46- ئەحقاف

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 7 خولەک  524 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) حا، میم.

2) ئەم کتێبە لەخودای بەدەستەڵاتی لەکارزانەوە ناردرا.

3) ئەم ئاسمانانەو زەمینەو هەرچی لەناویاندا هەیە، بۆڕاستی وەدیمان هێنان و مەودایان دیاری کراوە. ئەوکەسانەش کە خودایان نەناسیوە، لەچی ترسیان وەبەر بێرن، خۆ دەبوێرن.

4) بێژە: ئەو شتانەی ئێوە - غەیرەز خودا - هانایان دەبەنەبەڕێ، چییان لەم هەردە چێ کردووە؟ یان ئەگەر لەعاسمانەکان بەشداربوگن، نیشانم دەن. گەر ئێوە بەڕاستیتانە، کتێبێک بەرلەم [قوڕئانە] هاتبێ، یان قسەی دەربارەی زانست - کە هەر لەکەوناراوە ماوە - بۆمی بێرن.

5) کێش لەوکەسە گومڕاترە هانا بۆغەیرەز خوا دەبا؟ بۆکەسێ کە هەتا قیامەت پەرسڤی پێ ناداتەوەو هەر ئاگاشیان لە پاڕانەوەیان نییە.

6) هەرگا مەردم هەموویان کۆدەکرێنەوە، ئەوان دەبنە دوژمنیان و حاشادەکەن لەوانەی پەرستویانن

7) هەرگا نیشانە ئاشکراکانی مەیان بۆوەخوێنن - ئەوانە وا کاتێ قوڕئانیان بۆهات حاشایان لێ کرد - ئێژن: ئەمە هەر بەئاشکرا جادوە.

8) یان دبێژن: هەر بۆخۆی هەڵی بەستوە. بێژە: ئەگەر هەر بۆخۆم هەڵم بەستبێ، پێتان ناکرێ لای خودا هیچ بۆمن بکەن؛ خوداش پتر ئاگادارە لەو توانجەی کە دەقوڕعانەکەی دەگرن؛ هەر ئەو بەسە بۆ شایەتی لە نێوان من و ئێوەدا؛ هەر ئەویشە گوناهبەخشی دلۆڤانە.

9) بێژە: لە ناو ئەو هەموو پێغەمبەرانە، من یەکێ نائاسایی نیم؛ ناشزانم لە من با لەنگۆ چ دەقەومێ. من هەر ئەوەندەم لەسەرە پەیڕەوی ئەو فەرمانەبم کە پێم ڕادەگەیەندرێ. من هەر تەنیا بەئاشکرا ترسێنەرم و چی تریش نیم.

10) بێژە: ئاخۆ چ دەڵێن ئەر [ئەم قوڕئانە] لە خواوە بێ و ئێوە حاشای لێ بکەن و یەک لەتۆرەمەی ئیسڕائیلیش شایەتی بدا لە سەر وێنەکەی و بڕوابێنێ و ئێوە هەر خۆبەزل زان بن؟! خودا خێڵی غەدرکەران بەرەوخۆی شارەزاناکا.

11) ئەوانەی خودانەناسن، بۆخاوەن باوەڕان ئێژن: ئەگەر هیچ شتێکی باشی تێداهەبا، بەرلەئێمەی بۆنەدەچون. ئێستا کە نەیگەیشتونێ، ئێژن: ئەمە درۆیەکی کەونارایە.

12) لە پێش ئەمیش کتێبی مووسا پێشەواو بەزەیی بو. ئەم قوڕئانە ئەویشی بەڕاست زانیوەو بەئەزمانی عەڕەبی یە؛ تا ناهەقان بترسێنێ و مژدەبێ بۆئاکارچاکان.

13) ئەوکەسانەی وتویانە: پەروەرندەمان خودایە و لە دواییشدا هەر لە سەر قسەی خۆیان مان، نە ترسێکیان لە سەر هەیە، نە خۆم دەخۆن.

14) ئەوکەسانە لەقەرەبوی کارەکانیان بەهەشتین و هەتاسەر هەر تێیدادەبن.

