76- ئینسان

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  552 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) بێگومانە ماوەیەک لەم ڕۆژگارە بەسەر مرۆدا تێپەڕی و ئەو شتێ نەبوو باس بکرێ.

2) ئێمە مرۆن لە تنۆکێکی ئاوێتە وەدی هێنا تا بیئەزمووین؛ گوێی بیستن و سۆمای دیتنیشمان پێ دا.

3) خۆمان ڕێگەمان نیشان دا؛ جا یان شوکرانەبژێرە یان پێنەزان.

4) ئێمە زنجیر و تۆقێکی گەلێ زۆر و ئاگرێ بڵێسەدارمان بۆ بێدینەکان ساز داوە.

5) ئاکارچاکان لە بادەیەک دەخۆنەوە، ئاویتەکەی لە چەمەی کافوورەوەیە.

6) چەمەیێکە عەبدانی خوا لەو دەنۆشن؛ بە فیچقەش هەڵیدەقوڵێنن.

7) هەرچی لە خۆ دەگرن دەیکەن؛ ترسیشیان لە ڕۆژێ هەیە کە بەڵاکەی بۆ گلا ئەتەنێتەوە.

8) لەو خۆراکەی کە خۆیان حەزی لێ دەکەن، بە هەژار و بە هەتیو و بە دیل گیراوی دەبەخشن.

9) ئێمە - هەر لە ڕاهی خودا - ئەم خۆراکەتان دەدەینێ، نە پاداشێکمان لێو دەوێ و نە شوکرانەش.

10) ئێمە ترسی پەروەرێنی خۆمان هەیە لە ڕۆژێکا کە زۆر تووش و نەگبەت و پڕ مەترسییە.

11) خودا لە بەڵای ئەو ڕۆژە پاراستنی و تووشی گەشە و خۆشیی کردن.

12) چونکە ئەوان خۆڕاگر بوون ، لە پاداشا بەهەشت و حەریری پێ دان.

13) لە بەهەشتا لەسەر تەخت پاڵ ئەکەفن و نە تینی تاوێ دەبینن، نە سەرمایێ.

14) سێوەری درەختەکانی بەسەریانا شۆڕ بوونەوە و میوەکەیان لەبەر دەستە.

15) بە دەفری زێو و بەچەندین زەرکی مینا، بەسەریانەوە دەگەڕێن.

16) زەرکی زێوین کە ڕاس بە قاس سازیان داون.

17) بەو زەرکانە بادەیێکیان پێ دەنۆشین، ئاویتەکەی زەنجەفیلە.

18) چەمەیێکە بەناویدا ڕەوان ئەبێ؛ ناو نراوە بە سەلسەبیل.

19) لاوانێ - کە هەر بە لاوی دەمێننەوە - بەسەریانەوە ئەگەڕێن؛ گەر بیانبینی وا ئەزانی مراری پڕژێندراون.

20) گەر دەیبینی، هەر خێر و خۆشی دەبینی و قەڵەمڕەوێکی زۆر گوشاد.

21) پارچەی تەنک و سفتی کەسکیان دەبەردایە کە لە هەڤرەمیش چێ بووە و بە زۆر مووچەوانەی زێویش ڕازاونەوە و پەروەرێنیان بادەی پاکی پێ نۆشاون.

22) ئەمە پاداشی ئێوەیە و تەقەلاتان شایانی ڕەزامەندییە.

23) ئێمەین کە ئەم قورعانەمان - وردە وردە و بەش بەش - بۆ تۆ هەناردووە.

24) سا خۆ بگرە بۆ فەرمانی پەروەرندەت؛ هەرگیز گوێ لەوانە مەگرە تاوانبار یا پێنەزانن.

25) هەر ناوی پەروەرندەی خۆت بەیاد بکە؛ هەموو بەرەبەیانان و ئێوارانیش.

26) بە شەویش سوژدەی بۆ بەرە و لە درێژاییی شەوگاریشدا هەر پەسنی پاکیی ئەو بدە.

27) ئەوان حەزیان هەر لە دنیای بێبەقایە و ڕۆژێ گران دەخەنە پاش خۆیانەوە!

28) ئێمە وەدیمان هێناون و هەموو ئازای بەندەنیانمان داپێچاون؛ هەرگاش حەز کەین، بە چینێکی وەک ئەوانیان وەدەگۆڕین.

29) ئەمانە بیرهێنەرێکن، هەرکێ حەز کا ڕێگە بەرەو پەروەرندەی بەدی دەکا.

30) حەز کردنیش بەنگۆ نییە، جا مەگین خودا حەز بکا. زانای کارزان هەر خۆیەتی.

31) هەرکێی حەز کا وەبەر بەزەییی خۆ دەخا و بۆ ئەوانەش کە ناهەقن، جزیای بەژانی ساز داوە.