوسا وتیان: ئێمە قورئانێ سەیرمان بیست.

2) بۆ ڕاستەڕێیە ڕێبەرە و ئێمە باوەڕمان پێ هێنا و هەرگیز کەسێ ناکەینە شەریکی خودا.

3) زۆر بڵندە شکۆی پەروەرێنی ئێمە؛ نە ژنی پەیدا کردووە نە فرزەندێک.

4) دیارە بێئاوەزەکەمان دەربارەی خوا قسەی توڕڕەهاتی دەکر.

5) ئێمە پێمان وا بوو هیچکەس – لە مرۆڤ و لە جنۆکە – هیچ درۆیەک بە دەم خواوە هەڵنابەستن.

6) دەشمانزانی پیاوانێ لە بەرەی مرۆ، پەنا دەبەن بە پیاوانێ لە جنۆکە و سەرکێشییان پتر دەکەن.

7) ئەوانیش - هەر وەکوو ئێوە - لایان وا بوو هەرگیز خودا هیچکەس زیندوو ناکاتەوە.

8) ئێمە گەینە ئەم عەزمانە، دیمان پڕە لە پاسداری توند و تۆڵ و ئەستێرەگەلێ ڕادەخشن.

9) ئێمە لە چەند شوێنێکەوە ڕۆدەنیشتین کۆڵە بکەین؛ هەر کەسێکی لەمە بەو لا کۆڵە بکا، مەشخەڵێکی دەبینێ لە بۆسەیدایە.

10) تێش نەگەیوین ئاخۆ دەربارەی ئەوانەی لە زەمیندان، بڕیاری خراپ دراوە، یان پەروەرێنیان ویستوویە ڕاستەڕێیان نیشان بدا.

11) لەناو مەشدا کارچاک هەن و تێشماندا هەیە وا نییە؛ ئێمە گەلێ ڕێگەمان وەبەر خۆ داون.

12) ئێمە لەوە تێگەیشتووین کە لە زەمین دەرەقەتی خودا نایەین؛ تەنانەت بە هەڵاتنیش لە دەستی ئەو ڕزگار نابین.

13) وەختێ ئێمە ئەو ڕێ نیشاندەرەمان بیست، باوەڕی خۆمان پێ هێنا. هەر کەسێکیش بڕوای بە پەروەرندەی بێ، نە لە کەم بوونێ دەترسێ، نە لە غەدر لێ کردنێ.

14) وا هێندێکمان موسوڵمانین، هێندێکیشمان لە ڕێ لادەر؛ ئەوانەی کە موسوڵمانن، ڕێگەی ڕاستیان دیوەتەوە.

15) ئەوانەش کە لە ڕێگەی ڕاس لایان داوە، دەبنە ئێزنگی جەهەندەم.

16) گەر ئەوانیش هەر لەسەر ئەم ڕێگەیە بن، بێگومانە لە ئاوێکی زەبەندە تێراویان دەکەین.

17) هەتا لەوێدا بیانئەزمووین، هەرکەسێکیش لە یادی پەروەرندەی خۆی کلا ببێ، ئازارێکی زۆر دژواری بەسەر دێنێ.

18) مزگەوتەکان ماڵی خودان؛ دەگەڵ خودا، هاواری کەسی تر مەکەن

19) لەو دەمەشدا کە عەبدی خودا هەڵوێستا نوێژێ بکا، هەروخت بوو لەسەری ببنە پارچەیەک.

20) بێژە: ئەمن هەر هاوار لە پەروەرندەی خۆم دەکەم و کەسی لێ ناکەم بە شەریک.

21) بێژە: من لە دەستم نایە زیانێکم بۆتان ببێ؛ یان بووخەمە سەر ڕاستەڕێ.

22) بێژە: من - بەدەر لە خودا - هەرگیز هیچ کەس پەنام نادا و لای ئەو نەبێ، هیچ ئەنوایەکی شک نابەم.

23) جا مەگین ڕاگەیاندنێک لە خوداوە و گەیاندنی پەیامانی. هەر کەسێکیش نافەرمانیی خودا و پێغەمبەری بکا، بەشی ئاگری دۆژەهە؛ تاهەتایە.

24) تا ئەو کاتەی ئەوەیان دێتە بەرچاوان کە بەڵێنیان پێ دراوە. جا دەزانن کێ یاوەری بێ هێزترە و لە ژمارەشدا کەمترە.

25) بێژە: هیچ ئاگام لێ نییە ئەوی بەڵێنوو پێ دەدرێ، نزیکە یان پەروەرندەم مەودایەکی بۆ داناوە.

26) لە نەدیاران ئاگادارە و نهێنیی خۆی بۆ کەسێ ئاشکرا ناکا؛

27) مەگین بۆ ڕاسپاردێکی لێی ڕازی بێ؛ ئەوسا لە پێش وپاشیەوە پاسەوانان بەڕێ دەکا.

28) تا بزانێ بە دروستی پەیامگەلی پەروەرندەیان ڕاگەیاند. هەموو شتیشیان دەزانێ و هەموو شتی هەژماردووە.