61- سەف

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  710 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) هەر شتێکی لە ئاسمانان و زەمیندان، هەر پەسندی خوا دەدەن و هەر ئەو خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە.

2) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بۆ داخێون و کردەوەی بەدوودا نییە؟

3) خودا زۆر لەوە تووڕەیە کە ئێوە شتێک بڵێن و ولۆ نەکەن.

4) خوا ئەو کەسانەی خۆش دەوێ کە بۆ خەزا لە ڕای خودا، ڕیز دەبەستن؛ ئێژی دیواری قوڕقوشمە.

5) کە مووسا بە هۆزی خۆی گوت: گەلۆ! بۆچیم ئازار دەدەن، سوور دەشزانن کە من پێغەمبەری خودام بۆ لای ئێوە؟ وەختێ ئەوان خۆیان لادا، خوداش دڵی وانی لادا. ئەوانەی لە ڕێ دەردەچن، خودا ڕێگەی بەرەو خۆیان نیشان نادا.

6) کە عیسای کوڕی مریەمیش گوتی: ئەی بەرەی ئیسرائیل! ئەمن پێغەمبەری خودام بۆ لای ئێوە؛ ئەو تەوڕاتە دەسەلمێنم کە لەپێش مندا هاتووە؛ مژدەو لێ بێ پێغەمبەرێک لەپاش من دێ وە ناو ئەحمەد. وەختێ بە چەند نیشانەی دیاری دەرەوە هاتە لایان، گوتیان: ئەمە هەر بەئاشکرا جادووە.

7) سا کێ لەوە ناهەقترە درۆ بۆ خوا هەڵدەبەستێ، لە وەختێکا کە بۆئیسلام گازی دەکرێ؟ خودا گرۆی غەدرکاران بەرەو خۆی شارەزا ناکا.

8) گەرەکیانە تیشکی خودا هەر بە فووی دەم وەکوژێنن. خواش تیشکی خۆی هەر سەردەخا؛ جا با خودانەناسانیش خۆشیان نەیە.

9) ئەو خودایە پێغەمبەری خۆی بەڕێ کرد، بۆ ڕێبەری و ڕاگەیاندنی دینی ڕاست، تا سەری خا بە سەر هەموو دینەکاندا؛ جا با بت پەرستەکانیش خۆشیان نەیە.

10) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! دەتانەوەێ مامەڵەیەکتان پێ بێژم کە لە ئازارێکی بەژان ڕزگاروو کا؟

11) بڕواو بە خوا و بە پێغەمبەری ئەو بێنن و بە دارایی و گیانی خۆتان لە ڕای خودا تێ بکۆشن؛ ئەمە بۆ ئێوە باشترە گەر بیزانن.

12) لە گوناهانوو دەبورێ و دەتانباتە ناو باغاتێک جۆباریان بەبەردا دەڕوا و خانووی زۆرخۆش وخاوێنتان لە بەهەشتی هەمیشەییدا دەداتێ؛ ئەمە دەسکەوتی گەورەیە.

13) شتێ تریش - کە ئێوە حەزی لێ دەکەن - یاریدەدانێ لە خوداوە و سەرکەوتنێکی نزیکیش. ئەم مژدەیە بە باوەڕدارەکان بدە.

14) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! یاریکارانی خودا بن، وەکوو عیسای کوڕی مەریەم بە یارانی حەواریی گوت: کێ بەرەو خودا دەبێتە یاریدەری من؟ دەستەی حەوارییەکان وتیان: ئێمە یاریدەری خوداین. ئەوسا لە بەرەی ئیسرائیل هێندێکیان بڕوایان هێنا و هێندێکیش بێباوەڕ مان. ئیتر ئێمە خاوەن باوەڕەکانیانن یارمەتی کرد، تا دەرۆستی دوژمنانی خۆیان هاتن.