58- موجادیلە

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 5 خولەک  561 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) خودا قسەی ئەو ژنەی بیست کە سەبارەت بە مێردەکەی دەگەڵ تۆ کێشەی دەکرد و گازندەی لای خودا دەکرد. خودا دەیبیست کە ئێوە وتووێژتان بوو؛ خوداش بیسەر و بینایە.

2) ئەو کەسانەی لە ناو ئێوە، بە پیرەکی خۆیان ئێژن: «تۆ دایکمی»؛ ژنەکان نابن بە داکیان؛ هەر ئەو ژنانە داکیانن کە دیویانن؛ ئەوان قسەی خراپ دەکەن و بوختانە هەڵی دەبەستن. خودا لە گونا دەبوورێ و خەتاپۆشە.

3) جا ئەوانەی بە هاوجووتی خۆیان ئێژن «تۆ دایکمی» و پاشی پەشیمان دەبنەوە، بەر لەوەی پێکەوە بنوون، ئەشێ کۆلەیەک ئازاد کەن. خوا واو ئامۆژگاری دەکا. خودا لە هەر کارێ دەیکەن ئاگادارە.

4) هەرکێ نەیبوو، با دوو مانگی یەک لەدوو یەک، بەڕۆژوو بێ؛ بەر لەوە بگەن بە یەکتر. کەسێ ئەمەشی نەتوانی، خۆراک بە شێست هەژار بدا. ئەمە بۆیە کە باوەڕتان بە خوا و پێغەمبەری هەبێ و ئەمە سنووری خودایە. بۆ ئەوانەش کە خودایان نەناسیوە، ئازارێکی بەژان هەیە.

5) ئەو کەسانەی دژایەتی خودا و پێغەمبەری دەکەن، دوچاری ناچاری دەبن؛ وەک ئەوانەی بەر لەوان قەرەبەخت بوون. ئێمە گەلێک نیشانەی زۆر ئاشکرامان ناردۆتە خوار، ئەوی بڕوایان پێ ناکا، بەشیان جەزرەبە دانێکی ئاوڕووبەرە.

6) ئەوێ ڕۆژێ کە خوا - تێکڕا - هەمووان زیندوو دەکاتەوە، پێیان ئێژێ چییان کردووە؛ خوا کردەیانی ژماردووە و بۆ خۆیان لە بیریان چووە. خوا لە هەر شت ئاگادارە.

7) ئاخۆ ئەتۆ نەتزانیوە کە هەر شتێ لە عاسمانان و زەوی بێ، خوا دەیزانێ؟ هەتا سێ کەس بە یەکەوە چپە بکەن، دیارە ئەو چوارەمینیانە و پێنج بن ئەو شەشەمینیانە و کەمتر بن و زێدەتر بن، لە هەر کوێ بن، ئەو هەمیشە دەگەڵیانە و پاشان لە ڕۆژی قیامەتێ، پێیان ئێژێ چەیان دەکرد. خودا هەموو شت دەزانێ.

8) ئەی تۆ ئەوانەت نەدیوە، پێیان وترا: چپە مەکەن؛ ئەو کارەی کە وتیان مەیکەن، هەر دەیکەن و لە ناڕەوا چپەیانە و گونا و سەرپێچی دەکەن و لە قسەی پێغەمبەر دەر دەچن؟ خۆ ئەگەر تووشی تۆش دەبن، ئەو سەلامەی لە تۆی دەکەن، لەو سەلامە جیاوازە کە خودا لە تۆی کردووە. لەپاڵ خۆیانیشدا ئێژن: دەی بۆ لە سەر ئەم وتەیە خودا جەزرەبەمان نادا؟ دەچنە جەهەندەم بەسیانە و سەرەنجامیان زۆر خراپە.

9) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! هەرگا ئێوە چپەتان کرد، بۆ گوناهـ و دەسدرێژی و نافەرمانی لە پێغەمبەر سرتە مەکەن؛ چپەکەشتان بۆ چاکی و خۆپارێزی بێ و لەو خودایە ترسوو هەبێ کە هەمووتان لە لای ئەو کۆ دەکرێنەوە.

