47- موحەممەد

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 6 خولەک  529 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) ئەوانەی دژی خوا بوون و لەمپەرێک بوون لە ڕێی خودا، هەموو کردەوەکانیانی لێ پوچەڵ کرد.

2) ئەوانیش کە خواناس و ئاکارچاک بوون و بەم قورئانەش - کە ڕاستە و لە پەروەرندەیانەوە بۆ موحەممەد بە خەڵات هاتۆتەخوارێ - باوەڕیان کرد، خودا هەموو گوناهەکانیانی پۆشی و کاروباری ژیانیانی بۆ سامان دان.

3) چونکە هەرچی دژایەتی خودایان کرد، شوێن کاری ناڕەوا کەوتن. ئەوی خاوەن باوەڕیشن لەدوی ئەو فەرمانە دەچن؛ کە بە ڕاستی لە پەروەرندەیانڕایە. ئاوا خودا چەند نموونە بۆ ئەم خەڵکە دێنێتەوە.

4) ئیتر هەرگا تووشی ئەو بێ دینانە بوون، لە ملیان دەن؛ پاش ونجڕ ونجڕ کردنیان شەتەکیان دەن. ئەوسا یان هەر بە چاکە ئازادیان بکەن؛ یا بەرخوێنیان لێ بستێنن؛ هەتا شەڕ کۆتایی پێ دێ. ئەگەر خودا بیویستبا، بۆ خۆی تۆڵەی لێ دەستاندن؛ بەڵام ویستی بە یەکتریتان بئەزموێ. ئەو کەسانەش کە لە ڕای خودا کوژراون، کردەیان بە فیڕۆ نادا.

5) بەم زووانە ڕێگەیان پێ نیشان دەدا و کاروباری ژیانیان بۆ تەکووز دەکا.

6) دەشیانباتە ئەو بەهەشتەی کە پێشەکی بۆی باس کردوون.

7) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەگەر یاری خودا بکەن، خوداش یاریدەتان دەدا و لە بەر نەیاران نابەزن.

8) ئەوانەش کە دین دوژمنن، بەشیان هەر نەگبەتی دەبێ و کارەکانی لێ پوچ کردوون.

9) چونکە ئەوان لەمەی کە خودا ناردوویە، خۆشیان نایە؛ ئەوسا ئەویش کارەکانی لێ تێک داون.

10) ئاخۆ ئەوان بە زەمیندا نەگەڕاون، تا بڕوانن پێشینەکانی ئەوانە چییان بەسەرهات؟ خودا تەرت و تونای کردن؛ بۆ لە دین لادەرەکانیش هەر شتێکی ئاوا هەیە.

11) چونکە خودا سەروەری ئەو کەسانەیە کە باوەڕیان پێ هێناوە و ئەوانەی خودانەناسن، بێ سەروەرن.

12) خودا خاوەن باوەڕانی ئاکارپەسند، دەنێرێتە ناو باغاتێک جۆباریان بەبەردا دەڕوا. ئەوانەی نەشیان ناسیوە، لە دنیادا ڕای دەبوێرن و دەلەوەڕێن؛ وەک لەوەڕانی ئاژەڵ و جێگەیان لە ئاگردایە.

13) فرە باژێڕی وا هەبووە لە خەڵکی باژێڕەکەی تۆ - ئەوەی تۆیان لێ وەدەرنا - گەڵێک بەهێز و گوڕتر بوون، قڕمان کردوون؛ کەسیش دە هانایان نەهات.

14) ئاخۆ کەسێ لە پەروەرندەی خۆیەوە بەڵگەی ڕوونی بۆ هاتبێ، وەک کەسێکە کردەوە خراپەکەی خۆی بۆ خەمڵاوە و شوێن ئارەزووی خۆیان کەوتوون؟

15) ئەو بەهەشتەی خوا بە پارێزگارانی بەڵێن داوە، چۆن چۆنییە؟ چەندین ڕوباری وای تێدا، ئاوەکەیان شلوێ نابێ. چەند ڕوباری شیری تێدا، هەرگیز تامی نەگۆڕاوە. چەندین ڕوباری شەرابی پێدا دەڕوا، تا وەیخۆن کەیفی پێدەکەن. چەند ڕوباریش لە هەنگڤی پاڵافتە هەن. هەر میوەیەکیش بخوازن، تێدا هەیە؛ خۆش بوونی پەروەرندەشیان. چۆن ئەمانە دەبنە لنگەی ئەو کەسانە کە تا هەتا هەر دەبێ لە ئاگردا بن و لەسەریانە ئاڤاکەلاندی وەخۆن و ڕیخۆڵەیان لەت و پەت کا.

16) هێندێکیان دێن گوێت لێدەگرن؛ وەختێ لە لای تۆ دەردەچن لە زانیارەکان دەپرسن: ئێستە چی وت؟ خودا مۆری بەسەر دڵیانەوە ناوە و شوێن ئارەزووی خۆیان کەوتوون.

17) ئەو کەسانەش کە هاتوونە سەر ڕاستە ڕێ، پتر شارەزایان دەکا و ترسی خوایان پتر دەخاتە دڵەوە.

