67- موڵک

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 4 خولەک  606 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) مەزنایەتی و پایەبەرزی بۆ ئەو کەسەی، خونکاری بە دەس خۆیەتی و لەسەر هەموو شت توانایە.

2) ئەوە کە مردن و ژینی داهێناوە، تا ئێوە تاقی کاتەوە کامتان ئاکاری جوانترە. هەر ئەویشە لێبوردەی خاوەن دەستەڵات.

3) ئەوکەسەی حەو ئاسمانی چین لەسەر چینی سازداوە. لە دەسکاری ئەو خودایەدا هیچ ناڕێکییەک نابینی. جارێکی تر تماشا کە، ئاخۆ قەڵشێکی تێدایە؟

4) دیسانەوە چاوی پێدا بگێڕەوە. سۆمای چاوت بە داماوی و بە ڕاماوی بەرەو خۆت دەگەڕێتەوە.

5) ئێمە ئاسمانی دنیامان بە زۆر چرا ڕازاندەوە. کردیشمانن بە کەرستەی ڕاوەدوو نانی شەیتانان. ئازاری گڕپەداریشمان بۆ ساز کردون.

6) بۆ ئەوانەش کە بڕوایان بە پەروەرندەیان نییە، جەزرەبەی جەهەندەم هەیە و ئای چ ئەنجامێ خراپە!

7) گەر دەیانهاوینە ناوی، نێڵەنێڵی جەهەندەمیان گوێ لێ دەبێ و هەر هەڵدەچێ.

8) وەختە لە داخا شەق بەرێ. تا جوونێکی تێ داوێژن، گزیرەکانی جەهەندەم پێیان ئێژن: ئاخۆ ئێوە ترسێنەرتان نەهاتە لا؟

9) ئێژن: بەڵێ، ترسێنەر هاتبووە لامان؛ ئەوسا باوەڕمان پێ نەکرد و گوتمان: خوا هیچ شتی نەناردۆتە خوار؛ ئێوە بێ سۆ لەناو گومڕایی گەورەدان.

10) ئەشڵێن: ئەگەر گوێ بیس باین یاخۆ تێ گەیباین، نەدەبووینە یارانی ئەم ئاگردانە.

11) ئاوا گوناهانی خۆیان پێ لێ دەنێن. هەی لە ئارادا نەمێنن ئەم هەواڵانی دۆژەهە!

12) ئەوکەسانەی - لە نەدیدە - لە پەروەرێنیان ئەترسن، لێخۆشبوون و پاداشی گەورەیان هەیە.

13) ئێوە سرتە قسە بکەن، یان وە دەنگی بەرزی بێژن، ئەو لە ڕازێ کە بە دڵاندا دەبوورێ ئاگادارە.

14) ئاخۆ کەسێ ئافراندوویە، چۆن نازانێ؟ وردیلەبین و ئاگادار، هەر خۆیەتی.

15) ئەوە کە ئەم زەمینەی بۆ کەوی کردوون، شانەوشان تێیدا بگەڕێن و لە بژیوەکەی بخۆن. هەستانەوەش بۆ لای ئەوە.

16) ئاخۆ ئێوە لەو کەسەی لە ئاسمانە ترسوو نییە، کە بە هەردا ڕۆتان بەرێ و لەپڕ زەوین بێتە لەرین؟

17) ئاخۆ ئێوە لەو کەسەی لە ئاسمانە ترسوو نییە، باڕنێکی زیخ و چەوتان لێ هەڵبکا؟ ئەوساکە زوو پێدەزانن هەڕەشەی من چتۆ بووە.

18) خۆ بەر لەوانەش هەر هەبوون بە نیشانەکانی منیان بڕوا نەبووە؛ سا چۆنیان بە گژدا هاتم.

19) ئاخۆ ئەوان ئەو مەلانەیان نەدیون کە لەسەرووی ئەوانەوە لەنگەریانە و باڵ لێک دەدەن؟ غەیرەز خودا کێ دەتوانێ ڕاگیریان کا؟ خودا بۆ خۆی لە هەموو شت چاوەدێرە.

20) ئاخۆ بەغەیری ئەو کێیە سوپا و یاریدەدەرتان بێ؟ نەخێر خودانەناسەکان [بەخۆبینی] خەڵەتاون.

21) ئەدی کێیە ئەو کەسەی بژیوتان دەدا، ئەگەر بژیوی لێ بڕین؟ نەخێر ئەوان لەسەر خۆ بە زل زانین و ڕەوینەوە پێداگرن.

22) ئاخۆ کەسێ دەمەوڕوو بە هەردا دەخشێ چاکتر بە ڕێگە دەزانێ، یان ئەو کەسەی بە ئاسایی بەسەر ڕاستەڕێدا دەڕوا؟

23) بێژە: ئەوە کە ئێوەی وەدی هێناوە و گۆش و چەم و دڵی دانێ. ئێوە کەمتر شوکرێ دەکەن.

24) بێژە: ئەوە کە ئێوەی لەم زەمینەدا پەرژ و بڵاو کردۆتەوە؛ لای ئەویش کۆ دەکرێنەوە.

25) دەشڵێن: ئەگەر ئێوە ڕاستن، ئەو بەڵێنەو کەی دێتە جێ؟

26) بێژە: تەنیا خودا لەمە ئاگادارە. من هەر ئەوەندەم لەسەرە پێتان بێژم: دەبێ لە خودا بترسن.

27) جا ئەو کاتەی لە نزیکەوە دەیبینن، خوانەناسان چڕ و چاویان گرژ دەبێ و پێیان ئێژن: وا ئەمەیە کە ئێوە داواتان دەکرد.

28) بێژە: بە من بێژن ئەگەر، خودا من و ئەو کەسانەی لەگەڵ منن لەناو بەرێ، یان بەر بەزەییی خۆیمان خا، دەی سا کێ خودانەناسان لە ئێش و ژان دەپارێزێ؟

29) بێژە: ئەوە خوای دڵاوا؛ باوەڕیمان پێ هێناوە و خۆمان هەر بەو سپاردووە؛ ئەنگۆش هەر بینا زانیتان کێ ئاشکرا گومڕا بووە.

30) بێژە: بە من بێژن ئەگەر ئاوەکەتان ڕۆ چوو بەناخی زەوینا، ئەوسا کێ ئاوی زەڵاڵی ڕەوانتان دە فریا دەخا؟