68- قەڵەم

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 4 خولەک  700 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) نون، سوێند وە بنووس، بەوەش کە دێتە نڤیسین،

2) وەسای چاکەی پەروەرندەت، تۆ لێوە نیت.

3) تۆ پاداشی واشت هەیە دوایی نایە.

4) ئاکاریشت فرە بەرزە.

5) زوو دەبینی، ئەویش چاویان پێ دەکەفێ،

6) کێ لە ئێوە شێتایەتیتان تێدایە.

7) بێگومان پەروەرندەی تۆ چاتر بەوانە دەزانێ کە ڕای ئەویان گوم کردووە؛ باشتریشی ئاگا لێیە، کێن ئەوانەی شارەزای ڕێن.

8) سا تۆ ناشێ بە فەرمانی ئەو بێباوەڕانە بکەی.

9) حەز دەکەن گەر تۆ نەرم بی، ئەوانیش نیانی بنوێنن.

10) نابێ گوێش بەو کەسە بدەی، کە زۆر سۆندخۆرە، خوێڕییە؛

11) هەر تانە لە خەڵک دەدا و قسە بۆ ئەم و ئەو دەبا؛

12) لە کاری چاکە لەمپەرە؛ شەڕفرۆشە، تاوانکەرە؛

13) ڕەزا قورسە، لەپاش ئەمەش زۆڵێکە خۆی سەپاندووە؛

14) هەر بەو هۆیە کە زەنگینە و چەند کوڕی هەن،

15) گەر نیشانەکانی ئێمەی بۆ وەخوێنن، ئێژێ: ئەمە چیرۆکی پێشینەکانە.

16) بەم زووانە سەری بێڤلی داغ دەکەین.

17) ئێمە ئەوانەمان ئەزموو، وەک خاوەنانی باغەکەن بەر ئەزموون دا، کە سوێندیان خوێند: سۆزی بەری باخەکەیان هەموو دەڕنن.

18) «ئەگەر خوا حەز کا» شیان نەوت.

19) ئەوساکە ئەوان خەوتبوون، لەلایەن پەروەرندەتڕا بەڵایەکی بۆ داباری.

20) ئیتر وەکوو زەمینێکی سووتاوی قاقڕی لێ هات.

21) ئەوسا سۆزی، هەموو بانگی یەکتریان کرد:

22) ئەگەر ئێوە میوەڕنن هەر بەیانی بگەنە سەر کێڵگەی خۆتان.

23) ڕێوە چوون و پێکەوە چپەیان دەکرد:

24) کە نابێ ئەمڕۆ چ هەژار بێتە ناو باخەکەی ئێوە.

25) بڕیاریان دا کە مەرجەکەیان بەجێ بێنن؛ واشیان دەزانی کە دەتانن.

26) وەختێ چاویان پێدا گێڕا، وتیان: ڕێمان لێ تێکچووە.

27) نەخێر، ئێمەین بەش بڕاوین.

28) بەئاوەزترینەکەیان گوتی: ئەدی پێم نەوتن بۆ پەسنی پاکی خوا نادەن!؟

29) گوتیان: ئێمە پەروەرندەی خۆمان بە دوور لە کەمایەسی دەزانین؛ ئێمە ناهەقیمان دەکرد.

30) ئەوسا ڕوویان کردە یەک و سەرکۆنەی یەکتریان دەکرد.

31) وتیان: هەی ماڵ وێران خۆمان، ئێمە هەڵەڕۆییمان کرد.

32) شایەتا پەروەرندەمان لەوە چاترمان بداتێ؛ ئومێدمان هەر بە پەروەرندەی خۆمانە.

33) ئازاری [دنیا] ئاوایە. گەر بزانن، بێگومان ئازاری دواڕۆژ دژوارترە.

34) بۆ ئەوانەی خۆپارێزن، لجەم پەروەرندەی خۆیان باغاتی پڕ خۆشی هەیە.

35) ئاخۆ ئێمە باوەڕداران وەکوو بەدکاران دادەنێین؟

36) چیتانە؟ کوو پێ ڕادەگەن؟

37) ئاخۆ کتێبێکتان هەیە کە لەوێدا دەیخوێننەوە؟

38) هەرچی خۆتان دەتانەوێ تێیدا هەیە؟

39) یان سوێندێکتان لەسەرمانە کە هەتا ڕۆژی سەڵایە هەرچیتان دەوێ ئەو بێ؟

40) لێیان پرسە: کێ دەستەبەری ئەم کارەس؟

41) یان چەند شەریکێکیان هەیە؟ ئەگەر ڕاستن، با شەریکەکانیان بێنن.

42) ئەوێ ڕۆژێ - کە لە تاوان - دەرپێ دە لینگان دەکەون و پێیان دەڵێن سوژدە ببەن و ناتوانن.

43) چاو دادەخەن و زەبوونی دایاندەگرێ؛ کە ئەمانە ئەوساکە ساق وچاقیش بوون، پێیان وتوون سوژدە بەرن.

44) تۆ من بێڵە بۆ ئەوانەی بەم قوڕعانە باوەڕ ناکەن؛ کەم کەم بۆیان لەدوو دەدەم، کە هەر خۆشیان پێ نەحەسێن.

45) مەودا و ماوەشیان پێ دەدەم؛ فێڵم زۆر بەڕێوجێیە.

46) ئاخۆ تۆ کرایەی کارت لەوان دەوێ، کە لەژێر باری دەرنەچن؟

47) یان تەتەڵەی نهێنیەکانیان لە لایە و بۆ خۆیان خەتی لێ دەدەن؟

48) دەسا تۆ هەر بۆ فەرمانی پەروەرندەت خۆڕاگر بە؛ نەچی وەک یارۆی ماسی بی، کە لە داخانا هەر پیشی دەخواردەوە و ئەوساکە دەپاڕایەوە.

49) ئەر دلۆڤانی پەروەرندەی وە فریای نەکەوتایە، بێ سۆ بە سەرکۆنەکراوی فڕێ ئەدرایە ڕۆتەنێک.

50) ئەوسا پەروەرندەی، ئەوی هەڵبژارد و کردی بە یەک لە پیاوخاسان.

51) وەختێ خودانەناسەکان قورعانیان بیس، هەر وەختا بوو بە چاوانیان هەڵتدێرن. دەشیانگوت: بێگومان دینە.

52) کە هەر بیرەوەرییەکیشە بۆ هەموو خەڵکی دنیایە.