45- جاسیە

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 5 خولەک  585 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) حا، میم.

2) ئەم کتێبە خاوەن دەستەڵاتی کارزان ناردوویەتی.

3) لە ئاسمانان و زەمیندا، بەڵگە زۆرن بۆکەسانی خاوەن باوەڕ.

4) لەئافراندنی خۆتان و بڵاوبونی جانەوەران، چەند بەڵگە هەن بۆ ئەوانەی لەبڕوادا بێ گومانن.

5) لەهاتوچوی شەو و ڕۆژوو لەو ڕۆزی یەی کە خودا لەو حەوایەوە بەڕێی دەکا و زەوی مردوی بەوهۆیە زیندووکردەوەو لەهەڵکردنی بایەکان، نیشانە هەن بۆ ئەوکەسانەی تێدەگەن.

6) ئەمانە نیشانەی خودان کە بۆتی دەخوێنێتەوەو هەمووی ڕاستە. دەی سا لە پاش باسی خودا و باسی نیشانەکانی ئەو، بەکام قسە بڕوادەکەن؟

7) های لەوکەسەی بوختان کەرو تاوانبارە!

8) هەرگا نیشانەکانی خودای بەسەردا دەخوێنرێتەوە، خۆی دەیبیسێ. کەچی دوایە - بە هۆی لەخۆبایی بونی - پێ دادەگرێ و ئێژی هەر نەشی بیستوە. سا تۆ مزگێنی پێ بدە کە ئازارێکی بەژانی بەردەکەوێ.

9) ئەر شتێکیش لەنیشانەکانی ئێمە، فێرببێ گاڵتەی پێدەکا. ئازارێک بەشی ئەمانە کە تەواو ئابڕویان دەبا.

10) دۆژەهیشیان وا بەدواوە. نە ئەوشتەی لە دنیادا گیریان هێنا، نە دۆستانێک - غەیرەزخوا - هەڵیان بژارد، بەهرەیان پێ دەگەیێنن. ئازارێکی زۆر سەختیش چاوەنۆڕیانە.

11) ئەمە ڕێ نیشاندەرێکە. ئەوکەسانەش حاشا لە نیشانەکانی پەروەرندەی خۆیان دەکەن، ئازارێکی زۆر دوژوارو بەژانیان هەس.

12) خوا کەسێکە دەریای بۆ ئێوە کەوی کرد، کە لەگوێرەی فەرمانی ئەو، گەمی لەناودا بگەڕێ و بۆچاکەی ئەو تێ بکۆشن؛ بەشکە شوکرانەبژێربن.

13) هەرچی لە ناو عاسمانەکان و زەمین دان، گش هی ئەون؛ ئەو بۆ ئێوەی کەوی کردوون. کە لەمەدا نیشان زۆرن بۆ ئەوانەی ڕادەمێنن.

14) تۆ بە باوەڕداران بێژە: با ئەوکەسانە ببەخشن کە بۆ ڕۆژەکانی خودا بەهیوانین؛ تا بە هەرگرۆیەک - بە پێی کردەوەیان - پاداش بدا.

15) هەر کەس کاری باش دەکا، بۆخۆیەتی؛ هەر کەسیش خراپە دەکا، دژی خۆی کرد. پاشان ئێوە هەر بۆ لای پەروەرندەتان دەبرێنەوە.

16) ئێمە کتێب و کارزانی و پلەی پێغەمبەرایەتیماندا بەتۆرەمەی ئیسڕائیل؛ بژیوی پاک و چاکیشمان پێ گەیاندن. لەچاو هەموخەڵکی دنیاش سەرمان خستن.

17) سەبارەت بەدینەکەشیان زۆرنیشانەی دیاری دەرمان پێ سپاردن. لەناوەخۆش گرفتاری کێشە نەبوون، مەگین وەختێ کە لەم دینە ئاگادار بوون؛ ئەویش هەر لە بەر ئێرەیی نێوان خۆیان. پەروەرندەت ڕۆژی سەڵا بەوکارانەیان ڕادەگا، کە لەسەری پێک نەهاتوون.

18) دواجار ئەتۆمان خستە سەر ڕێگەوشوێنێک لەم ئایینە؛ شوێنی کەوەو شوێن ئارەزووی ئەو نەزانانە مەکەوە.

19) ئەوان ناتوانن لەخودات بێ نیازکەن. ناهەقان دۆستی یەکترن؛ خواش دۆستی خۆپارێزانە.

20) ئەم قوڕئانە سۆمای چاوە بۆمەردم و بەزەیی و ڕێ نیشاندەرە بۆ ئەوانەی لەبڕوادا بێ گومانن.

