44- دوخان

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 4 خولەک  512 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) حا، میم.

2) بەم کتێبەی هەموشت ڕون دەکاتەوە،

3) دەشەوێکی پڕلەپیت و پیرۆزیدا ئێمە ناردوومانەتەخوار. ئێمە ویستمان ترس وەبەر مەردم بنێن.

4) هەر لەوێشدا هەرکارێکی سەبارەتە بە کارزانی، هاوێرکرا.

5) فەرمانەو لەئێمەڕایەو ئێمە ڕاسپاردە دەنێرین.

6) بەزەییەکە لەئالی پەروەرندەت ڕا. هەرخۆی بیسەر و زانایە.

7) پەروەرێنی ئاسمانەکان و زەمینەو هەرچی کە لەناویاندایە؛ ئەگەر باوەڕیتان هەیە.

8) لەغەیرەز ئەو هیچ شت بۆپەرستن ناشێ. گیان وەبەر بونەوەردێنێ و دەشمرێنێ. ئەو ئێوەی پەروەردەکردو پەروەرندەی باوانی پێشینەشتانە.

9) کەچی هێشتا هەر لە ناو دوودڵی دان و گەمەدەکەن.

10) چاوەنۆڕی ئەوڕۆژەبە کە ئاسمان دوکەڵێکی ئاشکرای لێ پەیدادەبێ.

11) ئازارێکی زۆربەژانەو هەموخەڵکی دادەپۆشێ.

12) ئەی پەروەرێنی گلامان! ئەو پەتایەن لەسەرلابە؛ ئێمە باوەڕیمان هێنا.

13) کوا ئەوانەی گوێ لەئامۆژگاری دەگرن؟ پێغەمبەرێ هاتەلایان، هەموشتی تێگەیاندن.

14) پاشان ڕوویان لێ وەرگێڕاو گوتیان: فێرکراوە، شێتە.

15) ئێمە تاماوەیەکی کەم، ئەم پەتایە وەلادەبەین؛ ئێوە دەگەڕێنەوە [سەر ڕێی پێشوتان].

16) ئەوێ ڕۆژێ هەڵمەتە گەورەکە دەکەین، ئێمە تۆڵەدەکەینەوە.

17) ئێمە هۆزی فیرعەونیشمان بەر لەمان تاقی کردەوەو پێغەمبەرێکی بەڕێز [مان] هاتەلایان.

18) کە ئەم بەندە خودایانەم پێ بسپێرن؛ من بۆ ئێوە پێغەمبەرێ جێ باوەڕم.

19) لەحاند خودا خۆتان بەزلتر مەبینن؛ من بۆ ئێوە نیشانەیەکی ئاشکرام هاوردوە.

20) من بە پەروەرێنی خۆم و ئێوە پەنادەبەم لەوە کە بمکوژن.

21) ئەر باوەڕیشم پێ ناکەن، خۆتانم لێ دورخەنەوە.

22) دواجار هانای بۆپەروەرندەی خۆی هێنا، کە: ئەوانە کۆمەڵێکی تاوانبارن.

23) ساتۆ وەل ئەم عەبدانەی من بەشەو بڕۆ؛ چون ئەوان دواتان دەکەون.

24) بەئارامی لەدەریاکە بپەڕەوە؛ کە ئەو لەشکرە خنکاون.

25) گەلێ کانی و باغاتیان لە پاش بەجێ مان.

26) فرە کێڵگەو کۆشک و سەرسەرای بەنرخیش.

27) خێروبێرێکیش کەتێدا لەوپەڕی خۆشیدا دەژیان.

28) ئابەم جۆرەو؛ دامان بە گەلێکی دیکە.

29) نە ئاسمان شینی بۆگێڕان، نە زەمینیش. هەر مۆڵەتیشیان پێ نەدرا.

30) تۆرەمەی ئیسڕائیلیشمان لەوئازاری پڕسووکایەتی ڕزگار کرد:

31) لە فیرعەونێ؛ کە خۆی زۆر بەزل دەزانی و لەوانەبو کە لەئەندازە دەردەچن.

32) ئەوانیشمان بەدانستە - لەچاو خەڵکی هەمودنیا - بەڕێزترگرت.

33) هێندەشمان نیشانەدانێ کە ئاشکرا، ببن بەمایەی ئەزموونێ.

34) وا ئێستا ئەمانە ئێژن:

35) هەر بۆ یەکەمجار کە دەمرین، تازە زیندوو نابینەوە.

36) سا ئەگەر بەڕاستیتانە، باوانەکانمان بۆبێنن.

37) ئاخۆ ئەمانە باشترن، یاخۆ گەلی «توببەع» و پێشینەکانیان؟ کە قڕانمان تێ خستون؛ چون تاوانباربون.

38) ئێمە ئەو ئاسمانانەو زەمینەو هەرچی لە ناو ئەودوانەدا، بۆ گەمەمان سازنەداوە؛

39) هەر بۆڕاستی هەموومان وەدی هێناون؛ بەڵام زۆربەیان نازانن.

40) ژوانی هەموویان ڕۆژی هەڵاواردنە.

41) ئەوڕۆژە دۆست لەمەڕ دۆستی هیچ کارێکی لەدەس نایەو کەسیش دەهانایان نایە.

42) مەگین کەسێ وەبەر بەزەی خوداکەوێ؛ کە هەرخۆی بەدەستەڵات و دلۆڤانە.

43) بەری دارەکەی ژەقنەموت،

44) خواردنی گوناهبارانە.

45) کە چەشنی خڵتەی ڕۆن زەیتون، لە ناو سکاندا دێتەکوڵ؛

46) وەک کوڵینی ئاوی گەرم.

47) سا بیگرن و ڕای بکێشن بۆناوەڕاستی جەهەندەم.

48) ئەوساکەش هەر بۆئازاردان، ئاڤاکەلی بەسەرداکەن.

49) دەبچێژە! تۆیەکی کە لە دنیادا هێژای خاوەن دەستەڵات بوی.

50) ئەوە ئەوشتە هاتەدی کە ئێوە لێی بەگومان بوون.

51) ئەوا خۆپارێزەکانیش وان لەشوێنێکی هێمندا.

52) لە نێوانی کانیاوان و باغاتاندا،

53) پارچەی ناسک و ئەستوری لەهەڤرەمیش لخۆدەکەن؛ هەموو بەرانبەربەیەکن.

54) زۆریش کیژی چاوکەژاڵی سپی و سۆڵمان بۆهاوسەری پێ بەخشیون.

55) لەوێدا هەرمیوەیەکی بەدڵیانە، بەئارخەیانی دەخوازن.

56) جگە لە مەرگی هەوەڵێ، لەوشوێنەدا تامی مردنێ ناچێژن و لەئازاری دۆژەهیشی پارازتگن.

57) چاکەیەو پەروەرندەی تۆ کردویەتی. ئەمەش بەختەوەریەکی زۆرگرینگە.

58) هەربۆیە وا بەهاسانی بەزمانی تۆمان بەڕێ کرد، کە شایەت بیرکەنەوە.

59) سا تۆ چاوەنۆڕی بکە، ئەوانیش وا چاوەنۆڕن.