57- حەدید

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 7 خولەک  597 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) هەرچی هەیە لە عاسمانەکان و زەمین، گشتی پەسنی خودا دەدەن؛ ئەویش خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە.

2) ئەم عاسمانانە و زەمینە هەموو بەرفەرمانی ئەون. زیندوو دەکا و دەشمرێنێ و لەسەر هەموو شت توانایە.

3) پێشوو ئەوە و، دوایی ئەوە و، لەبەر چاوە و نادیارە و، لە هەموو شت ئاگادارە.

4) ئەم گش عاسمانان و هەردەی بە شەش ڕۆژان وەدی هێنا و لەپاش ئەوە، لەسەر تەختی فەرمانڕەوایی دامەزرا. هەرچی بە زەویدا ڕۆچێ و هەرچی لێی وەدەر بکەوێ و هەرچی لە عاسمان دێتە خوار، هەرچی پیا سەر دەکەوێ، ئەو دەیزانێ و لە هەر کوێ بن، دەگەڵتانە و خوا کردەوەتان دەبینێ.

5) لە عاسمانان و زەمیندا دەستەڵات هەر بەدەست ئەوە و هەموو کارێک دەبرێنەوە بۆ لای خودا.

6) شەو دە ڕۆژێ هەڵدەکێشێ و ڕۆژێ دەناو شەو ڕادەکا و لە نهێنی هەموو دڵان ئاگادارە.

7) بڕوا بێنن بە خودا و پێغەمبەری خوا و لەو ماڵەی بۆی هێشتوونەوە، لە ڕای خودا بەخت بکەن. ئەو کەسانەی لە ئێوە، خاوەن باوەڕن و ماڵ لە ڕای خودا دەبەخشن، پاداشی مەزنیان هەیە.

8) ئەدی چیتانە باوەڕی ناکەن بە خوا؟ کە چی پێغەمبەریش داواتان لێ دەکا، تا بە پەروەرندەی خۆتان بڕوا بێنن. ئەگەر باوەڕیتان هەبێ، ئێوە پەیمانوو پێداوە.

9) هەر ئەویشە چەند نیشانەی دیاری دەرەی بۆ سەر عەبدی خۆی ناردە خوار، تا لە تاریکی دەروو خا و بەرەو ڕووناکیتان بەرێ. کە خوا سەبارەت بە ئێوە دڵسۆزێکی دلۆڤانە.

10) دەی چیتانە ماڵی خۆتان لەڕای خودا بەخت ناکەن؟ کە هەر شتێک لە ئاسمانان و زەویدان، هەر بۆ خودا دەمێننەوە. ئەو کەسانەی لەپێش گرتنی مەککەدا ماڵی خۆیان بەخت کرد و دەگژ نەیارەکانڕا چوون، پایەی هەرە بەرزیان هەیە؛ دەگەڵ ئەو کەسە وەک یەک نین کە لە پاشان ماڵی خۆی بەخت کردووە و دەگژ دوژمنانڕا چووە. کە هەمووشیان خودا بەڵێنی پێ داون چاکەیان دەربارە دەکا. خودا لە هەر کارێ دەیکەن، ئاگادارە.

11) کێی وا هەیە وامێ ڕەوا بدا بە خوا تا چەند قاتی بداتەوە و پاداشی باشیشی هەبێ؟

12) ڕۆژێک دێ کە تۆ دەبینی مێروژنی خاوەن باوەڕ، تیشک دانەوەی کردەیان پێش کەوتووە و لەلای ڕاستیانەوە دەڕوا. خۆشی لە خۆتان ئەمڕۆکە دەچنە ناو باغاتێکەوە جۆباریان بەبەردا دەڕوا و هەروهەر، هەر تیا دەبن. ئەمەیە بەهرەی زۆر گرینگ.

13) ئەوێ ڕۆژێ دوڕازەکانی مێروژن، وە خاوەن باوەڕان ئێژن: ئێوە لامان لێ بکەنەوە تا ترووسکێک لە ڕووناکیتان وەرگرین. پێیان ئێژن: بەرەو دوای خۆتان وەگەڕێن، لەوێ ڕووناکی پەیدا کەن. ئیتر ئەوسا شوورەیەکیان لە نێوان دەبێتە لەمپەر، درگای هەیە؛ لە ژوورەوەی بەزەوییە و لە دەرەوەی جەزرەبەیە.

14) بانگیان دەکەن: ئاخۆ ئێمەش هەر دەگەڵ ئێوەدا نەبووین؟ ئێژن: ئارێ؛ بەڵام ئێوە خۆتان تووشی بەڵا کرد و چاوەنۆڕ بوون و دوودڵی لێو نەگەڕا و بە ئارەزوو فریوتان خوارد؛ هەتا فەرمانی خودا هات؛ شەیتان ئێوەی بە خودا بادی هەوا کرد.

15) ئیتر ئەمڕۆ نە لە ئێوە و نە لەوانەی خوانەناس بوون سەرانە وەرناگیرێ. جێو ئاگرە و هەر ئەویشتان پێ ڕەوایە و چارەنووستان زۆر خراپە.

16) بۆ کەسانێ خاوەن باوەڕ، ئاخۆ ئەو دەمە نەگەیوە کە دڵیان بۆ یادی خودا و بۆ ئەو ڕاستەی ناردوویەتی بکورکێنێ و بەدەردی ئەوانە نەچن کە دە پێشدا ئێمە کتێبمان دابوونێ و ئەوسا لەپاش ماوەیەکی زۆر، تووشی دڵڕەقی هاتن و زۆربەیان لە ڕێ لایان دا؟

17) ئەوە بزانن، کە خودایە زەمین زیندوو دەکاتەوە، پاش مردنی. زۆر نیشانەی ئاشکرامان بۆ ئێوە ڕوون کردۆتەوە، بەشکەمی ئێوە تێ بگەن.

