37- ساففات

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 11 خولەک  739 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) سوێند بەوانەی بۆ ڕێزبەستن لە لای یەکتر ڕادەوەستن،

2) سوێند بەوانەی لە ناڕەوا پێشی دەگرن،

3) سوێند بەوانەی قوڕعان خوێنن،

4) خودای ئێوە هەر یەکێکە.

5) پەروەرێنی ئاسمانەکان و زەمینە و هەرچی لە ناویاندا هەیە و پەروەرێنی ڕۆژڵاتان.

6) ئێمە عاسمانی نزیکمان بە ئەستێران ڕازاندەوە.

7) لە گش شەیتانێ نافەرمانیشمان پاراست.

8) [ئیتر] لە باڵانشینان کۆڵە ناکەن و لە گش لاوە ڕاو دەنرێن.

9) هەتا دووریان بخەنەوە و هەمیشەش ئازاریان هەیە.

10) مەگین ئەوەی - هەر لە پڕ - شتێ بڕفێنێ؛ ئەویش بڵێسەی گڕێکی شوێن دەکەوێ.

11) سا تۆ لەوانە بپرسە: ئاخۆ ئافراندنی ئەوان گرینگترە، یان ئەوانەی ئێمە وەدیمان هێناون؟ ئێمە ماکی ئەوانیشمان لە قوڕێکی پندری پێکەوە لکاو داڕژتووە.

12) تۆ لەوەدا سەیر ماوی و ئەوان حەنەکێ خۆ دەکەن.

13) ئەگەر نەسیحەتیش بکرێن، نەسیحەت دەگوێ ناگرن.

14) هەر نیشانەیەک دەبینن، دەخوازن گەمەی پێ بدرێ.

15) ئێژن: ئەمە جادووە و هیچی تر نییە.

16) ئاخۆ ئێمە - کە مردین و بووینە خۆڵ و چەند پێشەیەک - ژنوو زیندوو دەکرێینەوە؟

17) وێڕای باب و باپیرانمان؟

18) بێژە: ئارێ و، ئێوە ملکەچ و زەبوونن.

19) تەنیا تێڕا خوڕینێکە و ئەوسا هەر خۆیان دەڕوانن.

20) ئێژن: هەی ماڵ وێران خۆمان! ئەمە ڕۆژەکەی سەڵایە.

21) بەڵێ، ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە پاک و پیس هەڵداوێرن و ئێوە بڕواتان نەدەکرد.

22) ئەوانە لێک کۆ کەنەوە کە ناهەقی پیشە بوون و لفی وان و ئەوانەش کە دەیانپەرست،

23) غەیرەز خودا. ئەوسا ڕێگەی جەهەندەمیان پێ نیشان دەن!

24) ڕاشیان بگرن! دەبێ پرسیاریان لێ بکرێ.

25) چیتانە، بۆچی دەهانای یەکتر نایەن؟!

26) ئەمڕۆ هەموو بێدەنگ و ملکەچ وێستاون.

27) هێندێ لەوان ڕوو لە هێندێکان دەکەن و لێک دەپرسن.

28) ئێژن: بە نێوی خێرخوازی، ئێمەتان لە ڕێگە لادا.

29) ئێژن: نەخێر، هەر خۆتان بڕواتان نەبوو.

30) زۆرێکمان لەسەرتان نەبووە، بەڵکوو خۆتان کۆمەڵێکی سەربزێو بوون.

31) وا گفتی پەروەرندەمان لە سەر ئێمە وەڕاست گەڕا؛ دیارە دەبێ بیشی چێژین.

32) ئێمە ئێوەمان گومڕا کرد؛ خۆشمان هەر ئەوسا گومڕا بووین.

33) گش ئەمانە – لەو ڕۆژەدا – بۆ جەزرەبەدان هاوبەشن.

34) ئێمە ئاوا جزیای تاوانباران دەدەین.

35) ئەگەر بەوانە دەوترا: غەیرەزخودا هیچ شت بۆ پەرستن ناشێ، خۆیان زۆر بە زل دەزانی.

36) دەشیان درکاند: ئێمە بۆ شاعیرێکی شێت چۆن وازدێنین لەوانەی پەرستوومانن؟!

37) بەڵکوو هەرچی ئەو هاوردی، هەمووی ڕاستە و بڕواشی کرد بە پێغەمبەرانی خودا.

38) ئێوە بێ شک ئازاری بەژان دەچێژن.

39) هەر لەباتی کاری خۆتان سزا دەدرێن.

40) مەگین عەبدە ڕاست و پاکەکانی خودا؛

41) بژیوی باش بۆ ئەوان دیاری کراوە؛

42) میوەجاتە و زۆریشیان ڕێز لێ دەگیرێ.

