49- حوجورات

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 4 خولەک  862 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! نەچن وەپێش خوا و پێغەمبەرەکەی کەون؛ با ترستان لە خودا بێ، خودا بیسەر و زانایە.

2) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ناشێ دەنگتان سەر دەنگی پێغەمبەر کەوێ. دەنگیش هێندە بەرز مەکەن، وەک وەل یەکترا داخێون؛ کە کارتان لێ پووچەڵ ببێ و خۆتان بە خۆتان نەزانن.

3) ئەو کەسانەی لجەم پێغەمبەری خودا دەنگیان نزم دەکەنەوە، ئەو کەسانەن خوا دەربارەی پارێزگاری، دڵی تاقی کردوونەوە. لێ خۆش بوون و پاداشی مەزن بۆ وانە.

4) ئەو کەسانەی لەو دیوی هۆدەکانەوە بانگت دەکەن، زۆربەیان ئاوەزیان نییە.

5) ئەگەر خۆیان ڕاگرتایە هەتا دەر دەچووی بۆ لایان، بێ شک بۆ ئەوان باشتر بوو. خوا دەشبوورێ و دلۆڤانە.

6) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! هەرگا لە فەرمان لادەرێک دەنگ و باسێکتان بۆ دێنێ، بە وردی لێی ورد بنەوە؛ نەکا لە ڕووی نەزانیوە گەلێکان تووشی زیان کەن و لە کردەتان پەژیوان بن.

7) پێویستە ئەمەش بزانن کە پێغەمبەری خوداتان لەناودایە. ئەگەر لە زۆرکاراندا شوێنتان کەوتبا، تووشی ناڕەحەتی دەبوون؛ بەڵام خودا ئەڤینی بڕوا بە دینیدا بە ئێوە و ئەوەی لە دڵتاندا خەمڵاند. بێ باوەڕی و لە ڕێ لادان و سەرپێچی لە لاتان دزێو کردووە. لە ڕێ شارەزا ئەوانەن.

8) ئەمەش بەخشش و چاکەیە لە خوداوە و؛ خودا زانای لەکارزانە.

9) هەرگا لە ناو باوەڕداران دوو گرۆ دە گژ یەکڕا چون، ئێوە ئاشتیان بکەنەوە؛ ئەگەر یەکیان گەرەکی بو ناهەقی لەوی تر بکا، ئێوە دە گژ ئەوڕا چن کە هەر دەیەوێ شەڕ بکا؛ هەتا بۆ فەرمانی خوا مل کەچ دەکا. ئەوسا - بەبێ لایەنگیری - پێکیان بێنن و بە یەکسانی بە کێشەکەیان ڕابگەن. لەو کەسانەی بە یەکسانی پێ ڕادەگەن، خوا خۆشی دێ.

10) خاوەن باوەڕ هەموویان هەر برای یەکن؛ براکانتان پێکەوە ئاشت بکەنەوە. ئەشێ لە خودا بترسن؛ بەشکوو بەر بەزەیی کەون.

11) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! با هێندێکتان گاڵتە بە هێندێکان نەکەن؛ لەوانەیە ئەوانەی گەپیان پێ دەدەن، لە گەپ دەرەکان باشتر بن. ژنیش هەروا؛ لەوانەیە ئەوانەی دەبنە گاڵتەجار، لەوی گاڵتەیان پێ دەکەن، پەسندتر بن. لە سیلەی چاو داگرتن و تەشەر دەیەکتر گرتن و ناو و ناتۆرە لێک هەڵدان، دەس هەڵگرن؛ چونکە لە پاش بڕوا هێنان، لە ڕێ لادان، بەد نێویە و ناپەسەندە. کێش پەژیوان نەبێتەوە، لە ڕێزەی ناهەقەکانە.

12) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لە زۆرێک لە گومانان خۆ بپارێزن. چونکە هێندێک گومانی وا هەن گوناهن. لە کاروباری یەکتریش مەکۆڵنەوە. پاشەملەش خراپەی یەکتر مەبێژن. ئاخۆ کەستان وازی لێیە کە گۆشتی برای خۆی بە مردویی بخوا؟ دیارە قیزتان لێ دێتەوە. ئەشێ لە خودا بترسن. خوا پەژیوانی قبوڵە و دلۆڤانە.

13) ئەی خەڵکینە! هەر لەنێر و مێوێکەوە ئێوەمان وەدی هێناوە و کردوومانن بە چەند گەلێک و چەند هۆزێک هەتا یەکتری بناسن. بەڕێزترینتان لای خودا، پارێزگارترەکانتانن. خودا زانایە و ئاگادارە.

14) عەرەبەکانی دەشتەکی گوتیان: باوەڕیمان هێنا. بێژە: هێشتا باوەڕیتان نەهێناوە؛ بەڵام بێژن: خۆمان بەدەستەوە داوە؛ هێمان بڕوای ئیسلامەتی نەچۆتە ناو دڵتانەوە. ئەگەر ئێوە بەرفەرمانی خودا و پێغەمبەری ئەو بن، لە پاداشی کردەوەتان هیچ شتێ کەم ناکاتەوە. خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە.

15) خاوەن باوەڕ ئەو کەسانەن کە بڕوایان بە خوا و پێغەمبەری هەیە و تووشی دوودڵی نەبوون و بە گیان و ماڵ لەڕێی خودا تێکۆشاون و هەر ئەمانە بەڕاستیانە.

16) بێژە: ئاخۆ گەرەکتانە خودا لەو دینەی هەتانە، ئاگادار کەن؟ کە چی خوداش لە هەر شتێ لە ئاسمانان و زەمیندان، ئاگادارە و خوا بۆ هەموو شت زانایە.

17) هەر چونکە بوونە موسوڵمان ، منەت بەسەر تۆدا دەکەن. بێژە: ئەگەر ڕاست ئەکەن خاوەن باوەڕن، لە موسوڵمان بوونی خۆتان، منەت بەسەر مندا مەکەن؛ بەڵام خودا منەت لەسەر ئێوە دەکا، کە ڕێگای بڕوا هێنانی نیشان داون.

18) هەر نهێنی لە عاسمانان و زەمیندان، خوا دەیزانێ و هەر چی دەیکەن ئەو دەیبینێ.