21) ئاخۆ ئەوانەی بەدکارن، وادەزانن ئێمە لەژی و مەرگیاندا وەک ئەوانەیان دادەنێین کە بوونە خاوەن باوەڕو ئاکارچاک بوون؟ زۆرخراپی تێگەیشتون.

22) خوا بەڕاستی ئەم عاسمانانەو زەمینەی وەدی هێنا، تا هەر کەسێ چەی کردووە، پاداشی وەرگرێتەوەو ناهەقیشیان لێ ناکرێ.

23) ئاخۆ تۆ ئەوکەسەت دیوە کە ئارەزووی خۆی دەپەرست؟ خودا - کە ئاگای لێ هەبو - ڕێی لێ گۆڕی و گوێچکەو دڵیشی مۆرکردو لێڵایی خستە سەرچاوی. سا کێ هەیە لە پاش خودا، ڕێی نیشاندا؟ دەی بۆچی بیرناکەنەوە؟

24) هەروا گوتیان: بێژگە لەژینی دنیامان چیترنیە. هەر دەمرین و دەژینەوەو هەر سروشت دەمان مرێنێ. هیچ. شتێ لەمەش نازانن؛ هەر لەخۆوە گومان دەبەن.

25) هەرگاش نیشانە ئاشکراکانی مەیان بۆ وەخوێنن، بڕوبیانو دەهێننەوەو ئێژن: ئەگەر قسەو ڕاستن، باب و کاڵمان بۆبێننەوە.

26) بێژە: خودا ژیو پێدەداو لەپاشان دەتانمرێنێ و پاشان لە ڕۆژی قیامەتا - کە بێ گومانە هەردادێ - هەمووتان کۆدەکاتەوە. بەڵام زۆربەی ئەم مەردمە های لێ نیە.

27) دەستەڵاتی ئەم ئاسمانان و زەمینە هەر بە خوایە. ڕۆژێ کە سەڵا ڕادەبێ، ئەم تەرزە هەرزەوێژانە زەرەردەکەن.

28) دەشبینی هەموو تیرەیەک بەڕێز بە سەر چۆک داهاتوون؛ هەرتیرەیەکیش بانگ دەکرێ، بۆدیتنی سیایی کردەوەکەی خۆی. ئەوا ئەمڕۆ پاداشی کردەوەکانتان ئەدرێتەوە.

29) ئەمە کتێبی ئێمەیە، کە بەڕاستی و بەزەرەدی ئێوە دەدوێ. هەرچی کردەوەی ئێوەش بوو، ئێمە هەموومان دەنوسین.

30) سا ئەوانەی بەباوەڕ و ئاکارچاک بوون، پەروەرێنیان دەیانخاتە بەربەزەیی؛ کە ئەمە بەختەوەریەکی زۆرگرینگە.

31) بەڵام خودانەناسەکان [پێیان ئەوترێ:] ئاخۆ نیشانەکانی منتان بۆنەدەخوێنرایەوە کە خۆتان بەزل دەزانی و کۆمەڵێکی تاوانباربون؟

32) هەرگاش وترا، کە بەڵێنی خودا ڕاستەو سەڵاڕابون هیچ گومانی تێدا نییە، ئێوە وتتان: هەرنازانین قیامەت چییە؟ لامان خەیاڵێکی خاوەو دڵمان قنیاتی پێ نایە.

33) هەرکارێکی خراپیان لەدەس هاتبو، ئاشکرا نیشانیان درا. ئەوشتانەش حەنەکی خۆیان پێدەکرد، دەوری لێدان.

34) پێیان وترا: وا ئەمڕۆ لە بیرتان دەکەین؛ هەروەک ئێوە توش هاتنی ئەمڕۆتان نەدەهاتەبیر. جێتان لەناوئاگردایە؛ هیچ کەسیش یاریتان ناکا.

35) چونکە ئێوە نیشانەکانی ئێمەتان کردبوە جێ گەمەی خۆتان. ژینی دنیا ئێوەی هەڵخەڵەتاندبو. ئیتر ئەمڕۆ لەئاگر دەریان ناخەن و ڕێگە نییە داوای لێ بوردنیش بکەن.

36) سا سوپاس هەر بۆ خودایە؛ ڕاهێنەری عاسمانەکان و زەمین و هەموو خەڵکی جیهانیشە.

37) لە ئاسمانان و زەمینیش، شکۆو گەوڕەیی بۆئەوەو هەرخۆی خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە.