36- یاسین

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 9 خولەک  750 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) یا، سین.

2) سوێند بە قوڕئان، کە سەر لەبەر کارزانییە.

3) تۆ یەک لە پێغەمبەرانی.

4) کەوتوویە سەر ڕاستەڕێگە.

5) ئەم قوڕعانە هەرە خاوەن دەستەڵاتی دلۆڤان ناردوویەتە خوار.

6) تا بە هۆی ئەو ترس وەبەر گەلێک بێنی کە باب و کاڵی پێشوویان کەس لە خوای نەترساندوون و بێ ئاگا بوون.

7) بەڵێنی خوا زۆرینەیان دەگرێتەوە؛ سا ئەوان بڕوا ناهێنن.

8) ئێمە ملیان دەخەینە ناو زنجیرەوە و تا چەنە شەتەکیان دەدەین، کە ناتوانن بۆهیچ لایەک سەرببزێون؛ چاوگەلیشیان داشۆڕیاگە.

9) لەمپەرێکمان لەپێشیانەوە داناوە و لەمپەرێک لە پشتیانەوە؛ تارماییشمان هاویشتە سەر گلێنەیان کە نابینن.

10) بۆ ئەوانە چ ترسیان وەبەر بهێنی، چ نەهێنی، وەکوو یەکە. هەر نابن بە خاوەن باوەڕ.

11) ترس وەبەر هێنانەکەت هەر بۆ کەسێک باوی هەیە، پەیڕەوی ئەم قوڕعانەیە و لە نەدیتە ترسی خودای لە دڵدایە. سا تۆ مزگێنی پێ بدە عافوو دەکرێ و پاداشی باشیشی هەیە.

12) ئێمە خۆمان مریان زیندوو دەکەینەوە و هەر کارێکی بە زیندوویی کردوویانە و شوێنەواریان، گش دەنووسین. هەموو شتمان لە کتێبێکی ڕوون کەرەوە - هەر بە هەژمار - هەژماردووە.

13) بەسەرهاتی خەڵکی ناو ئاواییەکەیان بۆ وێنە بۆ بگێڕەوە، کە پێغەمبەر چوونە لایان.

14) ئەو دەمەی کە دوو کەسمان بۆ بەڕێ کردن، کەسیان بڕوای پێ نەکردن. پێغەمبەری سێهەمیشمان ناردە لایان، یارمەتی ئەو دووانە بدا. گوتیان: ئێمە بێ گومانە، بۆ لای ئێوە ناردراوین.

15) گوتیان: ئێوە هەر مرۆیەکن وەک خۆمان؛ خوا هیچی نەناردۆتە خوار؛ ئێوە کارتان درۆ دانە.

16) گوتیان: پەروەرندەی ئێمە خۆی دەزانێ کە ئێمە بۆ لای ئێوە ڕاسپێراوین.

17) گوتیان: ئێمە هەر ئەوەندەمان لەسەرە، پەیامی ئەو - بە ئاشکرا - بەنگۆ بڵێین؛ نە هیچی تر.

18) گوتیان: پێوقەدەمی ئێوە بۆ مە شوومە؛ دەس هەڵ نەگرن، بەردەبارانتان دەکەین و سەخت جەزرەبەتان دەدەین.

19) گوتیان: شومیو لە خۆتانە، ئاخۆ ئەگەر ئێوە ئامۆژگاری بکرێن [ئاوا دەکەن]؟ بەڵکوو ئێوە کۆمەڵێکن لە ئەندازەی خۆ دەرکەوتوون.

20) پیاگێک لەو سەری شارەوە بە غار دەهات، گوتی: گەلۆ! بدنە شوێن ئەو کەسانە ڕاسپێراون.

21) پەیڕەوی ئەمانە بکەن کە بۆ خۆیان شارەزای ڕێگەی خودان و هیچ پاداشیان لێتان ناوێ.

22) من بۆ دەبێ ئەو کەسەی منی دروس کرد، نەیپەرستم؛ گشتوو بۆ لای ئەو دەچنەوە؟

23) چۆن من دەچم - غەیرەز خودا - ئەو شتانە دەپەرستم؛ هەرگا خودا گەرەکی بێ بەڵایەکم بەسەر بێنێ، تکای ئەوان هیچ بەهرەیەکم بۆ نادا و ناتوانن ڕزگارم بکەن؟

24) ئەگەر وا بێ، ئەوسا کە من بە ئاشکرا گومڕا بووگم.

25) من بە پەروەرندەی ئێوە بڕوام هێنا؛ سا بژنەون.

26) وترا: وەرە بەهەشتەوە. گوتی: بریا هۆزەکەشم بیزانیبا،

27) کە ئەو کەسەی منی پەروەردە کردووە، لێم خۆش بووە و خستوومیە ڕێزی بەڕێزان.

28) دوای ئەو ئێمە هیچ لەشکرمان - لە عاسمانڕا - نەناردە سەر هۆزەکەی ئەو، [بەرلەمەش] هەر نەمان دەنارد.

