35- فاتیر

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 8 خولەک  745 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) شوکرانە هەر بۆ خودایە کە عاسمانان و زەمینی داهێناوە و فریشتانی دوو باڵ و سێ باڵ و چوار باڵی کردووتە ڕاسپاردە. هەر چۆنی بۆ خۆی حەز بکا، لە بەرهەمی زێدە دەکا. خودا لەسەر هەموو شتێک توانای هەیە.

2) هەرگا خودا دەروی خێرێ لە ڕووی مەردم بکاتەوە، کەس ناتوانێ گاڵەی بدا و، ئەگەر ئەویش گاڵەی بدا - بەدەر لە خۆی - کەس ناتوانێ بیکاتەوە. هەر خۆی خاوەن دەستەڵات و لە کارزانە.

3) ئەی خەڵکینە! لە بیرتان بێ خودا چەندی چاکە لەسەر ئێوە هەیە؛ ئاخۆ غەیرەز خودا، وەدی هێنێک هەیە کە لە ئەزمان و زەوینا بژیوی ئێوە دابین کا؟ بە غەیرەز خۆی هیچ شت بۆ پەرستن ناشێ؛ چلۆن لە ڕێ کلا دەکرێن؟

4) ئەگەر بە تۆ بڕوا ناکەن، پێغەمبەرانی بەرلە تۆش هەر بە درۆزن دانران. هەموو کاریش هەر بۆ لای خوا دەبرێنەوە.

5) ئەی خەڵکینە! بێ سۆ بەڵێنی خوا ڕاستە؛ ژیانی دنیا نەکا بتانخەڵەتێنێ و نەکا شەیتان بە بەخشەندەیی خوداتان فریو بدا.

6) شەیتان دوژمنی ئێوەیە، سا ئێوەش ببنە دوژمنی؛ ئەو هەر بۆیە دارودەستەی گازی دەکا، تا لە یارانی ئاگر بن.

7) ئەوانەی خودانەناس بوون، ئازارێکی توندیان دەبێ. ئەوی باوەڕیشیان هێنا و ئاکاری چاکیان ڕەچاو کرد، لە گوناهـ عافوو دەکرێن و پاداشی هێژایان هەیە.

8) ئاخۆ کەسێ خراپەی بۆجوان کراوە و بۆ خۆی پەسندی کردووە [وەکوو کەسێکە وا نەبێ؟] خوا حەز بکا، هەر کەسێ گومڕا دەکات و حەزیش بکا، شارەزای بەرەو خۆی دەکا. نەکا لەبەر خەمی ئەوان، تێدا بچی؛ خوا دەزانێ ئەوانە چ کارێک دەکەن.

9) هەر خودایە ئەو بایانە بەڕێ دەکا و ئەوانیش هەور دەبزوێنن؛ ئەوسا هەور دەئاژوێن بەرەو سەرزەمینێکی مردوو؛ زەوی مردوو بەوە زیندوودەکەینەوە؛ وەژیاندنی پاشەڕۆژیش هەر ئاوایە.

10) کەسێ قەدر و ڕێزی دەوێ، ڕێز و قەدر گشتی لە دەست خودادایە. وتەی باش هەر بەرەو ئەو بەرەژوور دەچێ و ئاکاری چاکیش هەر بەرزی دەکاتەوە. ئەو کەسانەش کە فێڵ بۆ خراپە دەکەن، بە توندی سزا دەدرێن و فێڵەکانیان بە هیچ دەچێ.

11) خودا ئێوەی هەوەڵ لە گڵ، پاشانیش لە تنۆکەیەک وەدی هێنا؛ پاشان جووتەی لێ پێک هێنان. چی لە تۆلی مێوینەدا و هەرچی لە مێوینە دەزێ، ئەو دەیزانێ. کێ عومری درێژی دەبێ و کێ تەمەنی کورتی دەبێ، هەموو لەدەفتەر نووسراوە؛ ئەمە بۆ خودا هاسانە.

12) دوو دەریا هەن وەکوو یەک نین: ئەم شیرینە و تینووایەتی ئەشکێنێت و ڤەخارنی گۆارایە، ئەو شۆرێکی تاڵ و تفتە؛ لە هەرکانیش گۆشتی تازە بۆ خارنێ پەیدا دەکەن؛ زەمبەریشیان دەقەڵێشن تا ئێوە لە سایەی ئەودا ڕۆزی بۆ خۆ پەیدا کەن و شوکرانەی لەسەر ببژێرن.

13) شەو دەخاتە ناو ڕۆژەوە و ڕۆژیش دەشەوێ ڕادەکا؛ خۆر و هەیڤیشی کەوی کرد؛ هەرکامی تا کاتی دیاردە دێن و دەچن. ئێوەی پەروەردە کردووە و پادشاهیش هەر لە ئەو دەوەشێتەوە. ئەو شتانەی - غەیرەز خودا - ئێوە هانایان پێدەبەن، تەنانەتی تۆخڵی تەنکی دەنکی خورمایە شک نابەن.

