43- زوخروف

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 9 خولەک  669 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) حا، میم.

2) بەم کتێبە، کە هەموشت نیشان دەدا.

3) بڕیارماندا ئەم قوڕعانە عەڕەبی بێ؛ بەشکوو بتوانن تێ بگەن.

4) ئەمەش لە ماکی کتێبدا – لە لای ئێمە – گەلێ پایە بەرزەو پڕە لە کارزانی.

5) هەرچەند ئێوە کۆمەڵێ بلەوەزیش بن، ئاخۆ ئێمە لەم بیرەوەریە وازدێنین.

6) ئێمە فرە پێغەمبەرمان ناردۆتە لای کۆمەڵانی بەرلەئێوە.

7) هەر کەسیشمان بەپێغەمبەری بۆ ناردن، هەرگاڵتەیان پێکردووە.

8) ئێمە زۆردارتر لەوانمان قڕکردووە؛ سەربهوردی پێشینەکان ڕابردوە.

9) ئەگەر تۆ لەوانە پرسی: کێ عاسمانان و زەمینی وەدی هێنا؟ ئێژن: بێ شک خودای خاوەن دەستەڵاتی زانا دروستی کردوون.

10) ئەو کەسێکە ئەم زەمینەی بۆ ئێوە کردەڕایەخ و ڕێگەی بۆپێداکێشاون؛ شایەتا شارەزاببن.

11) هەر ئەویشە لە ئەندازە ئاوی بارانی ناردەخوار؛ سەرزەمینی مریمان پێ بوژاندەوە. ئێوەش وا دەخرێنەدەرێ.

12) هەر ئەویشە ئەم هەموو جفتەی دروس کرد؛ گەمی و پاتاڵی وەهاشی بۆ ئێوە وەدی هێناوە، سواریان دەبن.

13) ئەشێ هەرگا لە سەر پشتیان حەسانەوە، ئەوسا چاکەی پەروەرندەتان لەبیربێ و بێژن: پاکی و بێ عەیبی بۆئەوکەسەیە کە ئەمەی ڕامی ئێمە کرد؛ دەنا بۆمان ڕام نەدەبون.

14) ئێمەش گشمان بەرەو پەروەرندەی خۆمان دەچینەوە.

15) فرزەندیان لە بەندەکانی خۆی بۆدانا! ڕاستی مرۆ بەئاشکرا پێ نەزانە.

16) ئاخۆ لە ناو ئەوانەدا – کە هەرخۆی دروستیان دەکا – کچانی داوە بەخۆی و کوڕانیشی کردۆتە تایبەتی ئێوە؟!

17) کەچی هەرگا یەکێ لەوان مژدەی ئەوەی پێ بدرێ وا خۆی پێیوایە بۆ خودایە، ڕوخساری ڕەش دادەگەڕێ و لەڕکان پیش دەخواتەوە.

18) ئاخۆ کەسێ لە خشڵا بەخێوکرابێ و لەشەڕیشا نەخۆیابێ، بۆ خوا دەبێ؟

19) ئەوفریشتانەی هەموویان بەندەی خودان، بە مێوینەیان داناون. دەبێ خۆیان لەوێ بوبن کە ئێمە وەدیمان هێنان! شایەتیەکەیان دەنوسرێ و لێان دەپرسرێتەوە.

20) ئێژن: ئەر خوا حەزی کربا، ئێمە نەماندەپەرستن. لەمەشدا دورە زانستن؛ هەر درۆیان هەڵدەبەستن.

21) ئاخۆ ئێمە - بەرلە قوڕئان - کتێبێکمان بەوان داوە، کە ئێستا بیکەنە بەڵگە؟

22) بەڵکە ئێژن: باب و کاڵمان لە سەر ئاینێک ڕۆیشتون، ئێمەش پەیڕەوی ئەوانین.

23) هەر بەم تەرزە بەرلەتۆش هەرپێغەمبەرێکمان ناردۆتە هەر ئاوەدانیەک کە لە ئێمەوە ترسیان وەبەرنێ، هەموو خۆشگوزەرانەکانی ئەوانە، گوتویانە: باب و کاڵمان لە سەر ئاینێک ڕۆیشتون، ئێمەش پەیڕەوی ئەوانین.

24) گوتویەتی: ئەدی ئەگەر من ڕێیەکتان نیشان بدەم کە لەڕێی باب و باپیرتان دروس تر بێ؟ گوتویانە: ئێمە بەوەی ئێوە بۆی بەڕێ کراون، باوەڕناکەین.

25) ئەوسا ئێمە تۆڵەمان لێ کردوونەوە. سا بڕوانە ئاکامی بێ باوەڕەکان بەکوێ گەیشت.

26) ئیبڕاهیمیش بە ئاپ و هۆزەکەی خۆی گوت: من بێزارم لەوەی ئێوە دەیپەرستن؛

27) مەگین لەکەسێ منی دروس کردووە؛ کە خۆی ڕێگەم نیشان دەدا.

28) کارێکی کرد ئەم وتارەی لەپاشەخۆی بۆنەتەوەی هەربمێنێ؛ شایەتا بپرینگێنەوە.

29) ئاوەنیش و باب و کاڵی ئەوانیشم لەژیان بەهرەوەر کرد، تا ئەم ڕاستەو پێغەمبەری ڕێ نیشان دەریان هاتەلا.

30) وەختێ ڕاستەکەیان بۆهات، گوتیان: ئەمە جادویەکەو ئێمە بڕوامان پێی نیە.

31) گوتیشیان: بۆ ئەم قوڕعانە، بۆپیاوێکی بەوەجی ئەم دوباژێڕە نەهاتەخوار.

32) ئاخۆ ئەوان بەزەیی پەروەرندەی تۆ دابەش دەکەن؟ ئێمە بژیوی ئەوانمان لە سەر دنیا بۆبەش کردون. هێندێکمان لەچاو هێندێکان پایەبەرزترکردووە، تا هێدێکیان ڕاژەبە هێندێکان بکەن. بەزەیی پەروەرندەی تۆ لەوشتەی کۆی دەکەنەوە، هێژاترە.

33) خۆئەگ ەر بڕیاروانەبا، مەردم یەک تیرەبن، وامن دەکرد میچ وبان وپلەکانی ماڵەکانی ئەوانەی خودانەناسن، لەزێو بوایەو بەڕێزەپلەکاناندا سەریان کەون؛

34) هەمودرگای ماڵەکانیشیان لەزێو بوباو تەختی زێوینم دەدانێ، کە لەسەریان پاڵ دەنەوە؛

35) شتێ تری هەمەڕەنگیش. گشت ئەمانە هەر بۆخۆشگوزەرانی ژینی ئەم دنیان؛ ماڵی ئەولاش پەروەرندەت هەر بۆ ئەوانەی داناوە کە لە خوای خۆیان دەترسن.

36) هەر کەس لەڕاست یادی خودا حەزدەکا کوێرایی دابێ، هەمدەمێکی شەیتانی لێ پەیدادەکەین.

37) ئیتر هەر ئەوهاودەمانە لە ڕێگە هەڵەیان دەکەن؛ لاشیان وایە ڕاستەڕێ یان دیوەتەوە.

38) تائەوکاتەی دێتەلامان؛ ئێژێ: خۆزی مەو دای نێوانی من و تۆ، بەقەد نێوان خۆرهەڵات و خۆرنشین لە یەکتر دوربا؛ چەند هەمدەمێ نالەباربوی.

39) ئیتر ئەمڕۆ [ئەم قسانە] دادونادا؛ چونکو ئێوە غەدرتان [لەخۆ] کردووە. ئەشێ گشتو پێکەوە جەزرەبە بدرێن.

40) ئاخۆ گەرەکتە گوێ کپان لێت ببیسن؟ یاخۆ کوێران و ئەوانەی ئاشکرا لەگومڕاییدان شارەزای ڕاستەڕێ بکەی؟

41) ئەگەر تۆ لەم ناوە لابەین، ئێمە دیارە تۆڵەیان لێ دەکەینەوە.

42) یان ئەوشتەی بەڵێنمان بەوانەداوە، وادەکەین بۆ خۆت بیبینی. ئێمە باشیان لەسەرزاڵین.

43) لە سەر ئەوەی بە تۆ ڕاگەیەندراوە پێ دابگرە؛ کە تۆ لە سەر ڕێگەی ڕاستی.