15) ئێمە بە مرۆمان ئەسپارد کە دەگەڵ دایک و بابی خۆی چاکەبکا. دایکی بەتۆلی هەڵی گرت، ڕەنجی کێشا؛ کە داشی نا، ڕەنجی کێشا. هەڵگرتن و لەمەمک بڕینەوەشی سێ هەیڤی برد؛ هەتا گەیشتە خورتانی و تەمەنی گەییشتە چل ساڵ؛ گوتی: ئەی پەروەرندەی من! خۆت ڕام هێنە، سپاسی ئەوچاکە بکەم کە دەربارەی من و دایک و باوکمت کرد؛ کاری وا هێژام فێربکە تۆ ڕازی کا؛ تۆرەمەشم لەکاری چاکە ڕابێنە؛ وا بەرەوتۆ گەڕامەوەو خۆم هەر بە تۆ ئەسپاردوە.

16) هەر کەسیش وەک ئەوانەبن، ئێمە کارەباشەکانیان لێ وەردەگرین و لە گوناهیشیان خۆش دەبین و وەل بەهەشتیەکان دەبن. ئەوبەڵێنەی کە پێیان دراوە، ڕاستە.

17) ئەومرۆیەش کە بە باب و داکی دەگوت: لام لێ لادەن! ئاخۆ بەڵێنم پێ دەدەن جارێ تر زیندوودەبمەوەو لەگۆڕ دەرم دەهێننەوە؟ چەند بەرەوچین لە پێش مندا هاتوون وچون. داک و بابیش هەرپەنایان بە خوا دەبرد [ودەیانگوت:] هەی ماڵ وێران بڕوابێنە! بەڵێنی خودایە و ڕاستە. ئەویش دەیگوت: ئەو شتانە هەرچیرۆکی پێشینانەو چی تر نییە.

18) ئەوکەسانەش هەر بەدەردی کۆمەڵانێک - لەجندۆکەو مرۆیان - چون، کە بەرلەوان فەوتان و تووش جەزرەبەی ئێمە هاتن و زیانباربون.

19) ئێمە بۆهەریەک لەوانە پلەوپایەمان داناوە. تا خوا بەهەر کەس بەگوێرەی کارو کردەوەی پاداش بات. ناهەقیشیان لێ ناکرێ.

20) ڕۆژێ بەرەی خوانەناسان بەرانبەر ئاگر ڕادەنێن [پێان دەڵێن:] خۆشی دنیاو دەرباز کرد و بەباشی بەهرەتان لێ برد؛ ئەمڕۆش زۆر بەسووکایەتی ئازار دەدرێن؛ چونکە ئێوە لەسەرزەمین - بەخۆڕایی - خۆتان بەزل زانی و لە ڕێگەی ڕاستولادابو.

21) برای عادیش وەبربێنە، کە لە ئەحقاف ترسی وەبەر هۆزەکەی نا: ئێوە نابێ غەیرەز خودا بپەرستن؛ من لە ئێوە نیگەرانم کە لە ڕۆژی گەورەدا ئازارببینن. بەرلە ئەو و لە پاش ئەویش ترسێنەران هاتن و چوون.

22) گوتیان: ئاخۆ هەر بۆیە هاتویە لامان، لامان بدەی لەوانەی دەیانپەرستین؟ ئەگەر لەقسەڕاستانی، ئەوهەڕەشەی لەئێمەت کرد، بەجێی بێنە.

23) گوتی: ئەویش خوا دەیزانێ؛ من بەچی ڕاسپێراوم، بە ئێوەی ڕادەگەیەنم؛ بەڵام وەک من دەتانبینم، ئێوە کۆمەڵێ نەزانن.