18) ئاخۆ ئەوان چاوەنۆڕن گوزوگوممەت ئێستە سەڵایان لێڕا بێ؟ ئەوا ئێستا نیشانەکانی پەیدا بوون؛ وەختێ سەڵاشیان لێڕابوو، پەندی ئەوان سوودی چییە؟

19) سا بزانە غەیرەز خودا هیچ شت بۆ پەرستن نابێ. بۆ هەڵەی خۆت و پیاوان و ژنەکانی خاوەن باوەڕ، داوای لێ خۆش بوونێ بکە. خوا لە هەڵگێڕ وەرگێڕتان و لە شوێنی هەمیشەییتان ئاگادارە.

20) ئەوانەی خاوەن باوەڕن ئێژن: بۆ چە سوورەتێک نایەتە خوارەوە؟ ئەمجارە کە سوورەتێکی پتەو هات و لەمەڕ خەزاوە باسی کرد، تۆ ئەوانەی دەغەزێکیان لە دڵدایە دەبینی وات لێ دەڕوانن، وەک کەسێ لە ترسی مردن تووشی فێداری هاتبێ. بۆ ئەوانە وا باشترە.

21) [بۆ ئەوانە] بەر فەرمانی و پەیڤینی بەجێ و ڕێیە [هێژاترە]. هەرگاش خەزا بڕیار درا، ئەگەر ئەوسا بەرانبەر بە خودا ڕاست بن، هەر بە قازانجی خۆیانە.

22) ئاخۆ ئەگەر دەستەڵاتوو وەدەس کەوت، لەم زەمینە خراپە ڕێوە دەبەن و پەیوەندی خزمایەتیتان دەچڕێنن؟

23) سا ئەوانە خودا بەر نەحلەتی خستوون؛ گوێیان کەڕ و چاوەکانی لێ کۆر کردوون.

24) ئاخۆ ئەوان لەو قورئانە ڕانامێنن، یان دڵیان گاڵە دراوە؟

25) ئەو کەسانەی لە پاش لە دین شارەزا بوون وەرگەڕاون، دیارە شەیتان دنەی داون و کارەکانی بۆ خەمڵاندوون.

26) چون ئەوانە بەو کەسانەی کە حەزیان لەو شتە نییە کە خوا ناردوویەتە خوارێ، وتوویانە: ئێمە لە بازە کارێکدا بە قسەو دەکەین. خوداش لەوەی دەیشارنەوە ئاگادارە.

27) دەبێ چۆن بن ئەو سەردەمەی فرشتە گیانیان دەکێشێ و دە ڕوخسار و پشتەوەیان دەسرەوێنێ؟

28) چونکە ئەوان وەشوێن شتێکی وا کەوتوون کە خودای تووڕە کردووە و بە ڕەزای ئەو ڕازی نەبوون؛ ئەوسا ئەویش کاریانی لێ پوچ کردوون.

29) ئاخۆ ئەوانەی غەرەزیان لە دڵدایە، لایان وایە خودا ڕک و کینەیان ئاشکرا ناکا؟

30) ئەگەر حەزمان بکردایە، دەمانهێنانە بەرچاوت و ئیتر هەر بە ورد بوونەوە لە بیچمیان، باش دەوناسین. بێ گومانە بە ڕاوێژی ئاخافتنیش دەیانناسێ. خواش هەموو کارەکانتانی ئاگا لێیە.

31) بە تاقیتان دەکەینەوە تا بزانین، کێ لە ئێوە تێکۆشاوە و کێتان خۆڕاگرتر بووە. بەراوردی دەنگوباسی ئێوەش دەکەین.

32) ئەوانەی خوانەناس بوون و بوونە لەمپەر لە ڕای خودا لە دوای ئەوە زانیبووشیان ڕێگەی ڕزگار بوون کامەیە، هەر دژی پێغەمبەر وەستان، هەرگیز ئەوانە ناتانن زیان بە خوا بگەیەنن و بەم زووانە کارەکانیان پوچەڵ دەکا.

33) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لە فەرمانی خودا و پێغەمبەر دەر مەچن و کارتان پوچەڵ مەکەنەوە.

34) ئەوانەی لە دین لایاندا و بوونە لەمپەر لەڕای خودا و دوایی بەبێ دینی مردن، هەرگیز خوا لێیان خۆش نابێ.

35) سس مەبنەوە و داوای شەڕویستانێ مەکەن؛ هەر ئێوە بەسەر ئەواندان؛ ئێوە خوداتان دەگەڵە و هەرگیز پاداشی خەباتەکەتان لێ کەم ناکاتەوە.

36) هەرچی ژیانی دنیایە، هەموو هەر گاڵتە و گەپێکە. ئەگەر ئێوە بڕواو هەبێ و خۆپارێز بن، پاداشی خۆتان دەداتێ و هیچ ماڵیشتان لێ ناخوازێ.

37) هەرچەند زۆر بە قیرسیچمەییش داوای ماڵێکتان لێ بکا، ڕژدی دەکەن و ڕکوونیتان دەردەخا.

38) با هەمووتان ئاگادار بن؛ بانگتان دەکەن کە ماڵ لە ڕای خوا بەخت کەن. ئی واشتان دەناودا هەیە ڕژدی دەکا؛ هەر کەسێکیش ڕژدی دەکا، ڕژدی دەربارەی خۆی دەکا. خوا لە گش کەس بێ نیازە؛ ئێوە ژار و بەلەنگازن؛ ئەگەر پشتیشی تێ بکەن، چینێکی تر بە ئێوە دەگۆڕێتەوە، کە هەرگیز وەک ئێوە نەچن.