29) هەر تەنیا نەعرەتەیەک بوو، کە لە ناکاو گش دامرکان.

30) مخابن بۆ ئەو عەبدانە، هەر پێغەمبەرێکیان بۆ هات، هەر گاڵتەوگەپیان پێکردوون.

31) چۆن ئەمانە نەیاندیووە کە چەندین چین لە مرۆمان - لە پێش ئەمان - قڕ کردووە و تازە نایەنەوە لایان.

32) بێ گومانە هەموو لاشیان هەر دەهێننەوە لای خۆمان.

33) هەر لە زەوی ڕابمێنن، نیشانەی بۆ ئەوان تێدا؛ بە مردوویی ئێمە زیندوومان کردەوە و دەنکمان لێ بەرهەم هێنا؛ کە خۆراکە بۆ ئەمانە.

34) هەر لە زەویش چەندین باغی خورمابن و ڕەزی زۆرمان وەدی هێنا و چەند کانیاومان لێ هەڵقوڵاند.

35) هەتاکوو لە میوەی خودا و لە دەسڕەنجی خۆیان بخۆن. ئاخۆ هێشتا شوکر ناکەن؟

36) هەر خودا پاک و بێ عەیبە، کە جووتەی هەموو شتێکی وەدی هێنا؛ چ لەوانەی لەم سەرزەمینە دەڕوێن و چ لە خۆیان، چ لەوانەش کە نایزانن.

37) بۆ ئەو، شەویش یەک لە نیشانانە؛ ئێمە ڕۆژی لێ دادەڕنین و لە ناکاو تاریکانیان بەسەردا دێ.

38) خۆریش بەرەو بنەی خۆی لە گەڕاندایە؛ کە لە خاوەن دەستەڵاتی زاناوەیە، ئەو فەرمانەی پێدراوە.

39) هەیڤیش ئێمە بۆمان دانا بە چەند قۆناغا تێپەڕێ؛ تا وای لێ دێ، وەک پەلی کەونی وشکەڵی داری خورما، دێتە بەرچاو.

40) نە خۆر توانای هێندەی هەیە بگا بە مانگ، نە شەو وەپێش ڕۆژ دەکەوێ. سەرلەبەریش لە ئاسمانێک مەلە دەکەن.

41) ئەمەش بۆیان نیشانەیە: هاوڕەگەزانی ئەوانمان لە گەمیەی تژی کراودا هەڵگرتووە.

42) وێنەی ئەویشمان داهێنا، کە دەتوانن سواری ببن.

43) ئەگەر حەز کەین نوقمی بن ئاویان دەکەین و ئەوسا کە هیچ فریاڕەسێکیان نابێت و ڕزگار ناکرێن.

44) مەگین بەزەیی ئێمەیان دەفریا بێ و تا ماوەیەک بەرخوردار بن.

45) هەر کاتێکیش پێیان بگوترێ: لەوی لە ڕووبەڕووتانە و لەوەش لە پشتەسەرتانە، خۆپارێزبن، بەشکوو بەر بەزەیی خوا کەون، [خۆ دەبوێرن].

46) هەر نیشانەیەکیان بۆ بێ لە لای پەروەرێنیانەوە، ئیللا دەبێ ڕووی تێ نەکەن.

47) کاتێکیش پێیان بووترێ: لەو بژیوەی خوا پێداون، خێرێ بکەن؛ خوانەناسان بەخاوەن باوەڕان ئێژن: ئاخۆ ئێمە خۆراک بە کەسێ ببەخشین ئەگەر خودا مەیلی لێ با بژیوی بۆ دابین دەکرد؟ ئێوە هەر لە گومڕاهی دان.

48) دەشڵێن: ئەگەر قسەڕاستن، ئەو بەڵێنە، کەی بە جێ دێ؟

49) ئەوانە هەر چاوەنۆڕی یەک نەعرەتەن کە لە کاتێکدا خەریکی هەراوکێشەی ناو خۆیانن، دەیانگرێ.

50) ناتوانن وەسیەتیش بکەن؛ ڕێشیان نابێ بچنەوە ناوکەس و کاریان.

51) فووش بە کەڵەشاخدا دەکرێ؛ ناگا گشت لە گۆڕانەوە دێنە دەر و بەرەو پەروەرندەی خۆیان بە لەز دەڕۆن.

52) ئێژن: ئەی هاوار بە ماڵمان! کێ لە ناو پێخەفەکەمان ڕای پەڕاندین؟ ئەمە هەر ئەو بەڵێنەیە خودا دای و پێغەمبەرەکان ڕاستیان گوت.

53) تەنیا هەر یەک نەعرەتەیە و ناکاو هەموو لای ئێمە کۆ دەکرێنەوە.

54) ئەوێ ڕۆژێ ناهەقی لە کەس ناکرێ و هەر بەرانبەر بەو کردەوەی کردووتانە، سزا دەدرێن.

55) ئەوانەی ئەهلی بەهەشتن، ئەوێ ڕۆژێ سەریان گەرمە و لە خۆشی دان.

