38- ساد

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 9 خولەک  574 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) ساد. بەم قوڕعانە کە پڕ لە ئامۆژگارییە [و دەبێ پەندی لێ وەرگیرێ].

2) بەڵام خودانەناسەکان، خۆیان بە زل دەزانن و هەر خەریکی دژایەتین.

3) پێش ئەمانەش زۆر بەرەمان لە ناو بردن؛ جا ئەوانە هاواریان کرد؛ بەڵام دەرفەت لەدەس چوو بوو.

4) ئەمەیان پێ سەیر بووە کە پێغەمبەرێکیان لە خۆیان بۆ هاتووە و ترسی خوایان وەبەر دەنێ؛ خودانەناسەکان گوتیان: ببێ نەبێ، ئەم کابرایە جادووگەرێ درۆزنە.

5) چۆن دەیەوێ لەجێی ئەو هەموو بتانەی دەتانپەرست، هەر خودایەک بپەرستن؟ ئەمە زۆر شتێکی سەیرە.

6) کەڵەپیاوانیان کەوتنە ڕێ [وتیان پێیان:] بڕۆن و لەسەر ئەوانەی تا ئێستا پەرستووتانن، لا مەکەون و خۆڕاگر بن؛ بێ سۆ ئەمە ویستی مەیە.

7) ئێمە لە دینەکەی تردا شتێ وامان نەبیستووە؛ ئەمە ڕاستی تێدا نییە و هەڵبەستەیە.

8) چۆنە لە ناو هەمووماندا، قورئان هەر بۆ ئەو هاتووە؟ دوودڵیشن کە قورئان من ناردبێتم. هێمان ئازاری ئێمەیان نەچەشتووە.

9) ئاخۆ ئەوان گەنجینەکانی بەزەیی پەروەرندەی بەدەستەڵات و دڵاوای تۆیان لایە؟

10) یان ئاسمانان و زەمین و هەرچی لە ناویاندا هەیە، دە بەردەستی ئەوان دایە؟ دەسا با پەیژە دانێن و بێنە سەرێ.

11) ئەوانە لەشکرێکن لە کۆمەڵەکان کە لەوێندەرێ تێ دەشکێن.

12) بەرلەمانەش هۆزی نووح و هۆزی عاد و فیرعەونی چوارنیخەکێشیش هەر بڕوایان بە پێغەمبەران نەهێنا.

13) هۆزی سەموود، هۆزی لووت و خەڵکی ناو لێرەوارەکەش، هەر لەو بێ باوەڕانە بوون.

14) گش ئەوانە پێغەمبەرەکانی خۆیان بەلاوە درۆزن بووە و هێژای تۆڵە لێ ساندن بوون.

15) ئەوانە هەر چاوەنۆڕن تا لە نەکاو گرمینێ وا پەیدا دەبێ، کە تەنانەت بەشی هەنیسک دانێکیش وچان نادا.

16) هەر دەڵێن: ئەی پەروەرێنمان! بەر لەوە ڕۆژی قیامەت بێ، پسوولەی خۆمان بدەیە.

17) هەرچی دەیڵێن با بیڵێن، تۆ خۆڕاگربە و داوود وەبیرخۆت بێنەوە؛ کە عەبدێکی بەدەستەڵاتی ئێمە بوو؛ لە هەر کارێ پەشیمانی ڕووی تێ دەکرد، هەر پەنای بە ئێمە دێنا.

18) کێواتیشمان فێر کردبوو، کە وێڕای ئەو سەرلەنگۆرە و لە کاتی تاو هەڵاتندا، هەر تاریفی خودا بکەن.

19) مەلانیش کۆمەڵ دەبوون و گشتیان بەرەو ئەو دەهاتن.

20) ئێمە فەرمانڕەواییمان ب ۆپتەو کرد؛ لە کارزانیندا بەشمان دا و بە قسەی ئەو، هەموو کێشە کۆتا دەبوون.