18) بێ سۆ پیاوان و ژنانی خێرومەند و ئەوانەش کە وامی ڕەوا دەدەن بە خوا، چەند قاتیان پێ دەگاتەوە و پاداشی باشیشیان دەبێ.

19) ئەو کەسانەی بە خوا و پێغەمبەرەکانی باوەڕ دەکەن، لە ڕاستی لایان نەداوە. ئەو کەسانەش کە لە ڕای خودا کوژراون، وان لای پەروەرندەیان و پاداشی خۆیان پێ دەگا و ڕۆشناکی خۆیان هەیە. ئەوانەش کە ناسپاسن و بە نیشانەکانی ئێمە باوەڕ ناکەن، ئەوان یارانی ئاگرن.

20) بزانن، ژی لە دنیایە هەر گەمە و بادی هەوایە و بۆ خۆ بە جوان نیشان دان و خۆ لەسەر یەکترڕانان و فرە بوونی عەولاد و داراییتانە و وەک چناوێک بە هۆی بارانەوە شین بووە و وەرزێری پێ خەنی بووە و بەرەبەرە وشک دەبێ و دەبینی زەرد هەڵگەڕاوە و لە دواییدا بۆتە کاوکۆتی بەر با. لەو لاش ئازاری دژواروو لێ خۆش بوون و ڕەزامەندی خودا هەیە. ژینی دنیا هەر مایەی خەڵەتاندنە و چی تر نییە.

21) ڕکە بکەن بۆ بەخشینی پەروەرندە و ئەو بەهەشتەش کە پانایی، بە پانایی ئەم عەزمان و زەمینەیە و بۆ ئەوانە ئامادەیە کە باوەڕیان بە خودا و پێغەمبەرانی خودا هەیە. ئەم چاکەیە لە خواوەیە و دەربارەی کەسێکی دەکا کە بۆ خۆی مەیلی لەسەر بێ. چاکەی خودا زۆر گەورەیە.

22) هەر بەڵایەک ڕوو دەدا لەم سەرزەمینە و هەر بەڵایەک کە بەسەر خودی خۆتان دێ - بەر لەوەی وەدی بهێنین - لە دەفتەرێکدا نووسراوە و ئەمە لای خودا هاسانە.

23) هەتا ئێوە بۆ شتێ لە دەستوو دەچێ، خەم نەخۆن و بە دەسکەوتوو دڵخۆش نەبن. خوا هەر ئەوانەی خۆش ناوێ کە بە فیزن و شانازی بە خۆیان دەکەن:

24) ئەوانەی ڕژدی دەکەن و خەڵکیش بۆ ڕژدی هان دەدەن. هەر کەسیش لاساری دەکا، خودا ئەوسا بێ نیازە و هەر شیاوی تاریف کردنە.

25) ئێمە پێغەمبەرانمان نارد بە چەند بەڵگەی ئاشکراوە و وێڕای ئەوان، کتێب و هۆی هەڵسەنگاندنمان ناردە خوار؛ هەتا خەڵک بێ جیاوازی لەناو یەکا ڕەفتار بکەن. ئاسنیشمان ناردۆتە خوار، کە هێزی بڕشتی زۆرە و زۆر بەهرەی بۆ مەردم تێدا و؛ تا خودا بۆ خۆی بزانێ کێ لە نەدیار دێتە یاری خۆی و پێغەمبەرەکانی. دیارە خودا خاوەن هێز و دەستەڵاتە.

26) ئێمە نووح و ئیبڕاهیمیشمان بەڕێ کرد؛ پلەی پێغەمبەرایەتی و کتێبیشمان دابوو بە نەتەوەکەیان. شارەزایان لێ هەڵکەوت و لەڕێ لادەریشیان زۆر بوون.

27) لەپاشان بەشوێن ئەواندا گەلێک پێغەمبەرمان ناردن؛ دوای ئەوانیش عیسای کوڕی مریەمن نارد و ئینجیلمان پێ خەڵات کرد. دلۆڤانی و بەزەییشمان خستە دڵی پەیڕەوانی؛ ئەو ڕەبەنیەش کە هەیانە ئێمە بۆمان نەنووسیون، بۆ خۆیان دایان هێناوە. ئەم کارەشیان بۆ ڕەزامەندی خودا بوو؛ بۆشیان نەکرا وەک پێویستە پێکی بێنن. جا ئەوانەی لەواندا خاوەن باوەڕ بوون، پاداشی خۆیانمان دانێ؛ زۆربەشیان لە ڕێ لادەر بوون.

28) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ترسوو لە خودا هەبێ و بڕوا بە پێغەمبەری ئەو بێنن. خوا دوو سەرە چاکەتان دەربارە دەکا و تیرێژێکتان وەپێش دەخا؛ بە هۆی ئەو بەڕێدا بڕۆن و لە گوناهانوو دەبوورێ و هەر ئەویشە خەتاپۆش و دلۆڤانە.

29) ئەهلی کتێب وا نەزانن لەو چاکەی لای خودا هەیە، ئەوان هیچ شتیان بەدەستە. چاکە هەمووی لای خودایە و هەر کەسێ خۆی مەیلی لێ بێ بە چاکە دەخوێنێتەوە و ئەو چاکەی کە لە لای خودایە، زۆر هێژایە.