56) خۆیان دەگەڵ ژنەکانیان، لەبەر سێبەر، لە تەختان، پاڵ کەفتگن.

57) لە بەهەشتا هەر میوەیەک و هەر شتێ داوای بکەن، ئامادەیە.

58) پەروەرندەی دلۆڤانیش - بە لەبزی خۆی - سڵاوێکیان بۆ دەنێرێ.

59) ئەی ئەوانەی تاوانبارن! ئێوەش ئەمڕۆ، ئەشێ خۆتان جیا کەنەوە.

60) ئاخر ئەی تۆرەمەی ئادەم! من لە پێشدا پەیمانم دەگەڵ نەبەستن کە شەیتانێ نەپەرستن؟ ئەو ئاشکرا دوژمنتانە.

61) هەرتەنیا خۆم بپەرستن؛ کە ڕێگەی ڕاست هەر ئەمەیە.

62) گەلێکی زۆری لە ئێوەی لە ڕێ لادا؛ ئاخۆ هێشتا هەر تێ ناگەن؟

63) ئەمە ئەم جەهەندەمەیە، کەوا بەڵێنتان پێ دەدرا.

64) بەهۆی پێ نەزانیەکەتان، ئەمڕۆ دەبێ بچنە ناوی.

65) ئەمڕۆ ئێمە مۆر دەخەینە سەر دەمیان و دەستیان دەگەڵمان دەپەیون؛ پاکانیشیان دەبنە شایەت کە کردەوەکانیان چ بووە.

66) ئەگەر حەز کەین، چاوەکانیشیان کوێر دەکەین؛ بەرەو ڕێگا ملە دەکەن. سا کوا سۆمای دیتنیان هەیە؟

67) ئەگەر حەزیشمان کردبا - هەر لە جێگەکەی خۆیاندا - دەمانکردنە شتێکی تر؛ ئەوسا کە نەیانتوانیبا بێنە پێش و بەرەو دوواش نەگەڕێنەوە.

68) هەر کەسێکیش تەمەنی زۆری بدەینێ، تەرح و بیچمیشی دەگۆڕین. بۆچ ناتانەوێ تێ بگەن؟

69) ئێمە ئەومان فێری شێعر نەکردووە و هیچ پێویستیشی پێ نییە. ئەمە تەنیا بۆ یاد لە خودا کردنە و قورئانێکە شێوەژیان نیشان دەدا.

70) تا ئەوانەی بە دڵ زیندوون، لە خودایان بترسێنی و قسەی خودا دەربارەی خودانەناسان بە جێ بگا.

71) ئاخۆ هێشتا نەیاندیوە ئێمە بە دەستی توانامان پاتاڵمان بۆ بەرهەم هێنان، ئەوان بوونەتە خاوەنیان.

72) وا بۆشمان دەستەمۆ کردن، کە دەتوانن سواریان بن و لێیان بخۆن.

73) هەر لە وانیش گەلێک جۆرە بەهرە دەبەن؛ زۆر شتی ڤەخارنیشیان لێ وەردەگرن. هێشتا هەر شوکرانە ناکەن.

74) غەیرەز خودا شتگەلێکی تریان پەرست؛ شایەتا دەهانایان بێن.

75) ناشتوانن دەهانایان بێن؛ بەڵام ئەمان لە خزمەتیان، بۆ پێشمەرگەیی ئامادەن.

76) وتاریان دڵتەنگت نەکا؛ هەر شتێکی بیشێرنەوە و هەرشتێکی بیدرکێنن، ئێمە لێیان ئاگادارین.

77) مرۆ چۆن هێندە نازانێ، کە ئێمە لە تنۆکێکمان ئافراندوە؛ کەچی ئێستا دوژمنێکی ئاشکرایە.

78) ئەو مەسەلێکی بۆ ئێمە هێنایەوە و ئافراندنی خۆی لە بیر کرد؛ ئێژێ: ئێسک لە پاش پووان، کێ زیندوویان دەکاتەوە؟

79) بێژە: کەسێ هەوەڵ جار دروستی کردوون، ئەو زیندوویان دەکاتەوە؛ بۆ هەموو دروست کردنێک خۆی زانایە.

80) ئەو کەسێکە لە داری شین، ئاگری بۆ پەیدا کردوون؛ ئێوەش هەر لەم [دەستەچیلە] ئار پێ دەکەن.

81) ئاخۆ کەسێ توانای هەبێ ئەم ئاسمانان و زەمینەی داهێنا بێ، توانای نییە وێنەیان دروس کاتەوە؟ ئارێ لە وزەیدا هەیە و وەدی هێنی فرەزانا هەر خۆیەتی.

82) هەرگا هەر شتێکی بۆی پەیدا ببێ، بەفەرمان پێی ئێژێ: ببە! هەر دەس بەجێ پەیدا دەبێ.

83) پاکی و بێ عەیبی بۆ کەسێ کە هەموو شت لە ژێر فەرمانی ئەودایە و، هەر بۆ لای ئەو دەوهێننەوە.