21) ئەتۆ دەنگوباسی ئەو دادبەرانەت بیست، کە لەشوورەی نوێژگەکەیەوە سەرکەوتن؟

22) کە لە داوود وەژوورکەوتن، لێان ترسا. گوتیان: نیگەرانیت نەبێ، دوو دادبەرین؛ یەک لە ئێمە غەدری لەوی تر کردووە؛ چۆن ڕەوایە ئاوا بە ناومان ڕابگە و لە دەستووری خوا لا مەدە و ڕاستەڕێمان نیشان بدە.

23) ئەم برایەم نەوەد و نۆ پەزی هەیە و من تەنیا پەزێکم هەیە. گوتی: بە منی بسپێرە و، لە کێشەدا من دەرۆستی ئەو نەهاتم.

24) گوتی: ئەو کە پەزەکەی تۆ دەخاتە ناو پەزەکانی، غەدرێ دەکا. زۆر شەریکە ماڵی تریش فێڵێ لە یەکتری دەکەن؛ مەگین ئەوی باوەڕیان بە خودا هەیە و ئاکارچاکن؛ ئەویش کەمن. داوود زانی ئەزموومانە؛ ئیتر تووش پەشیمانی هات؛ سوژدەی برد و لە پەروەرندەی پاڕاوە کە بیبەخشێ.

25) ئێمە لەو هەڵەی بەخشیمان؛ لە نزیکانی خۆمانە و گەڕانەوەی چاکی هەیە.

26) ئەی داوود! جێ نشینیمان لەسەر زەمین داوە بە تۆ؛ بە تەرزێکی خوداپەسند، بە کاری مەردم ڕابگە و شوێن ئارەزووی خۆت مەکەوە؛ کە لە ڕێی خودا لات بدا. ئەو کەسانەی لە ڕێی خودا دەردەکەون، چونکە قیامەتیان لە بیر چوو، جەزرەبەی توند و تیژیان هەس.

27) ئێمە ئاسمان و زەویمان – ئەوەش کە لە بەینیاندایە – بە خۆڕایی دروس نەکرد؛ ئەو کەسانەی وا بیر دەکەن، خوانەناسن. های لەوانەی خوانەناسن، بۆ ئەو ئاگرەی دەیچنێ!

28) ئاخۆ ئێمە ئەوانەی خاوەن باوەڕن و ئاکارچاکن، هەر وەک ئەمانە دادەنێین کە لەم هەردەدا بەدفەڕن؟ یاخۆ ئێمە خۆپارێزان وەک گوناهباران دەژمێرین؟

29) ئەم قوڕعانە پڕ لە پیت وپیرۆزەمان بە خەڵات بۆ تۆ ناردە خوار، تا لەسەر نیشانەکانی ڕابمێنن و خاوەن دڵان ئامۆژگاری لێ وەرگرن.

30) سولەیمانمان بەخەڵات بەخشی بەداوود. ئای کەچەند عەبدێکی باش بوو! هەمیشە هەر ڕووی دەمەبوو.

31) سەرلەنگۆرێ وەختێ ئەسپانی ڕەسەنیان لە بەر چاوانی ڕادەنا،

32) گوتی: ئەوینی ڕەوەکەم یادی خودای لە بیر بردم؛ تا خۆر لە ئاسۆ نەدیو بوو.

33) بیان گێڕنەوە. ئەوسا بە تیخ، مچوون و ملیان پەڕاندن [و کرانە خێر].

34) ئێمە سولەیمانیشمان تاقی کردەوە و لاشەیەکمان هاویشتە بان کورسیەکەی و دیسان هەر ڕووی کردە ئێمە.

35) گوتی: ئەی پەروەرندەکەم! عافووم بکە و سامانێکی وام بدەیە کە لە دوای من گیر هیچ کەسی تر نەکەوێ؛ بەخشەندەی هەرە گەورە تۆی.