44) ئەم قوڕئانە بۆتۆش و بۆهۆزەکەشت دەبێتە هۆی بیرەوەری و لەپاشانیش دەربارەی ئەم لێو دەپرسن.

45) لەوپێغەمبەرانەش پرسە کە بەرلەتۆ ناردراون ئاخۆ مە بڕیارمان داوە - غەیرەز خودا - هیچ شتی تر پەرستوبێ؟

46) مووساشمان وەل نیشانەکانمان هەناردە لای فیرعەون و پیاوە کاربەدەستەکانی؛ گوتی: من لە ڕاهێنەری گش دنیاوە ناردراوم.

47) کاتێ نیشانەکانی مەی لە بەر ڕانان، لەپڕ هەموو لە تریقەی پێکەنینیاندا.

48) هەر نیشانەیەکی خۆمان نیشانی ئەوانە دەدا، لە نیشانەکەی پێشەوە گرینگتربو. تووشی ئازاریشمان کردن، بەشکەمێ بگەڕێنەوە.

49) وتیان: ئەی کاکی جادوگەر! لە پەروەرندەت بخوازە، ئەو پەیمانی بەتۆی داوە پێکی بێنێ؛ ئەوسا باوەڕت پێ دێنین.

50) لە پاش ئەوەی بەڵاشمان لە سەر لابردن، ئەوان پەیمان شکێنیان کرد.

51) فیرعەون بۆژێردەستانی جاڕی کێشاو گوتی: گەلۆ! ئاخۆ هەموو هەردی میسرو ئەوچۆمانەی بەبەرمندا فڕکەیانە، موڵکی من نین؟ ئێوە خۆتان نەتاندیوە؟

52) من چاکتر نیم لەو کاورایە کە هیچ نمودێکی نیەو باش نازانێ قسەش بەڕەوانی بکا؟

53) ئەدی بۆچی گەوی زێڕی لەحەواوە بەسەردا فڕێ نەدراوە، یان فریشتە بەگەل دەگەڵی نەهاتوون؟

54) زانی کاری ژێردەستەکانی سڤکە؛ گش بەفەرمانی ئەویان کرد. ئەو هۆزێک بوون لەڕێ لادەر.

55) کە هەرئێمەیان ڕک هەستاند، تۆڵەی خۆمان لێ کردنەوەو سەرلەبەرمان بەخنکان دان.

56) کارێکمان کرد ببنە چیرۆک و نموونە بۆئەوانی لە دوایی دێن.

57) ئەودەمەش کە سەربهوردی کوڕی مریەم هاتەگۆڕێ، هۆزەکەی تۆ لەخۆشیان کردیان بەهەرا.

58) گوتیان: ئاخۆ ئەوانەی پەرستومانن لەو چاکترنین؟ ئەمەیان هەر بۆ گێچەڵێ هێنایە پێش، چون ئەمانە کۆمەڵێکن شەڕ دەفرۆشن.

59) ئەو هیچ نەبوو عەبدێک نەبێ؛ ئێمە چاکەمان دەگەڵ کرد و کردمان بەنموونەیەک بۆ وەچ و بەرەی ئیسڕائیل.

60) خۆ ئەگەر مەیلمان لێ بایە، چەند فریشتەیەکمان لە ئێوە وەدی دێناو دەمانکردن بەجێ نشین لەسەرزەمین.

61) ئەو یەکێکە لەنیشانەکانی قیامەت. شکت لەهاتنی نەبێ و پەیڕەوی هەر لە من بکەن؛ ئەمە ڕێگەیەکی ڕاستە.

62) شەیتانیش ڕێگاو لێ نەگرێ؛ ئەو ئاشکرا دوژمنتانە.

63) ئەوسا عیساش بەچەند بەڵگەی دیاری دەرەوە هاتبو، گوتی: من وا ڕێگەو شوێنی لەکارزانیم بۆهێناون؛ تا بڕێکیش لەوەتان بۆڕون کەمەوە کە لەسەری کێشەتانە؛ سا لە خودا ترسو هەبێ و شوێن من کەون.

64) پەروەرندەی من و ئێوە هەرخودایە؛ بیپەرستن؛ ئەمە ڕێگەیەکی ڕاستە.

