53- نەجم

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 4 خولەک  652 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) بە ئەستێرە کاتێ بەرەو ئاسۆ دەخزێ،

2) یارەکەتان نە گوم بووە، نە ڕێشی هەڵە کردووە.

3) بە ئارەزووی خۆی ناخێوێ.

4) هەرچی ئێژێ، لە خواوە تێگەیەنراوە.

5) فرشتەیێ فرە توانا فێری کرد.

6) فرشتەیێ بەئاوەز و فرە زانا، کە بە شکڵی خۆی ڕاوێستا.

7) [هەوەڵ جارێ] لە ئاسۆی هەرە بەرز بوو؛

8) لە پاشا نزیک کەوتەوە و شۆڕەوە بوو؛

9) بەقەد ماڵی دووکەوانان یا نزیکتر؛

10) ئەوسا خودا هەر مەبەستێ کە وا ویستی بە عەبدی خۆی ڕای گەیەنێ، پێی ڕاگەیاند.

11) دڵی ئەو هەر چی دیتوویە، درۆ نەبووە.

12) ئاخۆ لەسەر ئەوی دیویە ئێوە کێشەی دەگەڵ دەکەن؟

13) بێ گومانە جارێکی دیکەشی دیوە، کە ئەوساکەش داپەڕیوە؛

14) لەلای دارەکنارەکەی ئەو پەڕەوە،

15) کە لەپاڵ شوێنی بەهەشتە.

16) لە کاتێکا کنارەکە دای پۆشیوە، ئەوی کە دەبێ دای پۆشێ.

17) سۆمای لێ نەگوێزتۆتەوە و هیچ ڕەشکە و پێشکەشی نەکرد.

18) دیارە زۆریش لە نیشانە گەورەکانی پەروەرندەی خۆی دیتوە.

19) ئاخۆ ئێوە هەر لات و عوززاتان دیوە؟

20) سێهەمیشیان کە مەناتە و یەکێ تر لە بوتەکانە؟

21) ئاخۆ زارۆی ئێوە نێرە و خواش کیژی هەس؟

22) ئەگەر وا بێ، بەش کردنێ ناڕەوایە.

23) تەنیا ئەوانە چەند ناون کە ئێوە و باب و باپیرتان، ئەوانەتان پێ ناوناون و خوداش هیچ بەڵگەی پتەوی لەمەڕ ئەوانەوە نەنارد. هەر وەدووی گومان دەکەون و ئەوەی کە دڵیان دەخوازێ؛ کە چی لەلای پەروەرندەی خۆشیانەوە ڕێگەیان نیشان دراوە.

24) ئاخۆ مرۆ چی ئارەزوو کا، بۆی پێک دێ؟

25) ئاخرین و هەوەڵینیش هەر بۆ خودان.

26) لەو هەموو عاسمانانەدا، چەند بە چەند فریشتە هەیە؛ کەسیان تکای لێ ناگیرێ؛ مەگین کەسێ دوایی خودا ئیزنی بدا و تکا بۆ کەسێکی بکا کە خۆی حەز کا و پێ ڕازی بێ.

27) ئەو کەسانەی بڕوا بە پاشەڕۆژ ناکەن، فرشتەکان بە ناوی کچان ناو دەبەن.

28) کە هیچیشیان لێ نازانن؛ هەر وەشوێن گومان دەکەون و گومانیش جێی ڕاست ناگرێ.

29) تۆ لەو مرۆیە واز بێنە کە لە یادی ئێمە کردن، خۆ دەبوێرێ و بەدەر لە ژینی دنیایە، هیچی تری نەویستووە.

30) هەر ئەوندەی لێ دەزانن. پەروەرندەت زاناترە کە کێ ڕێگەی لێ تێکچووە و کێش لەسەر ڕێگەی ئەو چووە.

31) هەر چی لە ناو عاسمانەکان و زەمیندان، گش بۆ خودان؛ تا سزای ئەوانە بدا کە خراپەیان کردووە و چاکەی باشیش دەربارەی کارچاکان بکا.

32) ئەوانەی خۆیان دوور دەگرن لە گوناهانی مەزن و کاری کرێت؛ مەر گوناهی وردیلە بێ. پەروەرندەت بەخشینی زۆر بەرفرەهە و ئەویش ئێوە لە خۆتان باشتر دەناسێ؛ وەختێ ئێوەی لەم هەردە پەیدا کردووە، کە دەپێشدا پیزەیەک بوون لە ناو زگی دایکەکانتان. هیچ پاکانەی خۆتان مەکەن؛ بۆ خۆی باشترتان دەناسێ کە کێ لە خودا ترساوە.

33) ئاخۆ تۆ ئەو مرۆیەت دی کە پشتی هەڵکرد و ڕۆیی؟

34) کەمی بەخشی و چرووکی کرد.

35) ئاخۆ بە نەدیار دەزانێ و خۆی دەبینێ؟

36) یان لەوە ئاگا نەکراوە، لە ڕووپەرەکانی مووسا چی نووسراون؟

37) یان ئیبڕاهیم، کە ئەرکی خۆی بە تەواوی بەجێ هێنا؟

38) کە کەس ئۆباڵی کەسی تر وەستۆ ناگرێ؛

39) مرۆ بۆ خۆی خەبات نەکا، هیچ پاداشێکی پێ ناگا.

40) بۆ هەر کارێکیش ماندوو بێ، پاداشی خۆی هەر پێدەگا.

41) لەپاشانیش - بەباشترین شێوە - پاداشی پێدەدرێ.

42) گەڕانەوەش هەر بۆ لای پەروەرندەتە.

43) هەر ئەو دەخاتە خەنین و دەگرینێ.

44) هەر ئەویشە ژیان دەدا و دەشمرێنێ.

45) هەر ئەویشە وڵفی نێر و مێوینەی وەدی هێناوە؛

46) لەو تنۆکەی کە ڕژاوە.

47) لەسەریەتی دیسان دروستی کاتەوە.

48) هەر ئەویشە هیچ ناگوزووری نەهێشت و دەسمایەشی بە ئێوەدا.

49) هەر بۆ خۆشی پەروەرندەی گەلاوێژە.

50) هەر ئەویشە ئاسەواری عادی یەکەمی بڕیەوە.

51) لەسەموودیش جووقەواری نەهێشتووە.

52) هۆزی نووحیش - لەبەرێدا - کە لەوانە ناهەقتر و لاسارتر بوون.

53) ئاوایی هۆزی لووتیشی سەرەوژێر کرد.

54) هەرچی دەبوو بەرخۆ بدرێ، وەبن خۆیدا.

55) پەروەرندەت کە ئەو هەموو چاکەی هەیە، تۆ لە کامیان بە گومانی؟

56) ئەمە یەکێ لە ترس وەبەرهێنەرانە؛ وەک ترسێنەرانی پێشوو.

57) ڕابوونی سەڵا نزیکە.

58) غەیرەز خودا کەس پەردەی لە سەر لانادا.

59) ئاخۆ ئێوە لەم وتارە سەیر ماون؟

60) پێکەنینتانە و ناگریەن؟

61) هەر بە گاڵتە ڕای دەبوێرن.

62) دەسا بۆ خودا سوژدە بەرن و بیپەرستن.