63- مونافیقون

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  522 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) وەختێ دووڕوو دێنە لای تۆ، ئێژن: شایەتیت بۆ دەدەین کە تۆ پێغەمبەری خودای؛ خوداش دەزانێ کە تۆ پێغەمبەری ئەوی و خوا گەواهە کە - بەڕاستی - هەرچی دووڕوون درۆزنن.

2) سوێندی خۆیان کردۆتە قەڵغان خۆیان و لەمپەرن لە ڕێگەی خودا و ئاکاریان زۆر نالەبارە.

3) چونکە ئەمان، بەرێ باوەڕیان هێناوە و پاشان لە دین لایانداوە، جا سەردڵیان مۆرکراوە و دە هیچ ناگەن.

4) ئەگەر چاویشت پێ کەوتن، لە قەڵافەتیان سەیرت دێ. کە دەشپەیڤن و تۆ قسەکانیان دەبیسی، ئێژی دارن بە دیوار هەڵپەسێراون. هەر هەرایەک لە دژی خۆیان دەزانن. ئەو دوژمنن؛ تۆ خۆیان لێ بپارێزە. خوا بیانکوژێ؛ ئەمانە ڕوو دەکوێ دەکەن؟

5) خۆ ئەگەر پێشیان بوترێ: وەرن پێغەمبەری خودا داوای بەخشینوو بۆ دەکا؛ سەر بادەدەن. دەشیانبینی فیز دەنوێنن و خۆ لادەدەن.

6) ئەگەر ئەتۆ داوای بەخشینیان بۆ بکەی، یان داوای بەخشینیان نەکەی، بۆ ئەوان تەوفیری نییە. هەرگیز خودا نایانبەخشێ. خوا گرۆی لە ڕێ لادەران بەرەوخۆی شارەزا ناکا.

7) هەرئەمانەشن کە ئێژن: شتێ مەدەن بەو کەسانەی کە لای پێغەمبەری خودان، هەتا بڵاوەی لێ دەکەن. هەموو سامان و گەنجینەی ئەم عاسمانان و زەمینەش سەر بە خودان؛ بەڵام ئەو دووڕازانە هیچی تێناگەن.

8) ئێژن: ئەگەر گەڕاینەوە بۆ مەدینە، بێ گومان بەدەستەڵاتان، ڕووت و لاتی لێ دەردەکەن. دەستەڵاتیش هەر بۆ خوا و بۆ پێغەمبەری و ئاپۆرەی باوەڕدارانە؛ بەڵام ئەو دووڕازانە هیچێ نازانن.

9) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! سامان و زاروڵەکانتان یادی خواتان نابێ لە بیر بەرێتەوە. ئەوانەی وایان بەسەر دێ، زیانبارن.

10) لەو بژیوەش کە ئێمە پێمان بەخشیون، لە ڕای خودای بەخت بکەن؛ بەر لەوەی یەکێ لە ئێوە مردن تەک بەتەکیەوە دا و، بێژێ: ئەی پەروەرندەی من! بۆچی تا ماوەیێ نزیک مەودات نەدام، کە ئەوسا خێران بکەم و لە ڕیزی کار چاکەکان بم؟

11) هەر کەسێکیش وەختی مردنی هاتبێ، خوا هەرگیز وە درەنگی ناخا. خودا لە هەر کارێ دەیکەن، ئاگادارە.