36) ئێمەش بامان بۆ کەوی کرد؛ بە فەرمانی ئەو – بە نەرمی – بۆ هەر کوێیەک بیویستایە دەکەوتە ڕێ.

37) هەموو جسنە شەیاتینی پاڵە لە قوڕەکاریدا و بینەکێشیش،

38) هێندێ تریش – کە تۆق لە مل – هاتبوونە بەر فەرمانی.

39) سامانێکمان پێ بەخشیوی کە لە ژمارە دەرچووە؛ سا تۆیان چاکەی لێ بکە، یان ڕای بگرە.

40) سولەیمانیش لە نزیکانی خۆمانە و گەڕانەوەی چاکی هەیە.

41) لە ئەییوبیش – کە لە عەبدانی ئێمە بوو – بیر بکەوە. لەو کاتەدا کە هاواری بۆ پەروەرندەی خۆی هێنا: ئەوا شەیتان منی تووشی ئازار و لەش بەباری کرد.

42) پای خۆت بوکتە بە زەمینا، کە ئەمە سەرچاوەیەکە بۆ مەلەکردن دەست دەدا و چایگیشە، دەشکرێ لێی بخۆیەوە.

43) لە بەزەیی خۆمانەوە، ورد و درشتی خێزانی و هێندەی تریشمان پێ بەخشی؛ تا ببێتە بیرەوەری بۆ هەموو خاوەن ئاوەزان.

44) قولێ توڵی ور دو زراو بگرە دەستت و پێ لێدە، با سوێندەکەت لێ نەکەوێ. ئێمە ئەومان بە پیاوێکی بە حەوسەلە هاتە بەرچاو؛ عەبدی چاک بوو؛ بە ڕاستی ئەو تۆبەکار بوو.

45) عەبدەکانمان: ئیبڕاهیم و ئیسحاق و یەعقووبیش وەبیر بێرانەوە؛ کە هەموویان خاوەن دەست و دڵ ڕۆشن بوون.

46) چونکە هەمیشە قیامەتیان وەبیر خەڵک دێنایەوە، بوونە دۆستی تایبەتیمان.

47) ئەوان بەلای ئێمەوە لە هەڵبژاردە چاکەکانن.

48) ئیسماعیل و زەلکیفل و ئەلیەسەعیشت لە بیر نەچێ؛ هەموویان لە پیاوچاکانن.

49) ئەمە بۆ بیرەوەریەکە و؛ ئەوانەی خودێ ترس بوون، لەو دنیا جێگەیان خۆشە.

50) باغاتێکە نەمانی بەسەردا نایە و دەرگایان بۆ کراوەتەوە.

51) لەوێ پاڵیان داوەتەوە؛ هەر میوە و ڤەخارنێکی ئارەزوو کەن، داوای دەکەن.

52) زۆر مێوینەی هاوتەمەنیان لە لا هەیە، لە ڕووی نامۆ چاو دادەخەن.

53) ئەمانە هەر ئەو شتانەن کە بەڵێنتان پێدرا بوو؛ ڕۆژی قیامەتێ دەودەنێ.

54) ئەمە بژیوی ئێمەیە و هەرگیز وشکاویشی نایە.

55) ئەمە ئاوا. ئەو کەسانەش کە لە ڕێی ئێمە لا دەدەن، دێنەوە شوێنێ زۆر خراپ.

56) دوڕدۆزەقە و شوێنێکی زۆر نالەبارە.

57) با دەوێدا ئاوا کەلی و کێم و زووخاو بخۆنەوە.

58) هەر لەم تەرزە جەزرەبانە، چەندین وێنەی تریش هەیە.

59) ئەم گرۆیەش کە هەر بە زۆر دەگەڵ ئێوە دێنە ناوی؛ ئای بە خێر نەیەن! ئەوانیش ئەشێ هەر لە ئاگردا بن.

