33- ئەحزاب

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 14 خولەک  1255 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) ئەی پێغەمبەر! تۆ ترست هەر لە خودا بێ و مەچۆ سەر قسەی ئەوانەی خوا ناناسن و ئەوانەی دووڕوویی دەکەن. خودا زانا و لە کارزانە.

2) هەر ئەو فەرمانە پێک بێنە، کە لجەم پەروەرێنەوە بۆت دێتە خوار. خودا لە هەر کارێ دەیکەن، ئاگادارە.

3) هەرخۆت بە خودا بسپێرە، خوا بریکارت بێ، بەسە.

4) خوا بۆ هەناوی هیچ پیاوێ، جووتێ دڵی دانەناوە. ژنانیشتان کە بانگ دەکەن: «ئەتۆ وەکوو دایکی خۆمی» نەیکردوون بە دایکی ئێوە. ئەو زڕکوڕەکانیشتانی نەکردۆتە کوڕی ئێوە و ئەمە هەر قسەی خۆتانە و هەر لە زاری خۆتانەوە داکەوتووە. خودا ئەوی ڕاستە دەیڵێ و هەر خۆی ڕێگە نیشان دەدا.

5) هەر بە ناوی باوکی خۆیان بانگیان بکەن؛ وا لە بارترە لای خودا. ئەگەر بابیشیان ناناسن، برای دینی و دۆستی ئێوەن. ئەگەر پێشووش لەمەدا بە هەڵەچوبن، گوناهێکتان لەسەر نابێ. بەڵام ئەگەر لە دڵەوە و بە ئانقەس بێ، [بەرپرس ئەبن]. خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە.

6) پێغەمبەر بۆ موسوڵمانان لە خۆیانیش فەڕزترە و؛ ژنەکانی پێغەمبەریش دایکی موسوڵمانەکانن. وەک لە نوسراوی خوادایە، خوێش و خزمان [بۆ میرات بردن لە یەکتر] شیاوترن لەوانەی خاوەن باوەڕن و لەوانەش کە ئاوارە بوون؛ جا مەگین هەر بتانەوێ چاکە دەگەڵ یەکێ لەدۆستانوو بکەن. ئەمەش لەنووسراوەکەدا خەت دراوە.

7) [بێننەوە بیر] ئەوێ کاتێ کە پەیمانمان لە پێغەمبەرەکان ئەستاند. لەتۆ و نووح و ئیبڕاهیم و مووسا و عیسای کوڕی مەریەم و لە هەموویان پەیمانی زۆر پتەومان ساند.

8) تا لە ڕاستان - سەبارەت بە ڕاستیەکەیان - پرسیار بکا؛ بۆ خودانەناسەکانیش ئازارێکی زۆر بەژانی ساز کردووە.

9) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لە بیر مەکەن چۆن چاکەیەک خودا دەربارەی ئێوەی کرد؛ لەشکرگەلێکتان هاتە سەر؛ ئێمە بامان وێڕای چەند لەشکر بۆ ناردن؛ کە ئێوە نەتان دەدیتن. هەرچی ئێوە دەیکەن، خودا باش دەیبینێ.

10) لەو دەمەدا کە لە ژوور و لە ژێرەوە بۆتان هاتن، چاوتان ڕەشکەوپێشکەی دەکرد؛ [دڵتان وەتەپەتەپ کەوت و] گەییشتە قوڕقوڕاگەتان؛ زۆر خەیاڵی جۆراوجۆرتان لە خودا بە دڵدا دەهات.

11) لەوشوێنەدا ئەزموونی خاوەن باوەڕان هاتەگۆڕێ و بە لەرزینێکی زۆر بە هێز، دڵی هەمووان کەوتە لەرزە.

12) لەو عانەشدا ئەو کەسانەی دووڕوو بوون و ئەوانەش کە دەغەزێکیان لەدڵدا بوو، هەر دەیانگوت: ئەوبەڵێنەی خودا و پێغەمبەر دەیاندا هەر بۆ فریوی ئێمە بوو.

13) هێندێک لەوان گازی دەکرد: ئەی دانیشتوانی مەدینە! ئێرە جێگای ئێوە نییە، دەی وەگەڕێن. هێندێکیشیان دەهاتن ئیزنیان لە پێغەمبەر دەخواست: کەسمان لەسەر ماڵەکانمان دانەناوە ئاگای لێ بێ. ماڵیان بێ پارێزگار نەبوو، هەر نیازی ڕاکردنیان بوو.

