34- سەبەء

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 10 خولەک  819 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) پەسن و سوپاس بۆ خودایێ کە هەرچی لە ئاسمانەکان و زەمیندان هەر بۆ ئەوە و لەو دنیاش سپاس و پەسن هەر لە خۆی دەوەشێتەوە. هەر بۆ خۆشی لە کارزان و ئاگادارە.

2) هەرچی دەچێتە ناو زەوی و هەرچی لە زەوی دەرکەوێ و هەرچی لە عاسمان داکەوێ و هەرچی لێیەوە سەرکەوێ، ئەو دەیزانێ و هەر بۆ خۆشی دلۆڤانە و خەتابەخشە.

3) ئەوانەی خودا ناناسن، گوتیان: هەرگیز ڕۆژی سەڵا بۆ مە نایە. بێژە: سوێندم بەو خودایەی کەوا منی ڕاهێناوە و زانای هەموو نهێنیەکە، بێ شک سەڵا و لێ ڕادەبێ. هەرشتێکی بە قورسایی مێروولە وردیلەیەک بێ، یان لە وچوکتر یان مەزنتر لە نێوانی ئەم عاسمانانە و زەمیندان، تاقی لە لای ئەو گوم نابێ؛ گشتی لە ناو نووسراوەیەکی ڕوون کەرەوە هەڵگیراوە.

4) تا هەرکێ خاوەن باوەڕ و ئاکارچاک بوون، پاداشیان بۆ دیاری بکا. بۆ ئەوانە لێ خۆشبوون و ڕسق و ڕۆزی پاکژ دەبێ.

5) ئەوانەی کە تێدەکۆشن بە نیشانەکانی ئێمە باوەڕ نەکرێ و خۆیان لە ئێمە ببوێرن، بەشی ئەوان جەزرەبەدانێ بەژانە.

6) ئەوکەسانەش کە لە زانین بەش دراون، سوور دەزانن ئەوی بۆ تۆ ناردراوە ڕاستە و ڕێگەی بەرەو خاوەن دەستەڵاتی پەسن دارو نیشان دەدا.

7) خوانەناسەکانیش ئێژن: ئاخۆ ئێوە گەرەکتانە پیاوێکتان بۆ دەس نیشان کەین، پێتان ئێژێ: ئەگەر ئێسک و پرووسکیشتان بەرباد ببێ، سەرلەنوێ زیندوو دەبنەوە؟

8) ئاخۆ درۆی بە دەم خواوە هەڵبەستووە، یان شێت بووە؟ نەخێر، ئەوان کە بڕوایان بەڕۆژی قیامەتێ نییە، لە ئازاردا دەتلێنەوە و زۆر لەڕێ دوورکەوتوونەوە.

9) ئاخۆ ئەمان لە پێشەوە و پاشەوەی خۆیان نەڕوانی، لەم عاسمان و زەمینەدا؟ ئەگەر ئێمە بمانەوێ وا دەکەین زەمین قووتیاندا، یان چەند کوتێکی ئاسمانیان بەسەردا دەخەینەخوارێ. لەمەدا بەڵگەیەک هەیە بۆ هەر عەبدێ دەخوازێ بگەڕێتەوە.

10) ئێمە زێدە بەشێکمان دابوو بە داوود: ئەی کێوەکان و باڵداران! ئێوەش وەل ئەو پەسنی پاکی خودا بدەن. ئاسنیشمان بۆ نەرم کرد.

11) کە تۆ باڵاپۆش لە ئاسن دروس بکە؛ گەوچن لە ئەندازەدا بن، با کارەکانتان هێژا بن؛ خۆم کاری ئێوە دەبینم.

12) سولەیمانیش بامان بۆ کەوی کردبوو؛ تەنیا لە دانی بەیانی سی ڕۆژەڕێ و سەرلەنگۆرەش سی ڕۆژەڕێ ڕێگەی دەبڕی. بۆ ئەو، کانی مسیشمان تاواندبۆوە: چەند جنۆکەش - بەفەرمانی پەروەرندەی - لەبەر دەستی کاریان دەکرد، هەرکێ لەوان خۆی بواردبا و لە فەرمانی مە دەرچووبا، ئێمە ئازاری ئاگرمان پێ دەچەشاند.

