71- نووح

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  497 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) ئێمە نووحن بەڕێ کردە لای هۆزەکەی، کە: هۆزەکەت بترسێنە بەر لەوە تووشی ئازاری بەژان ببن.

2) وتی: گەلۆ! من بۆ ئێوە ترسێنەرێکی ئاشکرام و [پێو ئێژم]:

3) خواپەرستی بکەن و لێی بترسن و بە گوێم بکەن.

4) لە گوناهانو دەبورێ و دەتانهێڵێ تا ماوەیێ دیاری کراو؛ چون هەرگا خوا ئاکامی هات، وە دوا ناخرێ، بریا ئەوەتان زانیبا.

5) وتی: ئەی پەروەرندەی من! بە شەو و ڕۆژ بانگم کردن،

6) بەڵام بە بانگ کردنی من، پتر لە پێشوو ڕەوەک بوون.

7) هەرچەندی من تێم گەیاندن، کە تۆ لە گوناهیان ببووری، گۆشی خۆیان بە تبلەکانیان ئاخنی و خۆیانیان دە جلکان پێچا و پێیان داگرت و خۆیانیان زۆر بە زل زانی.

8) هەمیسان بە دەنگی بەرز بانگم کردن.

9) لە دواییشدا، بە ئاشکرا و پەنامەکی تێم گەیاندن.

10) هەر پێم گوتن: داوای بوردن لە پەروەرندەتان بکەن؛ ئەو بێگومان زۆر لێبورە.

11) تا لە حەواوە بارانێک پەڵەدەرتان بۆ بنێرێ.

12) بە دارایی و بە کوڕانیش یاریو بدا و باغاتوو بۆ پەیدا بکا و جۆبارتان بۆ وەدی بێنێ.

13) چۆن لە شکۆی خوا ناترسن؟

14) کەچی ئێوەی پلەپلە وەدی هێنا.

15) ئاخۆ بە چاو نەتاندیوە چتۆ خودا حەو بەرزاییی - توێ لەسەر توێ - ئافراندووە؟

16) لەناویاندا هەیڤی تریفەدار کرد و خۆریشی کردە چرایەک.

17) هەر خودایە ئێوەی لەم زەمینە ڕواند، بە ڕواندن.

18) پاشان دەوباتەوە ناوی و دیسان دەروو دەکاتەوە، بە دەرکردن.

19) هەر خودایە هەردی بۆ کردوون بە ڕایەخ؛

20) کە هوون لە ڕێگە پان و بەرینەکانا، بێن و بچن.

21) نووح وتی: ئەی پەروەرندەم! ئەمانە لە من یاخی بوون؛ ئەمانە شوێن کەسێ کەوتوون کە سامان و فرزەندانی - غەیرەز زەرەر - هیچی لەوان زێدە نەکرد.

22) فێڵیشیان کرد؛ بەڵام فێڵێکی جانانە.

23) وتووشیانە: لەوانەی پەرستووتانن مەتەکنەوە و هەرگیز لە «وەدد» و لە «سواع» دەس بەر مەدەن؛ لە «یەغوس» و «یەعوق» و «نەسر»یش هەر وەتر.

24) زۆریشیان گومڕا کردووە؛ دە تۆش - بەجگە لە گومڕایی - هیچێ لەم ستەمکارانە زێدە مەکە.

25) بەرانبەر بە گوناهەکانیان، بە ئاو خنکان؛ ئەوسا خرانە ناو ئاگر. ئیتر لەم خودایە بەدەر، یاریدەریان پەیدا نەکرد.

26) نووحیش وتی: پەروەرندەم! لەم سەر هەردە ئەوکەسانەی تۆ ناناسن، جووقەواریان لێ مەهێڵە.

27) چونکە ئەگەر بیانهێڵی، عەبدانت گومڕا دەکەن و هەر زارۆیەکیشیان ببێ، تاوانبار و سپڵە دەبێ.

28) پەروەرێنم! من و داک و بابی من و ئەوانەی بە باوەڕەوە لە ماڵمدان و پیاوەکان و ژنەکانی خاون باوەڕ عەفوو بکە و ناهەقانیش بە جارێ تەرت و توونا کە.