14) گەر هاواریشیان بۆبەرن، هاوارەکەتان نابیسن؛ بیشی بیسن، ناشێن بە دەنگتانەوە بێن؛ ڕۆژی سەڵاش حاشا دەکەن کە ئێوە پەرستووتانن. غەیرەز خودا - کە هەموو شتێک دەزانێ - کەس ناتانێ [لەوانە] ئاگادارت کا.

15) ئەی خەڵکینە! ئێوە بە خودا ئاتاجن؛ هەر خودایە بێ نیازە و هێژایە پەسندی بدرێ.

16) ئەگەر حەزکا، هەمووتان لە بەین دەبات و سەرلە نوێ، دەستەیەکی تر پەیدا دەکا؛

17) ئەمەش لای خوا دژوار نیە.

18) هیچ کەس باری گوناهی کەس وەستۆ ناگرێ. ئەگەر بێتوو گران بارێک لەبەر یەکی تر وەپاڕێ: شان بداتە بەر بارەکەی - با خزمی نزیکیشی بێ - خۆ ناخاتە ژێر باری ئەو. تۆ هەر ئەوەندەت لەسەرە ئەو کەسانە بترسێنی کە نەدیتە لە پەروەرندەکەی خۆیان دەترسن و نمێژ دەکەن. کێش دەیەوێ بەپاکژی بژی، هەر خۆی لەو پاکییە بەهرە دەبا و چارەنووسی هەموو شیان هەر لای خودایە.

19) کوێر و چاوساغ وەکوو یەک نین.

20) تاریکایی و ڕووناکاییش وەکوو یەک نین.

21) بەرسێبەر و گەرمای تاویش وەکوو یەک نین.

22) گیان لەبەران و بێ گیانیش هاووێنە نین. خودا حەز کا، وا دەکا هەرکەس ببیسێ. تۆ ناتانی دەنگت بەوانە ڕابگا کە خراونە ناو گۆڕەوە.

23) تۆ هەر ئەوەندەت لەسەرە ترس وەبەر خەڵکی بێنی.

24) ئێمە بەڕاستی تۆمان نارد مژدەدەر و ترسێنەر بی. هیچ کۆمەڵتەیەکیش نەبووە کە ترس وەبەرهێنەریان بۆ نەچووبێ.

25) گەر ئەمانە تۆ وەدرۆ دەخەنەوە، پێشینەکانی ئەمانەش پێغەمبەرانی خۆیانیان هەر بە درۆزن ژمێرا؛ گەرچی ئەوان بەنیشانەگەل پتەو و بەسیپارە و کتێبی ڕووناکی دەرەوە هاتنە لایان.

26) ئەوسا خودانەناسانم بە غەزەب گرت. دەسا سزای من چلۆن بوو؟

27) ئاخۆ نەت دی، خودا ئاوی لەو بەرزەوە باراندووە، میوەجاتی هەمەڕەنگەمان پێ ڕوواند؟ لە کێوانیش ڕێگەوبانی سپی و سووری جۆراوجۆری بەڕەنگ جیای وەدی هێنان؟ ڕەشی وەک قەلەڕەشەشیان تێدا هەیە.

28) لە مەردم و جانەوەر و پاتاڵیشدا، هەر وەهایە؛ ڕەنگیان لە یەکتر جودایە. لە ناو عەبدانی خودادا هەر ئەوانەی فرەزانان لێی دەترسن. خودا خاوەن دەستەڵاتی خەتا پۆشە.

29) ئەو کەسانەی کتێبی خوا دەخوێننەوە و نوێژ دەکەن و لەو بژیوەی پێمان داون - بەنهێنی و بە ئاشکرایی - خێر دەکەن، بە هومێدی سەودایەکن هەرگیز لە برەو ناکەوێ.

30) تا بەرانبەر بە کۆششیان پاداشی خۆیان پێ بدا و لە چاکەی خۆی زێدەشیان بۆ وەسەر بخا. بێ گومانە ئەو خەتاپۆش و پێ زانە.

31) هەرچی لە ناو ئەم کتێبە بە تۆمان ڕاگەیاندووە، ڕاستە و بڕوای بەو کتێبانەش هەیە کە لە خوداوە ناردراون. خودا لە عەبدەکانی خۆی ئاگادار و چاوەدێرە.

32) جا ئەوسا ئەم کتێبەمان کردە میرات بۆ ئەو عەبدانەمان کە هەڵمان بژاردن. لە ناو ئەوانیشدا کەسانێک هەن غەدرێ لە خۆ دەکەن؛ بڕێکیشیان مام ناونجین. هەر لەوانیش کەسانێک هەن - بە ئیزنی خوا - سەبارەت بەکاری چاکە پێشەبڕێ لە هەواڵان دەبڕنەوە؛ کە ئەمە زێدە بەشێکی زۆر هێژایە.