14) ئەگەر دەوری ماڵەکانیان لێ گیرابا و بیان گوتایە: لە دین پەژیوان ببنەوە؛ هێندە زۆری نەدەخایاند، لە دین پاشگەز دەبوونەوە.

15) ئەوان پێشتر پەیمانیان دابوو بە خودا، کە لەبەر دوژمن نابەزن؛ دیارە پەیمان بە خودادان لێ پرسینەوەشی هەیە.

16) بێژە: ڕاکردن لەمردن یان لە کوشتن، هیچ دادێکی ئێوە نادا؛ ئەوساکەش هەر کەمێکی تر لە دنیادا ڕایدەبوێرن.

17) بێژە: گەر خودا بخوازێ بەڵایەکتان بەسەر بێنێ، یان چاکە و دەربارە بکا، کێ دەستی وەبەردەهێنێ و دەوپارێزێ؟ غەیرەز خودا نە سەروەریان دەس دەکەوێ و نە کەس یاریدەیان دەدا.

18) دیارە خودا خۆی دەزانێ چ کەسانێ لەنگۆ دەبوونە لەمپەر و کێش بوون دەنگی براکانی خۆیان دەدا: «وەرنە لامان». کەمتریشیان لەم شەڕەدا بەشدار دەبوون.

19) لەحاند ئێوە چاوچنۆکن؛ هەرگا ترسێ دێتەپێشێ، دەیانبینی هەر زەق لە تۆ دەڕوانن و چاویان سپی هەڵدەگەڕێ؛ وەک یەکێ لە ترسی مردن بێ هۆش بوو بێ. وەختێ ترسیش بەسەر دەچێ، گەزارەتان لێ دەکێشن؛ دەست بەزمان شڕی دەکەن و چاونەزێری تاڵانەکەن. ئەوانە هەرگیز باوەڕیان نەهێناوە؛ هەموو کاریان لای خودا بە فیڕۆچووە و ئەمەش لای خودا هاسانە.

20) وا ئەزانن کە دوژمنە هاودەسەکان نەڕۆیشتوون. خۆ ئەگەریش ئەو هاودەسانە بێنەوە، ئەمانە ئاوات ئەخوازن وەل عارەوە چۆڵنشینەکاندا بان و هەر دەنگوباسی ئێوەیان بپرسیبا. ئەگەر لە ناوتانیش مابان - کەمیان نەبێ - لە شەڕدا بەشدار نەدەبوون.

21) بێ سۆ پێغەمبەری خودا سەرمەشقی چاکە بۆ ئێوە و بۆ هەر کەسێ کە بە خودا و ڕۆژی سەڵا هیوادارە و هەر خەریکی یادی خوایە.

22) کاتێ کە خاوەن باوەڕان چاویان کەوتە ئەو دوژمنە هاودەسانە، گوتیان: ئەمە هەر هەمانە کە خودا و پێغەمبەرەکەی بەڵێنیان بە ئێمە داوە و هەر بەڵێنێ خودا و پێغەمبەری بیدەن، ڕاست دەردەچێ و ئیتر بڕوا و هەستی فەرمان بردنیان پتر گەشەی کرد.

23) پیاوی وا هەن لە ناو خاوەن باوەڕاندا، ئەو پەیمانی بەخوایان دا، پێکیان هێنا؛ جا لەوانە هەیانە گیانی بەخشیوە و هێندێکیشیان چاوەنۆڕن و تۆزقاڵێکیش [سۆزی خۆیان] نەگۆڕیوە.

24) تاکوو خودا چاکەی ئەوکەسانەی ڕاست بوون بداتەوە؛ ئەوکەسانەش کە دووڕوو بوون - گەر حەز بکا - ئازاریان دا، یان تۆبەیان لێ قبووڵ کا. خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە.

25) خودا دین دوژمنەکانی - وێڕای ئەو ڕکەی کە بوویان - کشاندەوە و هیچ بەهرەشیان دەس نەکەوت. لە جەنگدا خاوەن باوەڕان خودایان لایە، بەسیانە. خوا توانای بە دەستەڵاتە.

26) ئەهلی کتێبیش، ئەوانەی پشتیوانی دوژمنان بوون، لە قەڵای هێنانە خوارێ و ترسی خستە دڵیانەوە و هێندێ لەوان بە دەستی ئێوە کوژران و هێندێکیشتان بە دیل گرتن.

