56- واقیعە

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 5 خولەک  775 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) هەرگا ڕووداوەکە ڕووی دا،

2) کەس ناتوانێ لەو ڕووداوە حاشا بکا.

3) بەرز دەکا و نزم دەکا؛

4) کاتێ زەوین ڕادەتڵەکێ بە ڕاتڵەکان،

5) کەژیش دەهاڕێن بە هاڕین،

6) لە چەشنی تۆز بڵاو دەبن،

7) ئێوە دەکرێنە سێ تیرە:

8) تیرەیەکیان دەستی ڕاستی و بەختیارن.

9) تیرەی تریان دەستی چەپی و نەگبەتبارن.

10) تیرەیەکیش لە پێشەوەن، وەپێش کەوتوون.

11) کە ئەوانە لە ئێمەوە نزیک کەوتوون.

12) لە باغاتی تژی لە خۆشیدا دەژین.

13) بەشێک لەوانە پێشینە،

14) کەمێکیش لەوانی پاشین،

15) لەسەر تەختی جەواهیر بەند،

16) هەمبەر بەیەک پاڵ دەکەفن.

17) تازە لاوی هەمیشە لاو، لە دەورەیان دێن و دەچن.

18) بە زەرک و بە تونگە و پیاڵە، بادەی ڕەوان لە سەرچاوەیان دەدەنێ.

19) نە لە خومار سەریان دێشێ و نە ئاوەزیش لەدەست ئەدەن.

20) میوەجاتیش، هەرکامی هەڵی دەبژێرن،

21) گۆشتی مەلیش، لەوانەی ئارەزووی دەکەن،

22) کیژی سپی چاو بەڵەکیش،

23) هەموو ئێژی مرارین لەناو قاپۆڕدا،

24) پاداشی کردەوەیانە.

25) کە لەوێدان، نە قسەی هەرزە دەبیسن، نە وتارێکی ناڕەوا.

26) مەگین دروود لە یەکتر کەن و وەرامی پێ بدەنەوە.

27) ئەوی تیرەی دەستەڕاستن؛ ئەوان چۆن بەختەوەرێکن؟

28) لای دار کناری بێ چەقڵن.

29) مۆزی پاڵ پێکەوە دراویش،

30) سێبەرێکی بێ بڕانەوەش،

31) ئاویش هەروهەر ڕەوانە،

32) میوەش زۆر و زەبەندەیە،

33) نە دوایی دێ و نە پاوانە،

34) نوێن و بانی بەرز و نەرم،

35) ئێمە خۆمان کیژەکانمان بەتایبەتی بەرهەم هێنا؛

36) بڕیارمان بۆ دان هەر کچ بن.

37) شوو خۆشەویس، هاوتەمەنن،

38) بەشی دەستەڕاستییەکانن.

39) هێندێک لەوانی پێشینە؛

40) هێندێکیش لە پاشینەکان.

41) ئەوانەش کە دەستەی چەپن، تووشی چ نەگبەتێک هاتوون؟

42) وان لە ناوەند گڕەبا و ئاواکەلیدا.

43) چڕە دووکەڵ سێبەریانە.

44) نە فێنکایی تێدا هەیە، نە لەبەری دەسێنەوە.

45) چونکە ئەوان لە دنیا خۆش گوزەران بوون.

46) لەسەر گوناهانی گەورە پێداگر بوون.

47) ئەشیانوت: ئاخۆ گەر ئێمە بووینە خۆڵ و چەند پێشەیەک، دیسان زیندوو دەکرێینەوە؟

48) یان باڤ و کالانی ئێمە؟

49) بێژە: بێ شک، ئەوی لەپێشوودا بوون و ئەوانی لە دوایی هاتوون،

50) بە کۆمەڵ کۆ دەکرێنەوە؛ لە ژوانگەی ڕۆژێ کە دیاری کراوە.

51) ئەوسا ئێوە ئەی گومڕایانی بێ باوەڕ!

52) دەبێ بەری داری ژەقنەمووتێ بخۆن.

53) گەدەتانی لێ پڕ بکەن.

54) ئەوسا ئاواکەلی بە سەر ئەودا وەخۆن؛

55) وەکوو چۆن وشتری تینوو بێتە سەر ئاو.