43) لە باغاتی پڕ لە هەموو خێروبێرێک.

44) لە هەمبەر یەک لە سەر تەختان ڕۆدەنیشن.

45) لەو بادەیەی کە لەچاوەی ڕەوان ڕادێ، پیاڵەیان پێدا دەگێڕن.

46) وەڕەنگ چەرمگ، هەر کەیفە بۆ وەخۆرەوان.

47) هیچ سەرێشەی تێدا نییە و ئاوەزیشیان لە بەر مەستی لە دەس نادەن.

48) ژنگەلێکی چاوگەورەیان لە لا هەیە، لە حاند نامۆ، چاو دادەخەن.

49) لووس و پاکژ وەکوو هێکی ناو هێلێنن.

50) بۆ وتووێژ ڕوویان دەکەنە یەکتری.

51) یەکێ لەو ناوەدا ئێژێ: ئەمن هەمدەمێکم هەبوو.

52) لێی دەپرسیم تۆش لەوانەی کە باوەڕیان بە خوا هەیە؟

53) ئاخۆ ئەگەر ئێمە مردین، بووینە ئاخ و چەند هەستی یەک، هەر حیسابمان لێ دەکێشن؟

54) پرسی: ئاخۆ هیچ ئاگایەکتان لێ هەیە؟

55) ئەوسا خۆشی چاوی گێڕا، لەدووڕ جەهەندەمدا دیتی.

56) گوتی: بە خوا، هەر وەخت بوو لە بەینم بەری.

57) ئەگەر چاکەی پەروەرندەی من نەبووایە، ئێستا منیش وێڕای تۆ بووم.

58) تۆ بزانە کە ئێمە تازە نامرین؛

59) جیا لە مردنی پێشوومان. هیچ ئازاردانیشمان نییە.

60) کە ئەمەش بەختەوەرییەکی زۆر مەزنە.

61) ئەشێ بۆ پاداشی وەها خەبات بکەن، ئەو کەسانەی خەباتکارن.

62) ئاخۆ ئەم پەزێراییە هێژاترە، یاخۆ دارەکەی ژەقنەمووت؟!

63) ئەومان کردۆتە بەڵایەک، بۆگرۆی ناهەقیکاران.

64) ئەو دارێکە لەدوڕ تەختی دۆژەهەوە دێتە دەرێ.

65) بەرێک دەدا، لە بیچمی کەللەسەرانی شەیاتین.

66) دۆژەهیەکان لەو دەخۆن و عوریانی پێ دەماسێنن.

67) پاشان لەسەر ئەوخۆراکە لیخناوێکی هەرەگەرم دەخۆنەوە.

68) پاشان هەر گڕ دەخۆنەوە بۆ ناو دۆژەە.

69) ئەوان دیتیان کە باو باپیرانیان گومڕان؛

70) بۆیە وا – بە هەڵەداوان – بە شوێن ئەواندا پەل دەبن.

71) بەرلەوانیش زۆربەی زۆری پێشینەکانیان گومڕا بوون.

72) زۆریشمان ترس وەبەرهێن ناردە ناویان.

73) دەبڕوانە – لە دواجاردا – ئەوانەی ترسێندرا بوون، چییان بەسەرهات.

74) جیا لەوانەی بە دڵپاکی خوایان پەرست.

75) نووحیش هاواری بۆ هێناین؛ زۆر باشی دەفریا کەوتین.

76) خۆی و کەس و کارەکەیمان لە خەمی گەورە ڕزگار کرد.

77) تەنیا بەرەو تۆرەمەی ئەومان هێشتەوە.

78) وامان کرد بەرەی دوای ئەویش، هەر ناوی بەچاکە بەرن.

79) سڵاو لە نوح لە سەرانسەری دنیادا.

80) ئێمە ئاوا پاداشی کارچاکان دەدەین.

81) ئەو یەکێ بوو لەو عەبدانەم کە بڕوایان پێ هێناوم.

82) پاشان ئەوەکانی ترمان وەبن ئاو دا.

83) ئیبڕاهیمیش لە شوێن کەوتووانی ئەو بوو.

84) ئەوسا بە دڵی پاکەوە هاتە لای پەروەرندەی خۆی.

85) بە ئاپی و هۆزەکەی خۆی گوت: ئەوە چین دەیان پەرستن؟

86) گەرەکتانە لەبری خوداپەرستنێ، ئەو شتانە بپەرستن؟!

87) ئاخۆ ئێوە سەبارەت بە پەروەرێنی هەموو دنیا بیروبڕواتان چلۆنە؟

88) ئەوسا هەرخۆی دەئەستێرانی هەڵڕوانی.

89) گوتی: بێ سۆ من نەخۆشم.

