69- حاققە

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  605 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) کارەساتەکە ڕوو دەدا.

2) کام کارەسات؟

3) تۆ چوزانی ئەو کارەساتە چلۆنە؟

4) سەموود و عاد ڕووداوە دڵکوتەکەیان بە درۆ دانا.

5) هۆزی سەموود بە نەعرەتێکی بێ وێنە، قڕانیان کرد.

6) هەرچی هۆزەکەی عادیش بوو، بە بایەکی هەرە بەهێز لەبەین چوون.

7) ماوەی حەو شەو و هەش ڕۆژان، بەبێ وچان، ناردیە سەریان. لەم ماوەدا لاشەیان لێ تخێڵ ببوون؛ دەتوت کۆتەرەی دارخورمای ناو زڕاون.

8) ئاخۆ ئەتۆ پاشماوەیەکیان دەبینی؟

9) فیڕعەونیش ئەوانەی بەر لەویش بوون و مەردمی شارە ژێروڕوو کراوەکانیش، خەتایان کرد.

10) دژایەتیی پێغەمبەری پەروەرندەی خۆیان دەکرد. سا گرتیانی، گرتنێ لە ڕادەبەدەر.

11) ئێمە - کاتێ لەهی هات و بواری بڕی، لەو شتەدا کە بەسەر ئاودا دادەگەڕێ - هەڵمانگرتن.

12) تا بیکەینە بیرهێنەرەوە بۆ ئێوە و ئەو گوێیانەی لەسەر هەستن، وەریبگرن.

13) ئەوسا هەرگا تەنیا جارێک دە کەڵەشاخ دەمێندرا،

14) ئەم زەمینە و کەژەکانیش هەڵگیران و یەکجارەکی تێک دەتەپێن،

15) سا ئەو ڕۆژە بەسەرهاتەکە ڕوو دەدا.

16) ئەم عاسمانانە قەڵش دەبا و لەو ڕۆژەدا فشەڵەیە.

17) فرشتە دەچنە کەناران و تەختی پەروەرندەی تۆ، لەسەر سەری ئەوانەوە - لەو ڕۆژەدا - هەشت فرشتە هەڵیدەگرن.

18) ئەو ڕۆژە ئێوە ڕادەنێن و هەرچی بۆ شاردنەوەیە لە ئێوە حەشار نادرێ.

19) ئەوسا هەرکێ نامەی کردەی نرابێتە دەستی ڕاستی، ئێژێ: وەرن نامەکەی من بخوێننەوە.

20) من سوور دەمزانی کە تووشی لێپرسینەوە هەر دەبم.

21) ئیتر ئەو لەناو ژیانێکی خۆشدایە؛

22) لە بەهەشتێکی بەرزایە؛

23) میوەی وا لەبەر دەستایە.

24) سا بخۆن و بخۆنەوە نۆشی گیانوو؛ ئەمە بۆ ئەو کارانەیە کە لە ڕۆژانی ڕابردوو کردووتانە.

25) بەڵام کەسێ کە نامەکەی دەنێتە لەپی چەپیەوە، ئێژێ: خۆزی نامەی خۆمم پێ نەدرایە.

26) نەشمزانیبا دەربارەم چیی تێدایە.

27) خۆزی ئەوسا مردنم یەکجاری بوایە.

28) سامانم بەهرەی بۆم نەبوو.

29) دەستەڵاتم وا لەبەین چو.

30) سا بیگرن و زنجیری کەن.

31) ئەوسا بۆ دۆژەهی ببەن.

32) پاشان لەناو زنجیرێکی حەفتێ گەزی شەتەک دەن و ڕەکێشی کەن.

33) ئەو باوەڕی بە خودای مەزن نەدێنا.

34) بۆ نان دان بە هەژارانیش هیچ کەسی دنە نەدەدا.

35) جا ئەمڕۆ لێروکانەدا، چ دۆستی نین.

36) خواردن نییە، مەگین کێماوی زامداران.

37) نایخۆن، مەگین خەتاکاران.

38) سا سوێندەکە بەو شتەی ئێوە دەیبینن،

39) بەوەش کە ئێوە نایبینن،

40) ئەوە قسەی ڕاسپێراوێ بەرکەتییە.

41) نە وتەی هەستیاریشە؛ کەمتر باوەڕێ دەهێنن.

42) وتەی فاڵگرەوەش نییە. کەم وایە بیر بکەنەوە.

43) ناردراوەتە خوارەوە، لە وەدیهێنی گش جیهان.

44) ئەگەر هێندێ لە قسەکانی بە دەم ئێوەوە کردبا،

45) گومان نیە، بە هەموو توانا دەمانگرت.

46) ئەوسا ڕەگی لاملیشیمان هەڵدەبڕی.

47) کەسیش لەنگۆ نەیدەتوانی لەمپەری بێ.

48) ئەم قوڕعانە بیرەوەرییە بۆ ئەوانەی خۆپارێزن.

49) بێگومان ئێمە دەشزانین تێتاندا هەن باوەڕ نەکەن.

50) دیارە ئەمە حەسرەتیشە بۆ ئەم خودانەناسانە.

51) کە دیاریشە ڕاستێکە هیچ گومانێکی تێدا نییە.

52) تۆ بە یادی ناوی پەروەرندەی گەورەت، هەر پەسنی پاکیی ئەو بدە.