66- تەحریم

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  642 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) ئەی پێغەمبەر! بۆ ئەو شتەی خودا بە تۆی ڕەوا دیوە - بۆ دڵداریی ژنەکانت - لە خۆتی ناڕەوا دەکەی؟ خوا دەبوورێ و دلۆڤانە.

2) ئەوا خودا بڕیاری دا بە هەڵوەشانی سوێندانوو. هەر خودا مەزنی ئێوەیە و هەر خۆی زانای لەکارزانە.

3) ئەوێ جارێ کە پێغەمبەر لای بڕێ لە هاوسەرانی قسێکی بە سرتە درکاند. جا وەختێ وێ ئەوەی وت بە [هەوێکەی] و خواش پێغەمبەری تێگەیاند؛ پێغەمبەر هێندێ لەو نهێنییەی گوت و لە هێندێکی وازی هێنا. وێ گۆ: ئەمە کێ بە تۆی گوت؟ گوتی: زانای ئاگادار پێی ڕاگەیاندم.

4) باش ئەوەیە کە هەردووکتان بەرەو خوا بگەڕێنەوە. دیارە دڵتان بەرەو ناڕەوا لای داوە. گەر لە دژی ئەم ببنە یەک، ئەوسا خودێ مەزنیەتی و لەمە بەولا جوبرائیل و باوەڕدارانی بەرکەتی و فرشتەکان، پشتی دەگرن.

5) ئەگەر ئێوە تەڵاق بدا، شایەتا پەروەرندەی ئەو ژنانی لەنگۆ باشتری - لەباتی ئێوە - بداتێ؛ ژنانێکی گەردنکەچی بەباوەڕی بەر فەرمانی لە خراپە پەژیوانی خواپەرستانی ڕۆژووگر، لە بێوەژنان و کیژان.

6) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! خۆتان و کەس و کاریشتان لەو ئاگرە بپارێزن کە سووتەنی لە مەردم و لە تەوەنە. فریشتەی بە زەبر و زەنگ و توندوتیژی پێ ڕادەگەن؛ خوا چۆنیان فەرمان پێ بدا، لە فەرمانی دەر ناکەون و هەرچی بەوانی دەسپێرێ بەجێی دێنن.

7) ئەی ئەوانەی خوانەناس بوون! ئەمڕۆ تەوازی پێ ناوێ. دیارە هەرچی کردووتانە هەر لەوە جەزاتان دەدرێ.

8) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بەرەو خوا بگەڕێنەوە، گەڕانەوەی ڕاست و دروست؛ شایەتا پەروەرندەتان گوناهوو لەسەر لابەرێ و بوونێرێتە ناو باغاتێک جۆباریان بەبەردا دەڕوا. لەو ڕۆژەدا خوا پێغەمبەر و ئەوانەی وەل ئەو باوەڕیان هێناوە، سووک و هەناسە سارد ناکا و تیشکی ئەوان لەپێشیان و لە ئالیی ڕاستیانەوە تەڤگەڕیەتی و ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! تیشکەکەمان بۆ زیاتر کە و لێمان خۆش بە؛ خۆت لەسەر هەموو شت توانای.

9) ئەی پێغەمبەر! وەل ئەو خودانەناسانە و ئەو دووڕازانە جەنگ بکە، زەبر و زەنگیشیان نیشان دە. ئەنوای ئەوانە ئاگرە و چارەنووسیان زۆر خراپە.

10) خوا ژنی نووح و ژنی لووت - بۆ ئەوانەی خوانەناسن - بە نموونە دێنێتەوە. هەرتک لەبن دوو عەبدی چاکی ئێمە بوون، غەیانەتیان دەگەڵ کردن. نەیانتوانی لە لای خودا هیچ شتیان دەربارە بکەن. وترا: ئێوەش بڕۆنە ناو ئاگرەوە، وێڕای ئەوانەی دەیچنێ.

11) خودا ژنەکەی فیرعەونیش - بۆکەسانی خاوەن باوەڕ - بە نموونە دێنێتەوە. کە لەبەر پەروەرندەی خۆی پاڕایەوە: تۆ لە لای خۆت لە بەهەشتا ماڵێکم بۆ دیاری بکە و ڕزگارم کە لە فیرعەون و کردەوەی ئەو؛ لە کۆمەڵی ناهەقانیشم ڕاهی کە.

12) مەریەمی کچی عیمڕانیش، ئەوەی شەرمی لە کاری شوورەیی پاراست. ئەوسا ئێمە لە فووی خۆمان تێمان دەماند؛ بە وتار و کتێبانی پەروەرندەی بڕوای هێنا و لە ڕێزەی فەرمانبەران بوو.