27) زەوییەکان و خانووەکان و سامانیان و ئەو زەمینەش کە پاتان پێدا نەنابوو، خودا گشتی دابە ئێوە. خودا توانای بەسەر هەموو شتدا هەیە.

28) ئەی پێغەمبەر! ژنەکانی خۆت بدوێنە: ئەگەر ژین و زەمبەری دنیاتان دەوێ، دەسا وەرن تا هەقی خۆتان بدەمێ و بە بێ گازندە و بە خۆشی ڕاهیتان کەم.

29) ئەگەریش خوا و پێغەمبەر و ماڵی دواڕۆژتان گەرەکە، خودا بۆ کارچاکەکانتان پاداشی گەورەی داناوە.

30) ئەی هاوسەرانی پێغەمبەر! هەر کەس لەنگۆ خراپەیەکی ئاشکرای لێ ڕووبدا، دووسەرە جەزرەبەی دەدرێ؛ ئەمەش لای خودا هاسانە.

31) هەرکامیشتان بەر فەرمانی خودا و پێغەمبەرەکەی بێ و ئاکارچاک بێ، پاداشەکەی بەدووچەندان پێ دەدەین و بژیوێکی هەرە باشمان بۆ داناوە.

32) ئەی هاوسەرانی پێغەمبەر! ئێوە وەک ژنانی تر نین؛ ئەگەر خۆتان ئەپارێزن، زۆر بە خاوی قسە مەکەن؛ نەوەک کەسێ غەرەزێکی لە دڵدا بێ، قرمی خۆش کا؛ هەر چۆن پەسندە بپەیڤن.

33) لە ماڵ خۆتان دەرمەکەون و وەک دەورانی زەمانی نەزانی پێشوو، خەمڵی خۆتان نیشان مەدەن. نوێژبکەن و زەکات بدەن؛ لە فەرمانی خودا و پێغەمبەر دەرمەچن. ئێوە کە خەڵکی ئەم ماڵەن، خوا گەرەکیە چەپەڵیتان لەسەر لابا و پاک و خاوێنتان ڕاگرێ.

34) هەرچی لە نیشانانی خوا و لە کارزانی لە ماڵتاندا بۆ ئێوە دەخوێنرێتەوە، فێری بن و بیڵێنەوە. خوا هەموو شتی لێ دیارە و ئاگادارە.

35) پیاگ و ژنی موسوڵمان و مێر و پیرەکی بەباوەڕ، پیاگ و ژنی فەرمانبەر و پیاو و ژنی قسەڕاست و پیاو و ژنێ بێ فیز و خۆبەزل نەزان، پیاو و ژنی سەدەقەدەر و پیاو و ژنی ڕۆچەوان و پیاو و ژنی نامووس پارێز و ژن و پیاوێ کە زۆر یادی خودا دەکەن، لە خوداوە لێخۆشبوون و پاداشێکی گەورەیان بۆ داندراوە.

36) ئەگەر خوا و پێغەمبەرەکەی فەرمانیان بە هەر کارێک دا، هیچ پیاوێک و هیچ ژنێکی خاوەن باوەڕ ناتوانن پەسندی نەکەن. هەر کەسێکیش لە فەرمانی خودا و پێغەمبەری دەرچێ، ڕێگەی زۆر هەڵە کردووە.

37) ئەوسا ئەوی خودا چاکەی دەگەڵ کرد و تۆش چاکەت دەگەڵ کردووە، تۆ پێت ئەوت: دەس لەژنێ خۆ بەرمەدە و دەبێ لە خودا بترسی. شتێکیشت لە دڵی خۆدا دەشاردەوە، کە خوا هەر ئاشکرای دەکرد. هەر لە مەردمیش دەترسای؛ کەچی خودا شیاوتر بوو لێ بترسی. جا کاتێ زەید لە هاوجووتەکەی خۆی بە ئارەزوو گەییشت، ئەومان کردە هاوجووتی تۆ؛ هەتا خاوەن باوەڕەکان لە خواستنی ژنی زڕکوڕانی خۆیان - لە دوای ئەوە تەڵاقیان دان - لۆمە نەکرێن، هەرفەرمانێ خودا بیدا، دەبێ پێک بێ.

38) بۆ پێغەمبەر قەیدی نییە کارێک بکا کە خوا بۆی بڕیاری داوە. ڕەفتاری خودا دەگەڵ پێغەمبەرانی ڕابردوشدا هەروا بووە. خوا بە هەرچی فەرمان بدا - بێ زیاد و کەم - دەبێ بکرێ.