56) ڕۆژی ژمار وایان میوانداری دەکرێ.

57) ئێمە ئێوەمان دروس. کرد، سا بۆ چی باوەڕتان نەبوو؟

58) ئاخۆ ئێوە ئەو ئاوی شاوەتەو دیوە، کە دەیڕێژن؟

59) ئاخۆ ئێوە وەدی دێنن، یا نە ئێمە وەدی دێنین؟

60) ئێمە بڕیاری مەرگمان بۆتان داوە و کەس وەپێش ئێمە ناکەوێ؛

61) کە بە چینێکی وەک ئێوە وەتان گۆڕین و تەرزێکتان ساز بدەینەوە، کە ئێوە هایتان لێ نییە؟

62) خۆ ئێوە لە دروست بوونی یەکەم جارتان ئاگادارن؛ دەی بۆ هیچ بیر ناکەنەوە؟

63) ئاخۆ ئەو تۆمەی دەیچێنن، دیتووتانە؟

64) پێتان وایە ئێوەن کە بەرهەمی دێنن، یان ئێمە بۆتان دەڕوێنین؟

65) گەر ئێمە بمانویستایە، دەمانکردە پووشی بەربا؛ ئەوسا ئێوە سەیروو دەکرد.

66) دەوگوت: ئێمە دۆڕاندمان؛

67) بەڵکوو بێ بەش ماوینەوە.

68) ئاخۆ ئەو ئاوەتان دیوە، دەیخۆنەوە؟

69) ئاخۆ ئێوە لەو هەورەوە ناردووتانە، یان ئێمە بۆمان باراندوون؟

70) گەر ئێمە بمانویستایە، دەمانکرد بە ئاوێکی تاڵ؛ دەیسا بۆ شوکرانە ناکەن؟

71) ئاخۆ ئەو ئاگرەو دیوە هەڵی دەکەن؟

72) ئێوە داری ئاگرەکەتان دروس کرد، یان ئێمە وەدیمان هێنا؟

73) ئێمە ئەومان کردە هۆی بیرەوەری و بەڕێوەچوونی ژیانی هەردەگەڕان.

74) سا تۆ ناوی پەروەرندەی مەزنی خۆت، هەر بە پاکی و دوورە کەمایەسی بێنە.

75) دەسا سوێندم بەو شوێنانەی ئەستێرەیان لێ هەڵدێن و ئاوا دەبن،

76) بێ گومان - ئەگەر بیزانن - ئەمە سوێندێکی گەورەیە.

77) بێ گومانە ئەمە قورئانی بەڕێزە.

78) لە ناوەرۆکی نووسراوێک وەشێراوە.

79) غەیرەز پاکان کەس ناتوانێ دەستی لێدا.

80) لە داهێنەری دنیاوە ناردراوە.

81) ئاخۆ ئێوە بەم قسە گەمەتان دێتێ؟

82) دیکەنە بژیوی خۆتان، کە باوەڕی پێ ناهێنن؟

83) ئەدی ساتێ مردن قوڕقوڕاگەی گرتوون،

84) ئێوەش چاوەنۆڕی مەرگن.

85) ئێمەش ئەوسا زۆر لەنگۆی لێ نزیکترین؛ بەڵام هەر ئێوەن نابینن.

86) ئەوسا ئەگەر پێتان وایە ناکەونە بەر پرسینەوە،

87) ئەگەر لاتان وایە ڕاستن، دە لە مردنی وەگێڕن.

88) بەڵام ئەوەی نزیکی ئێمەیە و دەمرێ،

89) لە پاداشا دەسێتەوە و، دەچتە بەهەشتی پڕ خۆشی.

90) ئەگەریش لەو کەسانە بوو کە دەگەڵ دەستە ڕاستانن،

91) دروود بۆ تۆ، لەو کەسانەی دەستە ڕاستن.

92) بەڵام ئەگەر لەوانە بوو کە باوەڕیان نەهێناوە و گومڕا بووگن،

93) لە ئاواکەلی میوانن.

94) دەشیبەنە دۆژەهەوە.

95) بێ گومان ڕاست هەر ئەمەیە.

96) سا تۆ ناوی پەروەرندەی مەزنی خۆت، هەر بەپاکی و دوورە کەمایەسی بێنە.