13) چی دەویست ئەوەیان دەکرد. هەر لە کۆشک و تەلارەوە، تا کۆتەڵ و بۆتی زلی وێنەحەوز و چەندین تیانی دابەستراو. ئەی ماڵ و خێزانی داوود! شوکرێ بکەن؛ لە عەبدەکانم کەمتریان شوکرێ دەکەن.

14) لەوکاتەشدا کە مردنمان بۆ بڕیاردا، ئەگەر مۆرانە نەبوایە و دارعەساکەی نەخواردایە، کەس بە مەرگی نەدەزانی. کاتێ ڕەتی برد و کەوت، بۆ جنۆکەکان دەرکەوت، گەر پێواریان بزانیبا، لەم ئازارە پڕسووکایەتییە دەرچووبوون.

15) جێگا و شوێنی خەڵکی سەبا نموونە بوون؛ دوو ڕیزەباغ لە لای ڕاست و لای چەپەوە. لەم بژیوەی پەروەرندەتان پێداون، بە شوکرانەوە لێی بخۆن؛ وڵاتێکی هێندە خۆش و پەروەرندەی وا خەتاپۆش!

16) نافەرمانی خودایان کرد؛ ئەوسا ئێمەش لافاوی ئاوی بەندیمان بەردا سەریان؛ لە جێی دوو ڕیزەباخەکان، میوەی داری دارسیواک و گەزیچار و کەمێ کنارمان بۆ هێشتن.

17) ئەوان سپڵەی پێنەزان بوون، ئەم بەڵایەمان بۆ ناردن؛ ئاخۆ ئێمە بۆ کەسانێ سپڵە نەبن، هیچ بەڵایان بەسەر دێنین؟

18) لە ناو ئەوان و گوندانێ پیتی خۆمان تێخستبوون، چەند دێیەکمان لە پاڵ یەکتر ئاواکرد و مەودای نێوانیانمان بە ئەندازە دانا. دەسا بە شەوان و ڕۆژان - بەبێ ترس - بە ناویاندا دەرباز ببن.

19) گوتیان: ئەی پەروەرندەمان! مەودای مزڵ تا مزڵمان - لە سەفەردا - بۆ دوورتر کە؛ کە غەدرێک بوو لە خۆیان کرد. ئەوسا گشتمان وەها لە یەکتر دابڕی، بوونە پەندی ڕووی زەمانە؛ کە ئەمەش چەند بەڵگەیەک بوو بۆ هەموو خۆڕاگرێکی سوپاسگوزار.

20) شەیتان دی کە گومانی سەبارەت بەوان وەڕاست گەڕا، شوێنی کەوتن؛ هەردەستەیەک لە باوەڕدارەکانیان مان.

21) نەیدەتوانی شەیتان بەسەریاندا زاڵ بێ؛ تەنیا بۆیە بوو بزانین کێ بڕوای بەقیامەت هەیە و کێش لەواندا لێی دوودڵە. پەروەرندەت لە هەموو شت چاوەدێرە.

22) بێژە: ئێوە هاوار لەو شتانەی غەیرەز خودا بکەن کە بە خەیاڵ بە پەرستووتان دەزانین؛ ئەوانە سەنگی مێروولە وردیلەیەک، دەستیان ناڕوا و لە سازدانی ئەم عاسمانانە و زەمینە بەشیان نەبووە و یارمەتی خوایان نەداوە.

23) تکاش لای ئەو بەهرەنادا؛ مەر بۆ کەسێک ئیزنی بدا. جا ئەو دەمەی ترسی دڵیان دادەمرکێ، پێیان ئێژن: پەروەرندەی ئێوە چی وت؟ ئێژن: ڕاستی و هەر ئەویشە هەرە پایەبەرزی مەزن.

24) بێژە: ئەی کێ لە ئاسمانان و عەرزەوە بژیو بە ئێوە ئەگەینێ؟ بێژە: خودا؛ ئێمە و ئێوەش یان بەرەو خودا شارەزاین، یان ئاشکرا لە ڕێی خودا لامان داوە.

25) بێژە: هەر گوناحێ بیکەین، کەس لەنگۆ ناپرسێتەوە؛ ئێوەش هەر کارێکی دەیکەن، کەس لە مە ناپرسێتەوە.

