52- توور

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 4 خولەک  692 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) بە کێوی توور،

2) بە کتێبێ کە نووسراوە،

3) لە کەوەڵ، بڵاو بۆتەوە؛

4) بە ماڵە ئاوەدانەکە،

5) بەو بانەی بڵند کراوە،

6) بەو دەریایەی بڵق ئەدا،

7) ئازاری پەروەرندەی تۆ هەر ڕوو دەدا؛

8) کەسیش پێشی پێ ناگیرێ.

9) لەو ڕۆژەدا کە عاسمان تێکەوەداوێ،

10) هەموو چیا لە ڕۆییندا پەلە دەکەن؛

11) ئیتر ئەو ڕۆژە هاوارە لەو کەسانەی بێ باوەڕ بوون.

12) ئەوانەی کە چووبوونە ناو پڕ و پووچ و گەپیان دەدا؛

13) لەو ڕۆژەدا بەدەڵەکدان بەرەو ئاگری دۆزەقیان ڕادەکێشن.

14) ئەوەتانێ ئەو ئاگرەی بڕواتان نەدەکرد هەبێ.

15) ئاخۆ ئەمە جادووە، یان ئێوە کۆر بوونە و نابینن؟

16) بچنە ناوی؛ هەڵ بکەن یاخۆ هەڵ نەکەن، وەکوو یەکە و هەر بە هۆی ئەو کارانەی کە کردووتانە، سزا دەدرێن.

17) ئەوانەی وا خودێ ترس بوون، وان لە بەهەشت و خۆشیدا.

18) بەختەوەرن لەو شتانەی پەروەرێنیان پێی بەخشیون؛ لە ئازاری جەهەندەمیشی پارازتن.

19) لە هەمبەر کردەوەکانتان بخۆن و وەخۆن، نۆشتان بێ.

20) لە سەر تەختی لەپەنای یەک، پاڵ کەفتوون و کیژی سپی چاوبەڵەکمان پێ بەخشیون.

21) ئەوانەی باوەڕیان هێنا و تۆرەمەشیان چوونە سەر باوەڕی ئەوان، مە تۆرەمەی ئەوانیش وەک خۆیان دەبەینە بەهەشت و لەپاداشی کردەوەیان هیچ شتێ کەم ناکەینەوە. هەموو کەسێ بارمتەی کاری خۆیەتی.

22) هەر میوەیەک و هەر گۆشتێ بۆ خۆیان ئارەزووی دەکەن، پێمان داون.

23) پیاڵە پێکتر دەگۆڕنەوە و نە هەرزەوێژی تێدایە و نە هۆی تووشی گوناهـ بوونی.

24) تازە لاوانی خوڵامیان بەدەوردا دێن و دەچن؛ هەر ئێژی دانەی مروارین لە قاپۆڕدا.

25) ڕوو لە یەکتری دەکەن و پێکەوە وتووێژیانە.

26) ئێژن: ئێمە لە پێشوودا لەناو کەس و کاری خۆمان نیگەران بووین.

27) ئیتر خودا خۆی چاکەی دەگەڵ کردین و لە ئازاری گڕە و هاڵاوی پارازتین.

28) ئێمە بەرێ هاوارمان هەر لەوەکردووە؛ هەرئەویشە خاوەن چاکەی دلۆڤانە.

29) سا وەبیریان بخەرەوە - لە سایەی پەروەرندەتڕا - تۆ نە فاڵ بینی نە دینی.

30) یان پێت ئێژن: بوێژێکە و چاوەنۆڕین هاکا شتێکی بەسەرهات.

31) بێژە: ئێوە چاوەنۆڕ بن، ئەوا ئێمەش وەل ئێوەدا چاوەنۆڕین.

32) ئاخۆ لە ڕووی خەونەکانیانەوە ئێژن، یان هەر خۆیان کۆمەڵێکی بلەوەزن؟

33) یان ئێژن هەڵی بەستووە. نەخێر، ئەوان بێ باوەڕن.

34) ئەگەر ئەوانە ڕاست دەکەن، با وتارێ وەکوو ئەم قوڕئانە بێنن.

35) ئاخۆ ئەوان هەر لە نەبوو هاتوونە دی؟ یان خۆیان خۆیان دروس کرد؟

36) یان ئەوانن ئاسمانەکان و زەمینیان وەدی هێنا؟ نەخێر، دیارە ناسەلمێنن.

37) یان گەنجینەی پەروەرندەت وا لای ئەوان؟ یان هەر خۆیان هەمە کارەن؟

38) یان پەیژەیێ وایان هەیە بینێن و گوێ ڕابدێرن؟ کێ لەوان کۆڵەی کردووە، با بەڵگەیەکی ڕوون بێنێ.

39) ئاخۆ کیژەکان بۆ خوان و کوڕەکانیش بەشی ئێوەن؟

40) یان بۆ مزە داوای شتێکیان لێ دەکەی، ئەوان لەژێری دەر نەچن و بۆیان زۆر گران بوەستێ؟

41) یان نهێنی وا لای خۆیان و دەنووسن؟

42) یان ئەوانە گەرەکیانە فێڵێک بکەن؟ خوانەناسان خۆیان فێڵیان لێکراوە.

43) یان بێژگە لە خوا، پەرستوویەکی تریان هەس؟ خوا پاکترە لەو شتانەی کە بە شەریکی دادەنێن؟

44) گەر بشبینن پارچەیەک لەم عاسمانە دادەکەوێ، ئێژن: هەورێکی پڕپشتە.

45) سا تۆ لەوانە وازبێنە، تا ئەوانە تووشی ڕۆژی خۆیان دەبن؛ کە ئەو ڕۆژە هەستیان دەبەردا نامێنێ.

46) ئەوێ ڕۆژێ حیلەکەیان هیچ بەهرەیەکیان ناداتێ و کەسیش دە هانایان نایە.

47) بۆ ئەوانەی پیشەیان ناهەقی بووە، جگە لەمەش جەزرەبەیێ تریان هەیە؛ بەڵام زۆربەیان نازانن.

48) بۆ فەرمانی پەروەرندەت خۆڕاگر بە، تۆ بە بەرچاوی ئێمەوەی؛ هەرکاتێ لەجێ ڕادەبی، پەسنی پەروەرندەت بدە.

49) لەشەویشدا شوکری بکە و پەسنی بدە؛ لەو دەمەشدا کە هەسارە ئاوا دەبن.