70- مەعاریج

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  521 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) یەک داوای کرد ئازارێ بێ،

2) بۆ لە خودا بەدوورەکان، هیچ لەمپەری نەیەتە بەر.

3) لە خوای خێوی چەند پلەوە.

4) فرشتەکان و جوبڕائیل لە ڕۆژێکا بەرەو ئەو پێ هەڵا دەچن، کە ڕێی پەنجا هەزار ساڵە.

5) تۆ خۆ بگرە بەخۆگرتنێکی پەسند.

6) ئەوان بە دووری دەبینن.

7) ئێمەش نزیکی دەبینین.

8) ڕۆژێ عاسمان وەک حەلاندی کانزا دەبێ؛

9) کەژانیش وەک هری دەبن؛

10) ئاواڵ لە ئاواڵ ناپرسێ؛

11) لەبەر یەکتریان ڕادەنێن؛ تاوانبار فرە حەز دەکا - بۆ ڕزگاری لە ئازاری ئەوێ ڕۆژێ - لەباتی خۆی، کوڕەکانی،

12) هاوسەریشی، براکەشی،

13) ئەو بەشە لە هۆزەکەشی - کە ئەو دە پەنای خۆ دەگرن -

14) هەرچی لەسەر زەویش هەیە، گشتی بدا و ڕزگار ببێ.

15) هەرگیز نابێ، ئەمە بڵێسەی ئاگرە.

16) پێستی سەر ئازای ئەندامی دادەڕنێ.

17) بانگێشتنی کەسێ دەکا کە پشتی کردە دینەوە و ئاوڕی وێ نەدایەوە؛

18) ئەوە کە کۆی دەکردەوە و دەیخستە ناو سنووقەوە.

19) بێ سۆ مرۆ بێ تابشت و زۆر چاوچنۆک، چێ کراوە.

20) هەر تووشی ناگوزووری بوو، هاوار دەکا.

21) ئەگەر دەکەوێتە خۆشیش، چکووسێکە.

22) مەگین ئەوانەی نۆژخۆنن؛

23) ئەوکەسانەی قەد نایەڵن نوێژیان بچێ؛

24) ئەوی لە سامانیشیاندا بەشێک هەیە،

25) بۆ پارسەک و دوورەبەشان؛

26) ئەو کەسانە کە بڕوایان بە ڕۆژی سەڵا هەیە؛

27) ئەوانەش کە لە ئازاری پەروەرێنیان نیگەرانن؛

28) کە ئازاری پەروەرێنیان، بۆ ئارخەیان بوونێ نابێ.

29) ئەو کەسانەی کە جێ شەرمیان دەپارێزن؛

30) مەگین لە ڕووی ژنی خۆیان یان ئەوانەی کەنیزیانن، ئەوسا سەرکۆنە ناکرێن.

31) سا هەر کەسێ بەدەر لەمانە بخوازێ، ئەوانە لە قاس لادەرن.

32) ئەو کەسانەش کە ڕاگری ئامانەتی و بەڵێنیانن؛

33) ئەو کەسانەش شایەتی بەڕاستی دەدەن؛

34) ئەو کەسانەش کە لەسەر نمێژەکانیان چاوەدێرن؛

35) ئەوانە لەناو باخاندا بە ڕێزەوە وەرگیراون.

36) دەی ئەو بێدینانە چیانە؟ دێنە لات و بە مۆنێکەوە دەڕوانن.

37) دەستە دەستە لە ئالیی ڕاست وچەپەوە.

38) ئاخۆ هەر یەکێک لەمانە بەتەمایە کە بچێتە ناو بەهەشتی بە خێر و بێر؟

39) هەرگیز ناشێ؛ ئەوان بۆ خۆیان دەزانن کە لە چیمان دروس کردوون.

40) سا سوێند ئەخۆم بە دانەری خۆرهەڵات و خۆرئاوایان، ئێمە لە وزەماندایە،

41) کە بیانگۆڕین و چاتریان بێنینە جێ؛ کەس پێشی ئێمەش ناکەوێ.

42) سا تۆ لەوانە وازبێنە با هەر چەنەچەن بکەن و گەپێ بدەن، تا تووشی ڕۆژی خۆ دەبن کە وا بەڵێنیان پێ ئەدرێ.

43) ئەوێ ڕۆژێ لە گۆڕستان دێنە دەرێ، هێند بەپەلەن ئێژی بەرەو بتان دەچن.

44) چاوشۆڕن و سووکایەتی دەوری داون؛ ئەمە ئیتر ئەو ڕۆژەیە کە وا بەڵێنیان پێ دەدرا.