26) تۆ بێژە: پەروەرندەمان لێکترمان کۆدەکاتەوە؛ پاشان هەر چلۆنێ ڕاستە، ئاوا بە ناومان ڕادەگا. خۆی زانایە و هەر ئەو بەکاران ڕادەگا.

27) بێژە: ئەوانەم نیشاندەن کە بە شەریکتان زانی، هەرگیز خوا شەریکی نەبووە؛ بەڵکوو هەرخوا خۆی خاوەنی دەستەڵات و لە کارزانە.

28) ئێمە تۆمان هەر بۆیە نارد کە بۆ گش خەڵکی سەرزەمین مژدەدەر و ترسێنەر بی؛ بەڵام زۆربەی ئاپۆرەی مەردم نازانن.

29) دەشڵێن: ئەگەر ئێوە ڕاستن، ئەم بەڵێنە کەی دێتە جێ؟

30) بێژە: ڕۆژێ کە بڕیارە لەوێدا بە یەکتر بگەن، نە تاوێکتان وەدوا دەخەن، نە تاوێکتان زووتر دەبەن.

31) خودانەناسەکان وتیان: ئێمە نە بەم قورعانە بڕوا دەکەین و نە بەوانە کە بەرلەو بەڕێ کراون. گەر تۆئەو ناهەق پیشانەت بدیتایە کە لە هەمبەر پەروەرندەی خۆیانەوە ڕاگیراون، هێندێ ئاوڕ وەهێندێکیان دەدەنەوە و دەئاخێون. ئەوانەی بێ دەستەڵات بوون، بەدەستەڵات دارەکانی خۆیان ئێژن: ئەگەر ئێوە نەبوونایە ئێمە بڕوامان دەهێنا.

32) خاوەن دەستەڵاتەکانیش بە بێ دەستەڵاتان ئێژن: ئاخۆ ئێمە بووین نەمانهێشت ئێوە بەڕێی ڕاستا بڕۆن، پاش ئەوەی کە ڕێ نیشاندەرتان هاتە لا؟ هەر بۆ خۆتان تاوانبار بوون.

33) ئەوسا بێ دەستەڵاتەکان لە وەرامی ئەوانەدا - کە خاوەن دەستەڵات بووگن - ئێژن: ئێوە بەشەووڕۆژ هەر گەڕتان تێدەهاڵاندین کە دەبێ خوانەناسین و چەندین هاوتای بۆ پەیدا کەین. کاتێ دیتیان بۆ ئازاردان، ئێمە خودانەناسەکان - زنجیر لە مل - ڕادەکێشینە پای حەساو، بەدڵ پەشیمان دەبنەوە. دیارە هەر کەس هەر بەرانبەر کردەوەی خۆی سزا دەدرێ.

34) هەتا ئێستا هەر کەسێکمان لە پێغەمبەرانی خۆمان ناردۆتە هەر ئاوەدانییەک، لە ئێمەیان بترسێنێ، هەر ئەوانەی لەوپەڕی خۆشیدا ژیاون، گوتوویانە: بەو شتانەی ئێوە پێی ڕاسپێراون باوەڕ ناکەین.

35) گوتووشیانە: ئێمە لەمەڕ ماڵی دنیا و عەولادەوە لە ئێوە پترمان هەیە و هەرگیز تووشی ئازار نابین.

36) بێژە: ڕۆزی، پەروەرندەی من دەینێرێ؛ زۆر و کەمی بەستە بە مەیلی خۆیەتی؛ بەڵام زۆربەی ئەم خەڵکە ئەمە نازانن.

37) سامانیش و عەولادی زۆر لەوانە نین لە ئێمە و نزیک کاتەوە، مەگین کەسێ بڕوای بە ئێمە هێنابێ و ئاکاری چاک ڕەچاو بکا؛ کە لە بەرانبەر کردەیان دووسەرە پاداش ئەگرن و بێ دەغدەغە لە ئۆدەکانی بەهەشتا دەسێنەوە.

38) ئەوکەسانەش کە بۆ بێ بایەخ کردنی نیشانەکانی ئێمە کۆشش دەکەن و دەیانەوێ بە دەس ئێمەوە دەربچن، ئەشێ لە ناو جەزرەبەدا بتلێنەوە.

39) تۆ بێژە: پەروەرندەی من بژیوی عەبدانی دەدا، زۆر و کەمی بەستە بە مەیلی خۆیەتی و هەرچی لێشی بەخێر بدەن، بۆتان تێهەڵدێنێتەوە و چاکترین ڕۆزی دەر ئەوە.