33) دەچنەناوباغاتێکەوە کە نافەوتێن؛ لەوێ دەیانڕازێننەوە و بازووبەندیان لە زێر و مرواری دەبێ و پۆشاکیشیان لەوێدا لە هەڤرەمیشە.

34) ئەوسا ئێژن: شوکرانە بۆ ئەو خودایەی کە سەری لە سەر نەهێشتین؛ بەڕاستی پەروەرندەمان زۆر خەتاپۆش و پێ زانە.

35) ئەوخودایە لەچاکەی خۆی ئێمەی لە ماڵی هەرماندا نیشتەجێ کرد. نە ڕەنجێ لێرا دەکێشین، نە تووشی ماندوویی دەبین.

36) بۆ ئەوانەش کە لە خودا حاشایان کرد، ئاگری جەهەندەم هەیە؛ نە ڕێی مردنیان پێدەدەن، نە جەزرەبەی دۆژەهیان لە سەر سووک دەکرێ. هەر کەسانێ بە چاکەی خودا نەزانن، ئێمە وایان سزا دەدەین.

37) بە زۆڕەزۆڕ لەوێدا دەپاڕێنەوە: پەروەرێنمان! لە دۆژەە بمانهێنەدەر؛ لە ئاکاری پێشوو پەشیمان بووینەوە؛ ئەم جارە کاری چاک دەکەین. ئەدی ئێمە تەمەنی وا درێژمان بە ئێوە نەدا کە هەر کەسێ بیویستایە، دەیتوانی پەندی لێ بگرێ؟ ترسێنەریشتان هاتە لا! دە ئەم ئازارە بچێژن. هەر کەسێ کە ناهەقی کرد، هیچ کەسی دەهانا نایە.

38) خوا نهێنی ئەرز و ئاسمانان ئەزانێ و لە ڕازی دڵی هەموو کەس ئاگادارە.

39) هەر ئەو ئێوەی لە جێگەی پێشینەکانتان - لەم زەمینە - جێ کردەوە. ناسوپاسی ناسپاسان، هەر تووڕەیی پەروەرێنیان پتر دەکا و بێ ئەمەگی بێ ئەمەگان، هەر زیانیان زێدە دەکا.

40) بێژە: ئەوانە - لە جێی خوا - پێتان، شەریکی خودا بوون، نیشانم دەن؛ لەم زەمینە کامەشتیان وەدی هێنا؟ یان لە وەدی هێنانی عاسمانەکاندا، کەنگێ هەمکاری خودا بوون؟ یا خود ئەمانە کتێبیان لای ئێمەوە بۆ هاتووە و بەڵگەیە بە دەستیانەوە؟ نەخێر، ئەوانەی ناهەقن هەر بەڵێنی خڵەتاندن بە یەک دەدەن.

41) خودایە کە ئەم عاسمانان و زەوینەی ڕاگرتووە کە ناکەون؛ ئەگەر کەوتن - لەو بەدەر - کەسی وا نییە ڕاگیریان کا. ئەو کاری بە شێنەیین و خەتاپۆشە.

42) بە توندی سوێندیان دەخواردن، کە: بە خودا سوێندەکەمان، ئەگەر ئێمە ترسێنەرێک لە خوداوە بێتە لامان، پتر لە هەر کۆمەڵی تر ڕێگەی خودا دەگرینەبەر. کەچی وەختێ ترسێنەرێک هاتە لایان، فرەتر لە خوا دوورەو کەفتن؛

43) هەر لەبەر خۆبەزل زانین لە زەمین دا و بۆ فڕوفێڵ؛ فڕوفێڵیش هەر یەخەی خاوەنی دەگرێ. ئاخۆ بێژگە چارەنووسی پێشینەکان، چاوەنۆڕی شتێک تر هەن؟ ئەمە ڕێگەوشوێنی خوایە و قەت نابینی ڕێ و شوێنی خوا بگۆڕدرێ و جێ بەجێ بێ.

44) ئاخۆ ئەوان لە زەمیندا نەگەڕاون، تا ببینن پێشینەکان - کە لەوانەش بەهێزتر بوون - چییان بەسەر هات؟ هیچ کەس لە ناو عاسمانەکان و زەمیندا پەیدا نابێ کە هێز لە خودا بستێنێ؛ زانا و توانا هەر خۆیەتی.

45) ئەگەر خودا ئەم مەردمەی - بە هۆی ئەو کارانەی دەیکەن - بگرتبا، لە سەر پشتی ئەم زەمینە جوقەوارێکیش نەدەما؛ بەڵام خودا مەودای داوە تا ماوەیێ دیاری کراو بمێننەوە؛ کەنگێ ئەو ماوە بەسەر چوو، خۆی دەزانێ عەبدەکانی چییان کردووە.