24) کاتێ لە لای شیوەکانیان هەورێکیان دی، گوتیان: ئەمە بارانمان بۆدەبارێنێ. بەڵکوو ئەمە هەر هەمانە کە ئێوە بۆی بەپەلەبون؛ هەوری بایەو جەزرەبەدانی بەژانی لەگەڵدایە؛

25) بە فەرمانی پەروەرندەی، هەموشت تێک وپێک دەدا. ئیتر کارێکیان بەسەرهات تەنیا هەر جێ ماڵەکانیان دەبیندرا. ئێمە پاداشی کۆمەڵی تاوانباران ئاوا دەدەین.

26) لەوشوێنەدا گوزەرانێکمان دابونێ، کە بە ئێوەمان نەداوە. گوێ و چاوو دڵیشمان بەوانیش دابو؛ ئەوان لەگوێ و چاوو دڵیان هیچ بەهرەیان دەس نەکەوت؛ کە نرخێکیان بۆنیشانەکانی خودا دانەدەناو ئەوەی حەنەکیان پێدەکرد، دەوری لێدان.

27) فرە لەو باژێڕانەمان قڕ تێ خستون کە هەر لەدەوری ئێوەبون. هەموو جۆرە نیشانەمان بۆڕاناون، کە بەشکوو بگەڕێنەوە.

28) ئەدی بۆچی ئەو شتانەی غەیرەز خودا دەیانپەرست تا بەوهۆیە لە خوایان نزیک کەنەوە، هیچ دەهانایان نەهاتن؟ بەڵکوو ئەوان لەدەسیان چون؛ ئەمەش لەودرۆیانەبو کە بۆخۆیان هەڵیان بەستون.

29) هێندێکیش لەجندۆکانمان ناردەلای تۆ، کە گوێ لەم قوڕئانە بگرن، کاتێ هاتن، گوتیان: مات بن و گوێ بدەن. وەختێ بیستیان، هاتنەوە ناو خێڵەکەیان و ترسی خوایان وەبەرنان.

30) گوتیان: گەلۆ! ناوەرۆکی کتێبێکیان بۆوەخوێندوین، کە پاش مووسا ناردراوە؛ بە کتێبەکانی پێشوشی بڕواهەیە؛ هانە بۆڕاستی دەدات و شارەزای ڕاستەڕێ دەکا.

31) گەلۆ! وەرن بە دەنگ ئەم کەسەوە بچن کە گازی بۆ خودا دەکا و بڕوای پێکەن. لە گوناهانو خۆش دەبێ و لەئازاردانی بەژانتان دەپارێزێ.

32) هەر کەسێکیش بە دەنگ ئەوکەسەوە نەچێ - کە بەرەوخودا بانگ دەکا - لەم زەمینە دەرەتانی دەس ناکەوێ و غەیرەز خودا هیچ کەسی دەهانا نایە. کێش ئاوابن، دیارە ڕێ یان لێ گۆڕاوە.

33) ئاخۆ ئەوان نەیانزانی ئەوخودایە کە زەمین و ئاسمانانی وەدی هێناو لە وەدی هێنانیشیاندا تووشی ناتەوانی نەبوو، دەتوانێ زیندووش کاتەوەو بش مرێنێ؟ ئارێ ئەو لە سەر هەموشت توانای هەیە.

34) ئەوێ ڕۆژێ کە ئەوانەی خوانەناس بوون، لای ئاگر ڕایان دەنێن [و پێیان دەڵێن:] ئاخۆ ئەم شتە ڕاست نییە؟ ئێژن: ڕاستە، سوێند بەپەروەرندەمان. ئێژێ: چونکە ئێوە هەرحاشاتان لێ کرد، سا ئەوئازارە بچێژن.

35) تۆش هەروەکو پێغەمبەرە لێ بڕاوو نەبەزەکان، سوربە لە سەر کارەکەت و خۆڕاگربە؛ وەک ئەوانیش خۆڕاگربون . بۆئەوانەش پەلەت نەبێ؛ ئەو ڕۆژی بڕیاردراوە بێنەلامان، وادەزانن مانەوەیان هەر ساعەتێ لە ڕۆژێکی خایاندوە. ئەمەش پەندێکی تەواوە. ئاخۆ کەسێک - بێژگە لە ڕێ لادەرەکان - بەجەزرەبە لەبەین دەچێ؟