65) جا کۆمەڵان کێشەیان لە ناو پەیدابو. بۆ ئەوانەی غەدرێبکەن واوەیلایە لەئازاری ڕۆژێکی تووش.

66) ئاخۆ غەیرەز ڕۆژی قیامەت چاوەنۆڕی چی تر دەکەن؛ کە لەپڕ لێان ڕودەداو پێش ناحەسن؟

67) ئەوێ ڕۆژێ یاران هەموو دەبنە نەیاری یەکتری؛ جا مەگین خۆپارێزەکان.

68) ئەی ئەوانەی کە هەرخۆمتان پەرستوە! ئەوێ ڕۆژێ نە ترسێکتان لە سەر هەیە، نە خەم دەخۆن.

69) ئەوی بڕوایان هێناوە بەنیشانەکانی ئێمە و هەر بەرفەرمانی خۆمان بون،

70) بچنە بەهەشت؛ لەئێوەو لە هاوسەرانو خۆش ڕادەبرێ.

71) بە سینی و زەرکی زێوینە لە دەوریانا دێن و دەچن. هەرچی دڵ ئارەزووی دەکا و چاو لەزەتی لێ دەبینێ، تێداهەیەو ئێوەش لەوێدا نامرن.

72) ئەمە هەر ئەو بەهەشتەیە کە بە هۆی کردەوەکانتان، وا بۆ ئێوە ماوەتەوە.

73) میوەی زۆری تێداهەیەو بۆئێوەیەو لێان دەخۆن.

74) تاوانبارانیش هەتاسەر لەئازاری جەهەندەم دان و دەرناچن.

75) هەرگیز وچانیان پێ نادرێ و هەر لەوێدا بەناهومێدی داماون.

76) هیچ غەدرێکمان لێ نەکردن؛ بەڵام خۆیان غەدریان لە خۆیان دەکرد.

77) هانادەبەن بۆگزیری جەهەندەمێ: پەروەرندەت ئەم ژینە چەرمەسەرەمان بۆنەهێڵێ. ئێژێ: هەر لێرە دەمێنن.

78) ئێمە ڕاستیمان بۆهێنان؛ بەڵام زۆربەی زۆر لە ئێوە ڕاستیو دەدزا.

79) ئەگەر ئەوان لە سەر کاری خۆیان سوربون، ئەوا ئێمەش لە سەر کاری خۆمان سورین.

80) ئاخۆ ئەوان پێان وابو ئێمە نهێنی و سرتەیان لێ نابیسین؟ دەیبیسین و چەندێکیشمان ڕاسپاردون وان لەلایان و دەنووسن.

81) بێژە: ئەر خوا فرزەندی بێ، من یەکەمین کەسێکم کە دەیپەرەستم.

82) پەروەرێنی ئاسمانان و زەمین و عەرش، هیچ کەمایەسیەکی نیەو، بەدورە لەو تۆمەتانەی ئەوانە بۆی هەڵدەبەستن.

83) لێان گەڕێ باهەرپڕوپوچ بوێژن و خەریکی گاڵتەکردن بن؛ هەتا تووشی ئەوڕۆژە دێن کە بەڵێنیان پێدراوە.

84) هەر ئەویشە لە عاسمانێدا خودایە و لە زەمینیشدا خودایە و هەر ئەویشە لەکارزانەو زۆر زانایە.

85) پاکی و گەورەیی بۆکەسێ کە ئاسمانان و زەمین و چی لە ناو ئەم دوانەدایە، گش بۆئەوە؛ ئەو دەزانێ چ وەختێ سەڵاڕادەبێ و دەتانهێننەوە بۆ لای ئەو.

86) ئەو شتانەی غەیرەزخوان و ئەوانە دەیانپەرستن، نکارن ببنەتکاکار؛ مەر کەسانێ کە بەڕاستی و زانینەوە شایەتی بەن.

87) ئەگەر لە خۆیان بپرسی، کێ ئەوانی وەدی هێنا، ئێژن: خودا. دەی چۆن لەهەق کلادەبن؟

88) نزای ئەویش کە: ئەی پەروەرندەکەی من! ئەمانە دەستەخەڵکێکن ئامادەنین بڕوابێنن.

89) سا تۆ لەوانە وازبێنەو بێژە: ئێستا بێ ترس بن، لەمەوبەولاوە دەزانن.