51- زاریات

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 4 خولەک  562 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) بە بایانەی دەتوانن بڵاوکەنەوە،

2) بەو هەورانەی گران بارن،

3) بەوانەی کە بەهاسانی ڕێ دەپێون،

4) بەوانەی کاردابەش کەرن،

5) هەر بەڵێنێ کە پێتانی دەدەن، ڕاستە.

6) ڕۆژی جەزا هەر ڕودەدا.

7) بەو ئاسمانەی ڕێ ڕێ یە [و شەپۆلان دەدا]،

8) قسەو یەکتر ناگرێتەوە.

9) لە قوڕئان دەتەکێتەوە، هەرکێ تەکێراوەتەوە.

10) دەک بەگوشت چن ئەوانەی درۆنەخشینن.

11) ئەوانە کەوتوونە گێژاوی نەزانی و ئاگایان لە هیچێک نییە.

12) پرس دەکەن: کەنگێ ڕۆژی جەزایە دێ؟

13) ئەوێ ڕۆژێ کە دەیانخەنە سەرئاگر.

14) بچێژن ئەو ئازارەتان کە ئێوە بۆی بەپەلەبون.

15) ئەوکەسانەی خۆپارێزن، شوێنیان باغات و کانیاون.

16) هەرچی پەروەرندەی ئەوان بۆی داناون، وەری دەگرن؛ ئەوان پێشو ئاکارچاک بوون.

17) شەوانە کەمتر دەخەوتن.

18) بەری بەیان، داوای لێ بوردنیان دەکرد.

19) لەماڵیاندا بەشێ هەبوو بۆ پارسەکان و بێ بەشان.

20) لەزەمیندا بەڵگە زۆرن بۆ ئەوانەی لەبڕوادا بێ گومانن.

21) هەروەها لە ناو خۆشتاندا؛ ئاخۆ لە خۆتان ناڕوانن؟

22) ڕۆزیتان و هەرچی بەڵێنتان پێدەدرێ، لە عاسمانە.

23) سا سوێند بە پەروەرێنی ئەزمان و زەمین، ئەمە ڕاستە؛ هەروەک بۆخۆتان داخێون.

24) ئاخۆ باسی میوانەبەڕێزەکانی ئیبڕاهیمت بۆهاتووە؟

25) کاتێ کە لێی وەژور کەوتن، گوتیان: سەلام. گوتی: سەلام؛ دەستەیەکی نەناسراون.

26) پەنامەکی خۆی گەیاندە خاو خێزانی و گوێرەکەیێ چاقی هاورد.

27) وەختێ کە لێی نزیک کردن، گوتی: لەبەرچیە ناخۆن؟

28) ئەوساکە ترسێکی ڕێ نیشت. گوتیان: تۆ نیگەران مەبەو بوونی لاوێکی زانایان مژدە پێدا.

29) ژنەکەی بەهاوارەوە هات و پوکێکی لەخۆی ناو گوتی: من پیرێژنێکم بێ زک وزا.

30) گوتیان: پەروەرندەی تۆ ئاواینەی گوتوە، ئەوخۆی کارزان و زانایە.

31) گوتی: ئەی ڕاسپاردەکان! کارتان چییە؟

32) گوتیان: ئێمە کل کراوین بۆسەر هۆزی تاوانباران.

33) تا گزمولە قوڕی ڕەق بوی وەک بەردیان لێ ببارێنین.

34) پەروەرندەت هەمونیشانەی لێداون، بۆ ئەوانەی لەئەندازە لایان داوە.

35) ئەوسا باوەڕدارەکانمان لێ وەدەرنا.

36) ئێمە غەیرەز تەنیا ماڵێک، خوداناسمان دەس نەکەوت.

37) لەوشوێنەشدا نیشانەیەکمان بەجێ هێشت، بۆ ئەوانەی کە لەئازاردانی بەژان ترسیان هەیە.

38) لەبەسەرهاتی مووساشدا، کە بە بەڵگەی ئاشکراوە بەڕێمان کردە لای فیرعەون.

39) بەونیازە کە خاوەنی هێزوپێزە، بایەخی بە مووسا نەداو گوتی: جادوگەرێکە یان لیوەبوە.

40) ئەوساکە خۆی و لەشکرەکەیمان گرت و فڕێمان دانە ناو دەریاوەو گلەییش لەخۆی کرا.

41) لەمەڕعادیش، گڕەبامان ناردەسەریان.

42) هەرشتێ کە هاتەبەری، وەک پیشەی پواوی لێکرد.

43) دەربارەی هۆزی سەموودیش، کە پێان ڕاگەیەندرا: هەتا ماوەیەک ڕایبوێرن.

44) لە فەرمانی پەروەرندەیان لایاندا؛ هەتا دیتیان وەبەر هەورەتریشقەیێ کەوتن.

45) نەیانکرا ڕاست بنەوەو کەسیش دەهانایان نەهات.

46) هۆزی - نووحیش لەپێشوڕا - [بەرغەزەبی ئێمە کەوتن] کە گەلێکی نافەرمان بوون.

47) ئەم ئاسمانەشمان بە هێزی خودی خۆمان وەدی هێناو بێ سۆ پەرەشی پێدەدەین.

48) زەمینیش ئێمە ڕامان خست؛ ئای کە چەند ڕاخەری باشین.

49) لەهەرشتێ جوتێکمان وەدی هێناوە؛ بەشکوو بیری لێ بکەنەوە.

50) سا هەمووتان بەڕاکردن بەرەوخوابن، کە لەوڕا من بە ئاشکرا ترس وەبەر ئێوە دێنم.

51) وێڕای خوداش هیچ شتی تر مەپەرستن؛ ئەو بە منی سپاردوە ە بە ئاشکرا ترسی ئەوتان وەبەر بێنم.

52) بەرلەمانەش هەروابوە؛ هەرکاتێ پێغەمبەرێکیان بۆهاتووە، گوتویانە: یان جادوگەرە، یان شێتە.

53) مەگەر ئەوان یەکترینیان بەوقسە ڕاسپاردوە؟ [نە، وانیە] بەڵکوو ئەوان هەر بۆخۆیان گەلانێکی نافەرمان بون.

54) سا تۆ واز لەوانەبێنە؛ کەسیش سەرکۆنەی تۆ ناکا.

55) تۆ هەر وەبیریان بخەوە؛ بیرەوەری بەهرەدەدا بەوانەی خاوەن باوەڕن.

56) من هەربۆیە جندۆکەو مرۆم دروس کرد، بمپەرستن.

57) من هیچ ڕۆزیم لەوان ناوێ و نامگەرەکە ئەوانە خۆراکم دەنێ.

58) هەرخودا ڕۆزی دەنێرێ و خودان هێزێکی پتەوە.

59) بەهرەی ئەوغەدرکەرانەش وەک بەهرەی ئەوانەدەبێ، کە هاوباوەڕی خۆیان بون؛ ئیتر لێم بەپەلە نەبن.

60) واوەیلا بۆ خوانەناسان، لەوڕۆژەدا کە بەڵێنیان پێدراوە.