10) سرتە لە شەیتانەوەیە، هەتا خاوەن باوەڕانی پێ خەمگین کا؛ هەرچەند بەبێ ئیزنی خودا، هیچ زیانێکیان لێ نادا. با هەرکێ خاوەن باوەڕن، خۆیان بە خودا بسپێرن.

11) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! هەرگا لە کۆڕ پێان وتن: جێگەوە کەن، جێگەوە کەن! هەتا خوداش جێگەی ئێوە بکاتەوە. گەر گوتیشیان: ڕاستەوە بن، ڕاستەوە بن! خودا ئەوانەی لەنگۆ باوەڕیان هێناوە و ئەو کەسانەش کە لە زانیاری بەشدارن، بە چەند پلە بەرزتریان دەکاتەوە و هەر کارێکی ئێوە بیکەن، خوا دەیزانێ.

12) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! هەرگا ویستوو سرتە وەل پێغەمبەر بکەن، بەرلە سرتە کردنەکە خێرێک بکەن. ئەمە بۆ ئێوە خاستر و پاکژترە. گەر نەشتانبوو، ئەوا خودا لێو دەبوورێ و دلۆڤانە.

13) ئاخۆ لەبەرتان گران هات بەرلە سرتە خێرێ بکەن؟ ئەگەر ئەمەشتان نەکرد و خودا لەمە عافووی کردن، دەسا ئێوە نوێژ بکەن و زەکات بدەن و بەر فەرمانی خودا و پێغەمبەرەکەی بن. خوا لە هەموو کردەوەتان ئاگادارە.

14) ئاخۆ تۆ ئەوانەت نەدیت کە بوونە دۆستی ئەوانەی خودا غەزەبی لێ گرتوون؟ لە ئێوە نین؛ لەوانیش نین؛ بە درۆ سوێند بە خودا دەخۆن و دەشزانن کە درۆ دەکەن.

15) خودا ئازاری بەژانی بۆ ئەمانە سازکردووە و کارەکەیان زۆر خراپە.

16) سوێندیان کردبووە مەتاڵێک بۆ خۆیان و بوونە لەمپەری ڕێی خودا؛ سا بۆیان ئازارێکی ئابڕووبەر هەیە.

17) نە سامان، نە ڕۆڵەکانیان - لە بەرامبەری خوداوە - ناتوانن هیچیان بۆ بکەن؛ ئەوانە جەهەندەمین و هەتا سەر هەر لەوێ دەبن.

18) ڕۆژێ کە خودا گشتیان زیندوو دەکاتەوە، ئەو جار سوێندێ بۆ ئەو دەخۆن، وەکوو بۆ ئێوە سوێند ئەخۆن؛ لاشیان وایە شتێکیان دە باراندایە. باش بزانن کە ئەمانە درۆزنن.

19) شەیتان لەسەریان زاڵ بووە و یادی خودای لە بیر بردوون؛ ئەوان کۆمەڵەی شەیتانن. باش بزانن کە هەر کۆمەڵەکەی شەیتان زیانبارن.

20) ئەو کەسانەی دژایەتی خودا و پێغەمبەرەکەی دەکەن، لە هەموو کەس زەبوونترن.

21) خودا خۆی بڕیاری داوە: بێ گومانە من و پێغەمبەرەکانم سەردەکەوین. خوا توانای بەدەستەڵاتە.

22) تۆ نابینی ئەوانەی باوەڕیان هەیە بە خودا و بە ڕۆژی سەڵا، نابێ هەرگیز ببنە دۆستی ئەو کەسانەی پێچەوانەی خودا و پێغەمبەری خودان. تەنانەت ئەگەر باوکیشیان، یان فرزەندیان، یان برایان، یان لە هۆزەکەی خۆیان بن؛ کە ئەمانە خودا بڕوای لە دڵیان جێگیر کردووە و بە هێزێکی تایبەتی خۆی یاری کردوون؛ دەیان نێرێتە باغاتێک جۆباریان بەبەردا دەڕوا و هەتا سەر هەر لەوێ دەبن؛ خودایان لێ ڕازی بووە و ئەوانیش لە خودا ڕازین. ئەوانە کۆمەڵەی خودان؛ باش بزانن هەر کۆمەڵەی خوا ڕزگارن.