54- قەمەر

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 5 خولەک  595 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) وا پەسڵان نزیک کەوتەوە و هەیڤ بوو بە دوو کەرتەوە.

2) هەر نیشانەیەک ببینن، بڕوا ناکەن و دبێژن: ئەمە جادووە و هەر هەیە.

3) ئیتر بڕوایان نەهێنا و شوێن ئارەزووی خۆیان کەوتن. هەر کارەش شوێنی خۆی هەیە.

4) ئەوەندەیان دەنگ و باسی بەرێ بیستوون، کە دەبوو ترسیان بێتە بەر.

5) ئەمە کارزانی تەواوە؛ بەڵام ئەم ترسێنەرانە بەهرە نادەن!

6) سا تۆ لەوانە واز بێنە؛ ڕۆژێ بانگدەر بانگیان دەکا بۆ ڕووداوێکی زۆر ناخۆش.

7) چاوشۆڕ و کز، لە گۆڕستان دەر دەکەون؛ ئێژی کوللەن بڵاو بووگن.

8) هەڵەداوان بەرەو بانگدەرەکە دەچن. خودانەناسەکان ئێژن: ئەمە ڕۆژێکی چەتوونە.

9) بەرلەمانەش هۆزی نووح باوەڕیان نەبوو. عەبدی ئێمەیان ناو نابوو درۆزن و و گوتیان دینە و گەفیان لێ کرد.

10) لە پەروەرندەی پاڕاوە، کە: من شکستم خواردوە، هانام بە تۆ.

11) ئەوسا هەموو دەرگاکانی بەرزاییمان بۆ بارانێکی بەلووزەو خستە سەر پشت.

12) لەم زەمینەش چاوەکانیمان تۆقاندن. ئاو گەینە یەک؛ بەو ئەندازەی کە بڕیاری بۆ درابوو.

13) ئەومان بە ئامێرێ هەڵگرت، کە لە چەند تەختە و بزماران لێک درابوو.

14) لەژێر چاوەدێری خۆمان وەگەڕ کەوت، بۆ پاداش دان بە کەسێ کە بە قسەکانی بێ باوەڕ بوون.

15) بەجێمان هێشت کە ببێتە نیشانەیەک. ئاخۆ بیرەوەرێک هەیە؟

16) دەسا چۆن بوو جەزرەبە و هەڕەشەکانم؟

17) ئەم قورعانەشمان سانا کرد کە بیری لێ بکرێتەوە. ئاخۆ بیرەوەرێک هەیە؟

18) عادیش باوەڕیان نەهێنا؛ دەسا چۆن بوو جەزرەبە و هەڕەشەکانم؟

19) ئێمە لە ڕۆژێکی شوومدا، بایەکی سارد و بەهێزی بێ وچانمان ناردە سەریان.

20) خەڵکەکەی لەجێ دەر دێنان؛ دەتوت کۆتەرەی دار خورمان، بە ڕیشەوە هەڵکێشراون.

21) دەسا چۆن بوو جەزرەبە و هەڕەشەکانم؟

22) ئەم قورئانەشمان سانا کرد کە بیری لێ بکرێتەوە. ئاخۆ بیرەوەرێک هەیە؟

23) سەموودیش بە ترسێنەران بێ باوەڕ بوون.

24) وتیان: جا چۆن وە شوێن مرۆیەک دەکەوین، لە خۆمان و بە تەنیا بێ؟ ئەگەر وا بێ، ئەوسا ئێمە لە گومڕایی و دەبەنگیداین.

25) چۆن لە ناو هەموو ئێمەدا، فەرمانی خوا هەر بۆ ئەو دێ؟ بەڵکوو پیاوێ درۆزنی خۆپەسندە.

26) سبەی ڕۆژێ پێ دەزانن کێ ڤڕبێژی خۆپەسندە.

27) ئێمە سایە وشترێکیان بۆ دەنێرین کە بیانئەزمووین. سا تۆ هەر چاوەدێریان بە و خۆت ڕاگرە.

28) پێشیان بێژە کە ئاوەکە لەناویاندا بەش کراوە؛ هەر کەس لە نۆرە ئاوی خۆی ئامادە بێ.

29) گاسی هەواڵی خۆیان کرد؛ ئەویش هات بە دەنگیانەوە و پەلی [وشترەکەی] قوت کرد.

30) دەسا چۆن بوو جەزرەبە و هەڕەشەکانم؟

31) نەعرەتەیەکمان بۆ ناردن؛ وەک پووش و پاری بۆژۆیان لێ بەسەر هات.

32) ئەم قورعانەشمان سانا کرد کە بیری لێ بکرێتەوە. ئاخۆ بیرەوەرێک هەیە؟

33) هۆزی لووتیش هەمبەر بە ترسێنەرەکان بێ باوەڕ بوون.

34) گێژەڵووکەی زیخ و چەومان ناردە سەریان؛ جگە لە کەس و کاری لووت - کە سوو زوو ڕزگارمان کردن.

35) لە چاکە و بەزەیی خۆنڕا؛ ئاوا چاکەی سوپاسکاران دەدەینەوە.

36) ترساندنی لە زەبری هەڵمەتی ئێمە؛ [بەڵام ئەوان] لەو گەفانە بەگومان بوون.

37) دەیانەویست کاری خراپ دەگەڵ میوانانی بکەن؛ سۆمای چاوانم لێ ساندن. دە بچێژن ئازار و هەڕەشەکانم.

38) ئەوسا لە بەرەبەیاندا، ئازاری لەبنە نەهاتوو هاتە سەریان.

39) سا بچێژن ئازار و هەڕەشەکانم.

40) ئەم قورئانەشمان سانا کرد کە بیری لێ بکرێتەوە. ئاخۆ بیرەوەرێک هەیە؟

41) ترسێنەران هاتیشنە لای دەستە و دایەرەکەی فیرعەون.

42) سەرلەبەری نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ زانی. ئەوسا ئێمە گرتمانن، بە گرتنی دەستەڵاتداری توانا.

43) ئاخۆ خوانەناسی ئێوە لەوەکانی تر چاترن، یان لەناو کتێبەکاندا پاکانەیان بۆ هاتگە؟

44) یان دبێژن: ئێمە گشمان پێکەوەین و سەر دەکەوین؟

45) هەر بینا ئەو ئاپۆرەیە لە شەڕ شکاو، پشت بکەنەوە ڕا بکەن.

46) بەڵکە دەبێ لە پەسڵانیش کۆ ببنەوە؛ کە باری ئەو حەستەمترە و تاڵتریشتان لێ دەبوورێ.

47) تاوانباران لە گومڕایی و دەبەنگیدان.

48) ئەوێ ڕۆژێ دەمەوڕوو لە ئاگردا ڕەکێش دەکرێن، دە بچێژن گڵپەی ئاگری جەهەندەم.

49) ئێمە هەموو بوونەوەرمان بە ئەندازە ئافراندووە.

50) کاری ئێمە یەکجارەیە و هەر لە چاوتروکانێکدا کۆتایی دێ.

51) پێشووش زۆری وەک ئێوەمان قڕ تێ خستوون. ئاخۆ کەس بە بیریدا دێ؟

52) هەر کارێکی کردوویانە، وا لەناو دەفتەراندایە.

53) کەم و زۆری خەت دراوە.

54) خۆپارێزان لە باغات و دەم چۆمانن.

55) لە نشیمەنی پەسند و لای خونکاری بەدەستەڵات.