65- تەڵاق

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  701 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) ئەی پێغەمبەر! ئەگەر ژنانوو تەڵاق دان، ماوەیەکیان بۆ دیاری کەن و بیبژێرن. لە خودای پەروەرندەتان شەرم بکەن. لە ماڵ خۆیان دەریان مەکەن؛ دەریش نەچن. جا مەگین هەر بە ئاشکرا کارێکی شوورەیی بکەن. ئەمە کەوشەنی خودایە و هەرکێ لە کەوشەنی خودا بەولاتر چێ، ناهەقی لەخۆی کردووە. تۆ چ زانی، لەوانەیە لەپاش ئەمە خوا شتێ تر وەدی بێنێ.

2) سا هەر کاتێ ماوەکەی خۆیان بەسەر برد، ئەوسا بە تەرزێکی پەسند ڕایانگرن یان لێیان جیا ببنەوە؛ بە شێوەیێ کە لەناو خۆتاندا باوە. دوو کەسی ڕاست و دروستیش هەر لە خۆتان لەم کارە ئاگادار بکەن، کە شایەتی بۆ خوا بدەن. هەرکێ بڕوای بە خوا و ڕۆژی سەڵا هەیە، بەمە ئامۆژگاری دەکرێن. هەرکێش لە خودا بترسێ، دەروێکی لێ دەکاتەوە.

3) لە شوێنێکەوە بژیوی بۆ دەنێرێ کە بە خەیاڵیدا نایە. هەرکێ خۆی بە خوا بسپێرێ، ئەوی بەسە؛ خوا بە مەبەستی خۆی دەگا. دیارە خودا بۆ هەر شتێ ئەندازەیەکی داناوە.

4) ئەو ژنانەو کە لە عوزر پێداهاتن ناهێمنن و ئەوانەی کە عوزر ناشۆن - ئەر شکتان بوو - ئەشێ سێ مانگ چاوەنۆڕ بن. ئەوانەش کە سکیان هەیە، ماوەی چاوەنۆڕییەکەیان دانانی سکەکەیانە. هەرکێش لە خودا بترسێ، خودا کاری هاسان دەکا.

5) ئەمە فەرمانی خودایە بۆ ئێوەی ناردۆتە خوارێ. هەرکێش لە خودا بترسێ، خەتاکانی دادەپۆشێ و پاداشی گەورەی دەداتێ.

6) لە هەرکوێدا خۆتان دەژین - بەرانبەر بە دەس ڕۆینتان - جێی ئەوانیش بکەنەوە. هێندەشیان زۆر بۆ مەهێنن کە بیانخەنە تەنگانەوە. گەر مناڵیشیان لە سکدا، ئێوە لێیان بەخت بکەن تا سکەکەیان دادەنێن. ئەوسا ئەگەر شیریان دا بەمنداڵەکەو، کرای خۆیانیان بدەنێ و لەناو خۆتان بەتەرزێ ڕەوا پێک وەرن. خۆ ئەگەر پێکیش نەهاتن، با یەکێ تر بۆی شیر بدا.

7) کێ دارایە لەداراییی خۆی بەخت کا و کێش بژیوی کەم پێ گەیوە، لەوەندەی خودا پێیداوە بەخت بکا. خودا ئەرک ناخاتە سەر کەس، مەگین لەوەندەی پێی داوە. خوا زوو لەپاش تەنگانە فەرحانی دێنێ.

8) شارگەلی زۆر لە فەرمانی پەروەرندەی خۆیان و پێغەمبەرانی وەدەر کەوتن؛ ئەوسا پێمان بژاردنەوە؛ بژاردنەوەیێکی زۆر توند و ئازارمان دان بە ئازاردانێکی دژوار.

9) ئیتر ئاکامی ئاکاری خۆیان چەشی و هەموو بەرهەمی کردەیان هەر زیان بوو.

10) خودا بۆیان جەزرەبەی زۆرتوند وتیژی ئامادە کرد. دەسا ئەی خاوەن ئاوەزان ئەوانەی خاوەن باوەڕن، ئەشێ لە خودا بترسن. ئەوا خودا قورعانی بۆ ناردوونە خوار.

11) پێغەمبەرێکی ناردووە کە نیشانە ڕوون کەرەوەکانی خواتان بۆ وەخوێنێ، تا ئەوانەی بەباوەڕو ئاکار چاکن لەتاریکایی دەربخا و بەرەو ڕۆشناکیان بەرێ و هەرکێش بە خوای بڕوا هەبێ و ئاکار چاک بێ، دەینێرێتە ناو باغاتێک جۆباریان بەبەردا دەڕوا و هەر و هەر، هەر لەوێ دەبن. دیارە خودا بژیوێ باشی دەداتێ.

12) ئەوخودایەی حەوت عەزمان و وەک ئەوانەش، زەمینی وەدی هێناوە؛ فەرمانی بەنێوانیاندا دێت و دەچێ. تا بزانن خوا بۆ هەموو شت توانایە و زانستی خوا هەموو شتی دەورە داوە.