50- قاف

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 5 خولەک  885 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) قاف، سوێند بەم قوڕئانە بەڕێزە،

2) دیارە سەریان لەوەسوڕما کە ترس وەبەرهێنێکیان لە خۆیان بۆپەیدابوە؛ ئەوانەی خودانەناس بوون، گوتیان: ئەمە شتێ سەیرە.

3) ئاخۆ ئەگەر مردین و بووینە مشتێ خۆڵ، [دەژینەوە؟] ئەم گەڕانەوەیە دورە.

4) ئێمە هەر زوزانیومانە زەوی چەندیان لێ کەم دەکا؛ کتێبێکیشمان لەلایە هەموشتێکی تێدایە.

5) بەڵکوو ئەوان کە ئەم ڕاستەیان هاتەلا، هەر باوەڕیان پێ نەکردو کارەکەیان لێ ئاڵۆزا.

6) ئاخۆ ئەوان بۆ عاسمانیان نەڕوانیوە، کەبەسەر سەریانەوەیە، چتۆ وەدیمان هێناوەو چلۆنمان ڕازاندۆتەوەو هیچ کەلێنی تێدا نییە؟

7) ئەم هەردەشمان ڕاخستوەو کێوپارەمان تێ خستوەو جووتەی هەموڕوەکێکی بەردڵمان دەناودا ڕواند؛

8) تا چاوی دڵ ڕۆشن کات و ببێتە هۆی بیرەوەری بۆهەرعەبدێک حەزبکا بگەڕێتەوە.

9) لەوبەرزەوە ئاوێ بەپیت و بەهرەمان بەرەژێر نارد؛ فرەباغاتمان پێ ڕواند؛ ئەولبەش کە درەو دەکرێ؛

10) دارەخورمای بەرزەباڵاش بە هێشووی بزمارکوتەوە؛

11) بژیوە بۆعەبدەکان و سەرزەمینی مریشمان پێ بوژاندەوە؛ دەرکەوتنیش هەروەهایە.

12) بەرلەوانەش، هۆزی نووح و خودانی ئاوی بیرەکەو سەموودیش هەر بێ بڕوابون.

13) هۆزی عادو دەستەودایەرەی فیرعەون و هۆزی لووتیش،

14) گرۆی خاوەن دەحلەکان و ژێردەستەکانی توببەعیش، هیچیان بە پێغەمبەرانیان باوەڕنەکرد؛ ئەوسا هەڕەشەکانی من وەڕاست گەڕا.

15) ئاخۆ ئێمە لەوەدی هێنانی پێشین ماندوببوین؟ بەڵکوئەوان بەگومان بون کە دەتوانین سەرلەنوێ وەدی بهێنین.

16) دیارە ئێمە مرۆمان دروس کردووەو دەشزانین چۆن خەیاڵاتی بەدڵدادێ. ئێمە بۆئەو لە شادەماری لاملی نزیکترین.

17) ئەوێ کاتێ لە لای ڕاست و چەپیشەوە جوتێ فرشتە ڕۆنیشتون [بۆی دەنووسن].

18) هەر ورتەی لە دەم دەربچێ، چاوەدێرێکی لاهەیە.

19) بورانەوەی ئاویلکەدان، وادیاریدا؛ هەر ئەمەشە کە تۆ نەت دەویست توشی بی.

20) فو بە کەڵەشاخادەکرێ؛ ئەوێ ڕۆژێ؛ دەبێ هەڕەشە وەدی بێ.

21) هەر کەسێ دێ، یەکێک وەپێشەخۆی داوەو یەکێکیش شایەتی دەدا.

22) تۆ لەمانە بێ هەواڵ بوی؛ وا سەرپۆشمان لە سەر لادای؛ چاوت ئەمڕۆ زۆر بڕدەکا.

23) فرشتەکەی هاوڕێی ئێژێ: وا لە لای من ئامادەیە.

24) بە هەردوکتان، هەموو سپڵەیەکی لاسار، باوێژنە ناو دۆژەهەوە.

25) کە بەری لە چاکە گرت و لەڕێی لاداو خەڵکیشی وەگومان دەخست.

26) کەسێ بو کەوێڕای خودا، شتی دیکەشی دەپەرست. سا بەتوندی بیانخەنە بەر جەزرەبەوە.

27) ئەویی هاوڕێیەتی ئێژێ: ئەی پەروەرندەی گلامان! دنەی سەرپێچیم نەداوە؛ بەڵام هەرخۆی لەوپەڕی گومڕاییدابو.

28) ئێژێ: لای من کێشەمەکەن؛ من پێشەکی هەڕەشەم پێ ڕاگەیاندون.

29) بەڵێنی من گۆڕانی بەسەردا نایەو ناهەقی لەعەبدان ناکەم.

30) ڕۆژێ دەبێ کە بە جەهەندەمێ ئێژین: ئاخۆ پڕ بوی؟ ئێژێ: ئاخۆ پتریش هەیە؟

31) بەهەشتیش لە خۆپارێزان نزیک بۆتەوەو دورنیە.

32) کە ئەمە بۆ ئەوکەسانەی بەرەوخودا گەڕانەوەو خۆپارێزبون، سۆزدراوە.

33) ئەوانەی کە بە نهێنی لەخودای خۆیان ترساون و بەدڵێکی پاکەوە هاتوونەوە لای.

34) هەمووتان بچنەژورەوەو بێ ترس بن؛ ئەمەیە ڕۆژی هەرمانێ.

35) هەرچی ئارەزووشی بکەن تێیدا هەیە و زێدە لەویشمان لاهەیە.

36) ئێمە گەلێک چین و بەرەن - کە دەپێش ئەوانەدابون - قڕتێ خستون، لەمانەش بەهێزتر بون و زۆروڵاتیان پشکنیون؛ ئاخۆ ئەوان هیچ دەرەتانیان بۆڕەخسا؟

37) ئەم وتارە بۆهەر کەسێ دڵ زیندووە، یان باشی گوێ لێ دەدێرێ و بیریشی هەر لە لای ئەوە، دەبێتەهۆی پەندگرتن و بیرکردنەوە.

38) ئەم ئاسمانان و زەمینەو هەرچی لەناویاندا هەیە، بە شەش ڕۆژ وەدیمان هێناو هیچ ماندگیشمان تووش نەهات.

39) سا خۆبگرە لە بەرانبەر ئەو شتانەی ئەوان ئێژن. هەر پەسنی پاکی پەروەرندەی خۆت بدە؛ لەپێش گزینگی هەتاوداو بەرلەدەمی ڕۆژاوابون.

40) لە شەویشدا هەر پەسنی پاکی ئەوبدەو دوای هەموو سوژدەبردنیش.

41) هەردەمێکیش بانگ ڕاهێڵێک لەجێگایەکی نزیکڕا گازی دەکا، گوێی بۆبگرە.

42) لەوڕۆژەدا کە نەعرەتەڕاستەکەیان گوێ لێ دەبێ، ئەمە ڕۆژی دەرکەوتنە.

43) ئێمە خۆمان ژی دەبەخشین و دەمرێنین؛ وەگەڕیش بۆ لای ئێمەیە.

44) ئەوێ ڕۆژێ کە زەمین دەقەڵشێتەوەو بەلەز دەریان دەهاوێژێ، ئەمە بۆ وەکۆکردنێ، لامان شتێکی هاسانە.

45) ئێمە باشتر دەزانین ئەوان چ ئێژن؛ تۆ زۆردارێک نی لەسەریان؛ هەر کەسێکی لە هەڕەشە ترسی هەیە، بەم قوڕئانە تۆ وەبیری بخەرەوە.