40) لەوڕۆژەدا کە هەموان کۆدەکاتەوە، ئەوسا بەفریشتان ئێژێ: ئاخۆ ئەمانە ئێوەیان پەرستوە؟

41) ئێژن: هەرتۆی هیچ کەمایەسییەکت نەبێ؛ هەرخۆت گەورەی هەموومانی؛ ئێمە ئەوانە ناناسین؛ بەڵکوو ئەوان جندۆکەیان دەپەرست و بەشی زۆریان باوەڕیان بەمان هێنابوو.

42) جا ئەو ڕۆژە ئێوە دەربارەی یەکتری نە هیچ بەهرەیەکتان هەیە و نە هیچ زیانێک. بەوانەش کە غەدریان کردووە، ئێژین: بچێژن ئازاری ئاگر، کە بە درۆتان دەزانی.

43) کە نیشانەی ئاشکرامان بۆ ئەوان دەخوێنرایەوە، هەر دەیانگوت: ببێ و نەبێ ئەم پیاوە گەرەکیەتی لەو شتانەی باب و کاڵتان دەیانپەرست پێشیان بگرێ؛ گوتیشیان ئەمە درۆیە و ڕێکخراوە. ئەو کەسانەی کە خودایان نەناسیوە، وەختێ ئەم ڕاستەیان بۆهات، وتیان: ئەمە - ببێ و نەبێ - جادوێکی ئاشکرایە.

44) ئێمە کتێبگەلێکیشمان نەدابوونێ بیانخوێنن؛ بەرلە تۆش هیچ پێغەمبەرمان بۆ نەناردوون کە ترسێکیان وەبەربێنێ.

45) پێشینەکانی ئەمانەش - وەک ئەمانە - بێ باوەڕ بوون؛ دەیەکی ئەو شتانەشیان پێ نەگەیوە کە ئەوسا بەوانمان دابوو و بەڵێ، حاشایان کرد لە پێغەمبەرانم. سا من چۆن دەردێکم پێدان!

46) بێژە: من هەر ئامۆژگاریەکتان دەکەم: لەبەر خودا یەکەیەکە و دوان دوان ڕاوەستن و پێکەوە بیر کەنەوە؛ هەواڵەکەتان هیچ شێتی تێدا نییە؛ ئەو هەر تەنیا گەرەکیەتی لە هاتنی ئازارێکی زۆر بە ژانتان بترسێنێ.

47) بێژە: من هیچ پاداشێکم لێتان ناوێ؛ ئەوی دەبوو بیدەن بە منیش بۆ خۆتان، پاداشی من لەسەر خوایە و هەر ئەو - بۆ خۆی - لە هەمووشت ئاگادارە.

48) بێژە: بێ سۆ پەروەرندەم هەق دەنێرێ. [هەر بۆ خۆشی] چازانی نهێنیەکانە.

49) بێژە: ڕاستی جێی پڕوپوچی گرتووە و چروک هیچ باوێکی نەما و تازە قەت ناگەڕێتەوە.

50) بێژە: ئەگەر لە رێگەی ڕاست کلا بووبم، وەباڵی دێتە ئەستۆی خۆم؛ ئەگەر شارەزاش بووبێتم، هۆیەکەی ئەو فەرمانەیە کە پەروەرندەم بۆی ناردووم؛ ئەوە دەبیسێ و نزیکە.

51) بریا [ئەوانەت] بدیبا، وەختێ ترسیان ڕێ نیشتووە و هیچ دەرەتانێکیان نییە و لە پەناوە دەگیر هاتوون.

52) ئەوسا ئێژن: ئەوا باوەڕمان پێ هێنا. کەی تازە لەو جێ دوورەوە بەوە ڕادەگەن؟

53) کە دەپێشدا باوەڕیان پێ نەهێناوە و لە دوورەوە و - لە نەدیتە - هەر بوختانیان بۆ دەهاویشت.

54) ئەوانە دوور دەخرێنەوە لەوەی وا ئارەزووی دەکەن؛ هەروا کە هاوڕێیەکانیان - بەرلە ئەوان - بەو دەردە چوون. ئەوان تووشی گومانێکی زۆر دژوار بوون.