62- جومعە

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  597 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) هەرچی لەناو عاسمانەکان و زەمینە، پەسنی ئەو خودایە دەدەن کە پادشایەکی پاک و دوور لە هەموو کەمایەسی و بەدەستەڵات و کارزانە.

2) هەر ئەویشە لەناو نەخوێندەواراندا پێغەمبەرێکی لە خۆیان بۆ کل کردن، کە نیشانەکانی ئەویان بۆ وەخوێنێ و لە کتێب و لە کارزانی ڕایانبێنێ؛ هەرچەند ئەوان لە پێشوودا لەو پەڕی گومڕاییدا بوون؛

3) بۆ هێندێ تریش لەمانە، وا هێشتا پێیان نەگەیشتوون. خودا خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە.

4) ئەمە چاکەیە لە خواوە، حەزی لێ بێ دەربارەی هەر کەسی دەکا. چاکەیێ کە لەلای خودایە، زۆر هێژایە.

5) سەرگوروشتەی ئەو کەسانەی تەوراتیان پێ هەڵگرتوون و لەبەر دەرچوون، وەکوو نەقڵی ئەو کەرەیە کە چەند کتێبی لێ بارە. سەرگوزەشتێ نالەبارە بۆ ئەوانەی لە نیشانەکانی خوا حاشایان کرد. خوداش ئەوانەی ناهەقن بەرەو خۆی شارەزا ناکا.

6) بێژە: ئەی ئەوانەی کە جوون! ئەگەر ئێوە پێتان وایە - زیاد لە مرۆ - هەر ئێوە دۆستانی خودان، دەسا ئەگەر گفتوو ڕاستە، مردنی خۆتان بخوازن.

7) هێندیان خراپە کردووە، هەرگیز مردنێ ناخوازن، خوداش لە ناهەقیکاران ئاگادارە.

8) بێژە: ئەو مەرگەی کە ئێوە لێی ڕادەکەن، هەر دەوگاتێ و پاشان هەر دەتانبەنەوە لای زانای نەدیار و دیاران؛ ئەوسا هەر خۆی پێتان ئێژێ چیو کردووە.

9) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! هەر وەختێ لە ڕۆژی هەینی بۆ نوێژی هەینی بانگ ئەدرێ، ئێوە بەلەز بەرەو یادی خودا بچن و کڕین و فرۆتن وێڵ کەن؛ گەر بیزانن، ئەمە بۆ ئێوە خاسترە.

10) هەرگا لەنوێژی بوونەوە، بە هەردێدا بڵاو ببن و بۆ چاکەی خودا بکۆشن و گەلێک یادی خودا بکەن؛ شایەتا ڕزگاریتان بێ.

11) هەرگا دیتیان مامڵەیە یان گەمەیە، بەرەو ئەوێ بڵاو دەبن و تۆ بەپێوە بەجێ دێڵن. بێژە: ئەوی لای خودایە، لە گەمەش و لەبازرگانیش چاترە و خوا چاکترین ڕۆزیدەرە.