90) سا ئەوان لێی تەکینەوە و پشتیان تێکرد.

91) پەنامەکی خۆی گەیاندە بتەکانیان؛ لێی پرسین: ئێوە بۆ ناخۆن؟!

92) چیتانە بۆ قسان ناکەن؟!

93) پەنامەکی بە دەستی ڕاست مستێکی تێ سرەواندن.

94) هۆزەکەی بە هەڵەداوان لێی وەکۆ بوون.

95) گوتی: ئاخۆ ئێوە شتێ دەپەرستن، کە هەرخۆتان دای دەتاشن؟

96) کە هەر خوایە، ئێوەش و کردەوەتانی وەدی هێنا.

97) گوتیان: شورەدیوارێکی بۆ هەڵنەچنن؛ ئەوسا دەئاگری باوێن.

98) گەرەکیان بوو گەڕێکی تێ بهاڵێنن، ئێمە پتر ژێرمان خستن.

99) گوتی: وا من ڕوو دەکەمە پەروەرندەم؛ بەم زووانە بەرەو خۆی شارەزام دەکا.

100) پەروەرندەم! فرزەندێکی ئاکارچاکم پێ ببەخشە.

101) ئەوسا ئێمە بە لاوێکی لەسەرخۆ مژدەمان پێ دا.

102) کاتێ گەییشتە تەمەنێک کە وێڕای ئەو خەبات بکا، گوتی: ئەی کوڕیژگەی خۆم! من لەخەونمدا وام دیوە تۆ سەر دەبڕم؛ خۆت چۆنی لێک دەدەیەوە؟ گوتی: بابۆ! هەرشتێ پێت سپێراوە بە جێی بێنە؛ خوا حەز بکا، بەم زووانە تێ دەگەی کە منیش لە خۆڕاگرانم.

103) وەختێ هەردوو بڕیاری خوایان سەلماند و لەسەر ئەنی تخێڵی کرد،

104) گازین کردێ: ئەی ئیبڕاهیم!

105) ئەوا خەونەکەت وەدی هات؛ ئێمە ئاوا پاداشی کارچاکان دەدەین.

106) دیارە ئەمە ئەزموونێکی ئاشکرا بوو.

107) ئێمە ئەومان بە قوربانیەکی هەرە گەورە کڕییەوە.

108) وەشمان کرد بەرەی دوای ئەویش هەر ناوی بە چاکە بەرن.

109) سڵاو لەسەر ئیبڕاهیم بێ.

110) ئێمە ئاوا پاداشی کارچاکان دەدەین.

111) بەڕاستی ئەو یەکێ بوو لە عەبدە بڕوادارەکانمان.

112) مژدەی ئیسحاقیشمان پێدا، کە دەبێتە پێغەمبەرێکی ژێهاتی.

113) بەرەکەتمان دا بە خۆی و بەئیسحاقیش. لە ناو تۆرەمەکەیاندا هێندێکیان ئاکارچاک بوون و تێشیاندا بوون بە ئاشکرا غەدریان لە خۆیان دەکرد.

114) دەربارەی مووسا و هاڕوونیش چاکەمان کرد.

115) خۆیان و هۆزەکەیانمان لە چۆرتمی زل ڕزگار کرد.

116) بۆ خۆمان یاریدەمان دان کە سەرکەوتن.

117) ئەوکتێبەشمان بەوان دا، کە هەموو شت دیاری دەکا.

118) ڕێگەی ڕاستیشمان نیشان دان.

119) وامان کرد لە دواڕۆژیشدا هەر ناویان بە چاکە ببرێ.

120) سڵاو لە سەر مووسا و هاڕوون.

121) ئێمە ئاوا چاکەکاران پاداش دەدەین.

122) هەر دووکیان لەو عەبدانەم بوون کە باوەڕیان پێ هێناوم.

123) بێ گومانە کە ئەلیاسیش یەکێ لە پێغەمبەرانە.

124) ئەوسا بە هۆزەکەی خۆی گوت: بۆچ شەرم لە خودا ناکەن؟

125) «بەعل» [بتە] دەیپەرستن؛ لە چاکترین وەدی هێنەر دەتەکنەوە؟

126) لە خوا کە پەروەرێنتانە و پەروەرێنی باڤەکانی پێشووشتانە.

127) سا باوەڕیان پێ نەکرد و دێنە بەر لێ پرسینەوە.

128) مەگین عەبدە ڕاست و پاکەکانی خودا.

129) وامان کرد لەدواڕۆژیشدا هەر ناوی بەچاکە ببرێ.

130) سڵاوی مە لەسەر ئەلیاس.

131) ئێمە ئاوا پاداشی کارچاکان دەدەین.

132) ئەو یەکێ بوو لەو عەبدانەم کە باوەڕی پێ هێناوم.