60) ئێژن: خۆتان بە خێر نەیەن! ئێوەن پێشەکی ئەو شوێنە خراپە و بۆ مە ڕەچاو کرد. ئەنوایەکی زۆر خراپە!

61) ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! کێ پێشەکی ئەمەی بۆ ئێمە ساز داوە، تۆ دووسەرە بە ئاگر جەزرەبەی بدە.

62) دەشڵێن: ئاخۆ ئەو پیاوانەی بە پیاوخراپمان دەژماردن، بۆچ نابینین؟

63) کە گاڵتەمان پێ دەکردن؛ یان چاو لە دیتنیان کولە؟

64) ئەم کێشەی ئەهلی دۆژهە ڕاستە و ئەشێ هەر وەدی بێ.

65) بێژە: من خۆم هەر تەنیا ترسێنەرێکم؛ غەیرەز خودای تاک و تەنیای زاڵ بە سەر هەموو شتێکدا، هیچ شت بۆ پەرستن ناشێ.

66) پەروەرێنی ئاسمانەکان و زەمینە و هەرچی ل ەنێوانیان دایە، کۆڵ نەدەر و لێ بوردەیە.

67) بێژە: ئەمە خەبەرێکی زۆر گرینگە؛

68) کە ئێوە خۆی لێ دەبوێرن.

69) کاتێ باڵانشینەکان بناشتیان لە ناو پەیدا بوو، من هیچم لێ نەزانیوە.

70) بۆیە پێم ڕادەگەیەنرێ، چونکە دەبێ ترس وەبەر ئێوە بێنم.

71) کاتێ کە پەروەرێنی تۆ بە فریشتەکانی ڕاگەیاند: وا خەریکم مرۆیەک لە قوڕ چێ بکەم؛

72) هەرگا لەشیم تەواو کرد و لە گیانی خۆم فووم پێدا کرد، هەمووتان سوژدەی بۆ بەرن.

73) ئەوسا فریشتەکان گشتیان سوژدەیان برد؛

74) ئیبلیس نەبێ. خۆی بە زل دی و سپڵەیی کرد.

75) گوتی: ئەی ئیبلیس! چی نەیهێشت سوژدە بەریە بەر ئەوەی دەستکردی خۆمە؟ ئاخۆ فیزت ڕێگەی نەدای، یان لە پایەبەرزەکانی؟

76) گوتی: دیارە من خۆم لەو چاکتر دەزانم، من لە ئاگر، ئەوت لە قوڕ وەدی هێنا.

77) گوتی: لێرە بڕۆ دەرێ، لە ئێستەوە دەرکراوی؛

78) نەفرینی منت لەسەر بێ، تا ڕۆژێ سەڵا ڕادەبێ.

79) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! قانم بدە تا ڕۆژەکەی کە هەموو زیندوو دەبنەوە.

80) گوتی: تۆ یەکێ لەوانەی کە مەودایان پێدراوە؛

81) هەتا ئەو ڕۆژە و ئەو کاتەی دیاری کراو.

82) گوتی: دەسا سوێند بە دەستەڵاتی تۆ، سەرلەبەریان گومڕا دەکەم؛

83) مەگین ئەوانەی بە پاکی دەت پەرستن.

84) گوتی: سا ڕاست هەر ئەمەیە و هەرچی من دەبێژم ڕاستە.

85) دڵنیابە، تۆش و هەموو ئەو کەسانەی شوێن تۆ کەوتوون، جەهەندەمتان لێ پڕدەکەم.

86) بێژە: من هیچ پاداشێکم لێتان ناوێ؛ لەوانەش نیم کە درۆ بە دەم خوداوە هەڵدەبەستن.

87) ئەمە بیرەوەری و پەندە بۆ هەموو خەڵکی دنیایە.

88) بێ گومانە پاش ماوەیەک دەنگوباسی ڕاستی ئەوتان بەلاوە ڕوون دەبێتەوە.