64- تەغابون

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  653 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) هەرچی هەیە و لەناوی ئەو ئاسمانانە و زەمینەیە، پەسنی پاکیی خودا دەدەن. هەر بۆ خۆی فەرمانڕەوایە و سپاس هەر بۆ ئەو ڕەوایە و بۆ هەموو کارێک توانایە.

2) هەر ئەویشە کە ئێوەی وەدی هێناوە. سا هێندێکتان باوەڕوو پێ نەهێناوە و هێندێکیشتان بەبڕوایە. هەر کارێکیش ئێوە دەیکەن خوا دەیبینێ.

3) عەزمانەکان و زەمینی بەڕاستی وەدی هێناوە و وێنەی بۆ ئێوە کێشاوە و شکڵێ فرە جوانی دانێ و هەر بۆ لای ئەویش دێنەوە.

4) هەرچی لەناو عەزمانان و زەمیندایە ئەو دەیزانێ؛ هەر شتێکیش بیشێرنەوە و ئاشکرا کەن، ئەو دەیزانێ و خودا لە نهێنیی دڵان ئاگادارە.

5) ئاخۆ ئێوە دەنگوباسی ئەو کەسانەو پێ نەگەیوە کە پێشوو خودانەناس بوون، سزای کردەوەیان چەشت و تووشی ئازاری بەژان بوون.

6) چونکە ئەوان پێغەمبەرەکانی خۆیان بە بەڵگەی دیاری دەرەوە هاتنە لایان. ئەوسا وتیان: جا چۆن مرۆ دەتوانن ڕێ نیشان مە دەن؟ ئەوسا حاشایان کرد و ڕوویان وەرگێڕا و خوداش پەکی پێ نەکەوت و بێ نیازە و هەرشایانی پەسن دانە.

7) ئەوانەی خوایان نەناسی، پێیان وا بوو هەرگیز زیندوو ناکرێنەوە. بێژە: ئارێ سوێند بە پەروەرندەی خۆم، بێ سۆ زیندوو دەکرێنەوە؛ پێشتان ئێژن کە چکارێکتان کردووە و ئەمەش لای خودا هاسانە.

8) دەسا ئێوە بڕوا بێنن بە خودا و بە پێغەمبەری و بەو ڕووناکییە کە هەناردوومانەتە خوار. خوداش لە هەر کارێ دەیکەن ئاگادارە.

9) لەو ڕۆژەدا کە هەمووتان - لە سەڵادا - کۆوە دەکا، ئەوە ڕۆژی تێشکانە. هەر کەسێ خاوەن باوەڕ و ئاکار چاکە، هەر خراپەیە کردوویە، ڕایدەماڵێ و دەینێرێتە ناو باغاتێک جۆباریان بەبەردا دەڕوا و هەتا سەر هەر تیا دەبن. ئەمەیە دەسکەوتی گەورە.

10) ئەو کەسانەش کە خودایان نەناسیوە و نیشانەکانی ئێمەیان باوەڕ نەکرد، ئەوان یارانی ئاگرن و هەتا سەر هەر تیا دەبن و چارەنووسیان زۆر خراپە.

11) کەس هیچ بەڵای بەسەر نایە، مەگین خودا فەرمان بدا. هەرکێش بڕوای بە خودا بێ، دڵی شارەزای خۆی دەکا و خودا هەموو شت دەزانێ.

12) بەرفەرمانی خودا بن و پێغەمبەر چی وت وا بکەن. خۆ ئەگەر خۆشوو ببوێرن، لە سەر پێغەمبەری ئێمە، هەر هێندەیە - بەئاشکرا - ڕابگەیێنێ.

13) خودای مەزن، بە غەیرەز ئەو هیچ شت بۆ پەرستن نابێ. باوەڕداران با خۆ بە خودا بسپێرن.

14) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! هێندێک لە ژنانی ئێوە و مناڵانوو دژمنتانن؛ خۆتانیان لێ بپارێزن. ئەگەر چاویان لێ بپۆشن و واز بێنن و بیانبەخشن، خوداش لەگوناهـ دەبوورێ و دلۆڤانە.

15) ئەو دارایی و مناڵانەی هەتانن، مایەی ئەزموونن. پاداشێ کە لای خودایە، ئەو هێژایە.

16) دەبێ لە خودا بترسن تا دەتوانن؛ گوێ ڕادێر و بەرفەرمان بن؛ ماڵ لە ڕای خودا ببەخشن، بۆتان چاکە و؛ ئەوکەسانەی لە ڕژدی خۆ دەپارێزن، ئەوانە ڕزگارەکانن.

17) ئەگەر ئێوە وامێ ڕەوا بە خودا ڕەوا ببینن، چەند قات پێتان ئەداتەوە و لە گوناهانوو خۆش دەبێ. هەر خودا بۆ شوکر دەبێ و لەسەرخۆیە.

18) لە پەنامەکی و خۆیایان ئاگادارە؛ بەدەستەڵات و لەکارزانە.