133) لووتیش لە پێغەمبەران بوو.

134) خۆی و کەس و کاریشین وێکڕا ڕزگار کرد.

135) مەگین تەنیا پیرێژنێک کە لای بە جێ ماوەکان ما.

136) پاشان هەموومان قڕ کردن.

137) بێ سۆ ئێوە لای بەیانی، بەلایاندا ڕادەبوورن؛

138) یان شەوانە. چۆن لەو ڕووداوە تێ ناگەن؟!

139) یوونسیش هەر یەکێک بوو لە پێغەمبەران؛

140) کە ڕای کردە ناو گەمی پڕ.

141) لە پشک خستن بەشدار بوو؛ ئەو دۆڕاندی.

142) ئەوسا ماسییەکی زەلام، هەڵی لووشی و بۆ خۆی سەرکۆنەی خۆی دەکرد.

143) سا ئەگەر ئەو پاکی خودای نەگووتبایە،

144) تا ڕۆژێ سەڵا ڕادەبوو، لە ورگیدا دەمایەوە.

145) فڕێمان دایە دەشتێکی چۆڵ و قاقڕ؛ نەخۆشیش بوو.

146) ئەوسا بڕکەی کوندرێکمان لە لا شین کرد.

147) ناردمانە ناو سەد هەزاران یان زێدەتر.

148) هەموو بڕوایان پێ هێنا و تا ماوەیەک ژیانێکی خۆشمان پێدان.

149) دەسا تۆ لەوانە پرسە: تۆبێژی پەروەرندەی تۆ کیژی هەن و ئی وان کوڕن؟!

150) یان لەوێ بوون کە ئێمە فرشتەکانمان مێ دروس کرد؟

151) باش بزانە، هەرچی دەیڵێن هەر درۆیان هەڵدەبەستن؛

152) کە: خودا مناڵی بووە. بێ گومانە درۆزنن.

153) ئاخۆ ئەو بەجێ کوڕ، کچی بژاردووە؟

154) چیتانە، چۆن پێ ڕادەگەن؟

155) ئاخۆ هیچ بیر ناکەنەوە؟

156) یان بەڵگەیەکی پتەوتان لە لا هەیە؟

157) ئەگەر قسەی ئێوە ڕاستە، سا کتێبی خۆتان بێنن.

158) جنۆکەیان دەگەڵ خودا کردە خزم؛ جنۆکانیش باش دەزانن ئەوانە دەهێننە بەرێ.

159) خودا دوورە لەو باسانەی ئەوان دەیکەن.

160) مەگین ئەوی بە دڵپاکی عەبدایەتی خودا دەکەن.

161) سا وا ئێوە و ئەوانەی دەیانپەرستن،

162) کەستان بۆ بت بە فریو ناچێ؛

163) مەگین ئەوی دەچێتە نێو دۆزەقەوە.

164) لە ئێمەدا هەر کامێکمان جێگەی بۆ دیاری کراوە.

165) ئێمەین کە بۆ خواپەرستی ڕێز دەبەستین.

166) ئێمەین هەرگیز لە تاریفی ڕاناوەستین.

167) ئەوانیش خۆ هەر دەیانگوت:

168) ئەگەر ئێمەش لە لایەن پێشینانەوە، کتێبی خۆمان بۆمابا،

169) ئێستا لە عەبدە دڵپاکەکانی خوا بووین.

170) لەکتێبی خوا حاشایان کرد؛ زۆر ناخایەنێ دەزانن.

171) بێ گومانە بە رێش قسەکانی ئێمە – سەبارەت بە عەبدە ناردراوەکانمان – بە مەردم ڕاگەیەنراوە:

172) کە هەر ئەوان یاری دەدرێن.

173) دیاریشە هەر سوپای ئێمە سەردەکەوێ.

174) سا تۆ وازیان لێ بێنە هەتا ماوەیەک.

175) جا بیان بینە؛ ئەوانیش خۆ دەبیننەوە.

176) دەیانەوێ کە زووتر ئازاریان بدەین؟

177) هەر کاتێکی بێتە خوار و بەری درگایان لێ بگرێ، سپێدەی ترسێندراوان، ئەوسا گەلێ خراپ دەبێ.

178) تۆ لەوانەش هەتا ماوەیەک واز بێنە.

179) جا ببینە، ئەوانیش خۆ دەبیننەوە.

180) پاکی بۆ پەروەرندەی تۆ؛ هەرخۆی خاوەن دەستەڵاتە و لەو قسانەی کە ئەوان دەربارەی دەکەن، گەلێ دوورە.

181) سڵاویش لە پێغەمبەران.

182) سوپاسیش بۆ ڕاهێنەری هەموو دنیا.