60- مومتەحینە

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 4 خولەک  474 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! مەبنە دۆستی دوژمنانی من و خۆتان. ئێوە دۆستایەتیو بەوان ڕادەگەیێنن؛ کەچی ئەوان بەو دینە ڕاستەقینەیە کە بۆ ئێوە هاتووە، بڕوایان نییە [و] لەبەر ئەوە بە خودای پەروەرندەتان بەباوەڕن، ئێوە و پێغەمبەر لە زێدی خۆ دەردەکەن. ئەر بۆ خەزا لە ڕای من و ڕەزامەندیم دەردەکەون، [دۆستایەتیی ئەوان مەکەن]. پەنامەکی پێیان ئێژن: خۆشمان دەوێن؛ کەچی ئەمن لە هەر شتێ دەیشێرنەوە و هەر شتێ ئاشکرای دەکەن، لە خۆتان ئاگادارترم. کێ لەنگۆ ئەو کارە بکا، ڕێگەی ڕاستی لێ تێکچووە.

2) ئەگەر دە گیریان بکەون، دوژمنایەتیتان دەکەن؛ بۆ ئازارتان دەست و زمان وە کار دەخەن؛ حەز دەکەن لە دین وەرگەڕێن.

3) ڕۆژی سەڵا، نە خزمانوو نە جگەرگۆشەکانیشتان هەرگیز دە فریاتان نایەن؛ لێکتان جودا دەکاتەوە و چی بیکەن خودا دەیبینێ.

4) ئیبراهیم و ئەو کەسانەی دەگەڵ ئەو بوون، بۆنگۆ نموونەی زۆر باشن؛ کە بە هۆزەکەی خۆیان وت: ئێمە لەنگۆ و لەو شتانەی - لە خوا بەدەر - دەپەرستن، بە دوورین و باوەڕمان بە ئێوە نەما و، تا هەتایە دوژمنایەتی و ڕکوونی کەوتۆتە نێوانمانەوە؛ تا ئەو کاتەی ئێوە باوەڕ بە خودای تاقانە دێنن. جیا لەوە کە ئیبراهیم بە ئاپێ خۆ گۆت: داوای خۆشبوونت بۆ دەکەم؛ دەربارەی تۆ هیچی ترم بۆ دەگەڵ خودا ناکرێ. ئەی پەروەرندەی گ لامان! خۆمان بە تۆ سپاردووە و هەموومان ڕوومان دە تۆیە و وەگەڕانی دواڕۆژیش هەر بەرەو تۆیە.

5) ئەی پەروەرندەی هەموومان! مەمانخە بەر تیر و تانەی ئەوانەی کە تۆ ناناسن؛ لە گوناهیشمان ببوورە؛ هەر خۆت خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانی.

6) بێگومانە ئەوانە نموونەی باشن بۆ ئێوە و بۆ ئەو کەسەی کە هومێدی بە خودا و ڕۆژی سەڵا هەیە. هەر کەسێکیش خۆ دەبوێرێ ، خودا پەکی پێ ناکەوێ و هەر شایانی پەسن دانە.

7) شایەد خودا لەناو ئێوە و ئەو کەسانەی دوژمنایەتیو دەکردن، دۆستایەتی دامەزرێنێ. خوا توانایە و خوا دەبوورێ و دلۆڤانە.

8) خودا بەرتان لێ ناگرێ کە ئێوە دەگەڵ ئەوانەی بەگژ ئێوەدا نەچوون و لە زێد وەدەریان نەناون، چاکەیان دەربارە بکەن و بە یەکسانی ڕەفتاریان دەگەڵدا بکەن. خوا مرۆی خاوەن ئینسافی خۆش گەرەکە.

9) تەنیا هەر ڕێگەتان نادا دەگەڵ ئەوانە ببنە دۆست کە لەسەر دین، شەڕیان دەگەڵتانا کرد و ئێوەیان لە زێدی خۆتان ئاوارە کرد. لەسەر دەرکردنی ئێوەش، بوونە پشتیوانی یەکتر. هەر کەسیش ببێتە دۆستیان، دیارە غەدرێ لە خۆ دەکا.

10) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەگەر ژنی بەباوەڕی ئاوارە دەگاتە لاتان، بیانخەنە بەر ئەزموونەوە. خوا لە بیر و باوەڕیان ئاگادارترە. گەر ناسیتانن بە ڕاستی بڕواداران، بۆ لای خودانەناسانیان مەنێرنەوە. نە ئەمان بەوان دەشێن و نە ئەوانیش بەمان دەشێن. هەرچیش بەختیان کردووە بیاندەنەوە. گەر ئێوە مارەیان کەن و مارەییەکەیان بدەنێ، هیچ گوناهێکتان ناگاتێ. ژنانی خودانەناسانیش لای خۆتان گل مەدەنەوە؛ هەرچیتان لێ بەخت کردوون بیسێننەوە؛ با ئەوانیش هەرچێکی بەختیان کردووە داوای بکەن. ئەمە دەستووری خودایە کە بە نێوانتان ڕادەگا. خودا زانای لەکارزانە.

11) ئەگەر ژنێکیشتان ڕەوی بۆ لای خوانەناسەکان و ئێوە تاڵانتان لێ گرتن، بەو کەسانە وا ژنەکانیان هەڵاتوون، هێندەبدەن کە داویانە. ترسیشوو لەو خودایە بێ کە بڕواتان پێ هێناوە.

12) ئەی پێغەمبەر! ئەگەر ژنانی باوەڕدار دێنە لات و پەیمان دەدەن هیچ شتێکی - لە خوا بەدەر - نەپەرستن و تووشی دزی و حیزی نەبن و مناڵی خۆیان نەکوژن و مناڵی تر بە درۆ نەکەنە منداڵ مێردەکانیان و بۆ کاری چاک لە فەرمانی تۆ دەرنەچن، ئەوساکە تۆش پەیمانیان دەگەڵ ببەستە و لێخۆشبوونیان بۆ لە خودا داوا بکە. خودا دەبوورێ و دلۆڤانە.

13) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! مەبنە دۆستی ئەو کەسانەی خودا غەزەبی لێ گرتوون، لە هاتنی ڕۆژی سەڵا ناهومێد بوون؛ وەکوو خودانەناسەکان لە مرییەکانی گۆڕستان ناهومێدن.