39) ئەو کەسانەی هەر فەرمانەکانی خودا دەگەیێنن و لەو دەترسن؛ غەیرەز خوداش لە هیچ کەسی تر ناترسن. خودا حەسێبگەر بێ، بەسە.

40) محەممەد بابی هیچ پیاوێک لە پیاوانی ئێوە نییە. بەڵام ڕاسپاردەی خوایە و ئاخری پێغەمبەرانە و خودا هەموو شت دەزانێ.

41) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! فرە یادی خوا بکەن [و لە یادی ئەو ڕامەوەستن].

42) هەموو بەیانی ئێواران لە پاکی و بێ عەیبی خودا تاریف بکەن.

43) ئەو کەسێکە دروود بۆ ئێوە دەنێرێ؛ هەروەهاش فرشتەکانی؛ هەتاوەکوو لە تاریکی دەرتانبێنێ و بەرەو ڕووناکیتان بەرێ. خودا بۆخاوەن باوەڕان دلۆڤانە.

44) ئەوێ ڕۆژێ کەدێنەبەر بارەگای ئەو، وە سەلام بەخێریان دێنێ و پاداشێکی پڕبایەخی بۆداناون.

45) ئەی پێغەمبەر! ئێمە بۆیە ناردومانی، شایەت و مزگێنی دەر و ترسێنەر بی.

46) بە ئیزنی ئەو، خەڵک بۆ خوداپەرستی گازی بکەی و چرایەکی تیشکدەر بی.

47) بەوانەی خاوەن باوەڕن مژدەش بدە، کە لە لای خواوە بە چاکەی زۆر گەورەوە ئەخوێنرێنەوە.

48) ئەوی خودانەناسەکان و دوڕازەکان گەرەکیانە بیکەی، مەیکە؛ گوێ بە ئازاریشیان مەدە. هەر خۆت بە خودا بسپێرەو خودا بریکار بێ بەسە.

49) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەگەر ژنی باوەڕدارتان مارەکرد و بەر لەوەی دەگەڵیان بنوون تەڵاقتان دان، نابێ تا ماوەیەکی دیاری کراو قەتیسیان کەن؛ بەشەکەی خۆیان بدەنێ و بە ڕووخۆشی ئازادیان کەن.

50) ئەی پێغەمبەر! ئێمە ئەو ژنانەتمان بۆ ڕەوا دیوی، کە مارەییت پێگەیاندوون؛ ئەوانەش کە لە تاڵانێ دەس کەوتوون و خودا کردوونییە پشکی تۆ. هەروەها دۆت مامەکانت و دۆت پلکانت و دۆت خاڵانت و کیژەکانی خوشکی خاڵت، کە دەگەڵ تۆ ئاوارە بوون، بە تۆ دەشێن. هەر ژنێکی باوەڕداریش - بەو مەرجە خۆی ببەخشێ بەپێغەمبەر و پێغەمبەریش گەرەکی بێ مارەی بکا - ئەمەش هەر تایبەتی تۆیە؛ نەک بۆ باوەڕدارانی تر. ئێمە خۆمان زانیومانە کە دەربارەی ئەو ژنانەی بەوان ڕەوان و ئەوانەی دەبنە کەنیزیان، چلۆن بڕیارێکمان داوە، تا هیچ گیروگرفتێک بۆ تۆ ڕوو نەدا. خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە.

51) تۆ سەرجێی هەرکامیان وەدوا بخەی و کامیان بانگ بکەیە لای خۆت، کەیفی خۆتە. ژنی تەخسیر کراویشت ئاشت کەیەوە، گوناهێکت نایەتە سەر. ئەم کارە باشتر دەبێتە هۆی ئەوە کە دڵخۆش بن و خەم نەخۆن و هەموویان ڕازی بن بەوەی کە پێت داون. خودا دەزانێ ئێوە چیتان بە دڵدادێ. خودا زانا و لەسەرخۆیە.

52) دوای ئەمانەی - کە خودا پێی ڕەوا دیوی - ژنانی ترت پێ ناشێن؛ بۆشت نییە ئەو ژنانەت بە ژنی تر بگۆڕیەوە؛ با دەلای و جوانییەکەشیان دڵی تۆی بۆ خۆی کێشابێ؛ مەگین ئەوانەی لە تاڵان بەرتۆ کەوتوون. خودا بە سەر هەموو شتدا چاوەدێرە.

53) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لەماڵەکانی پێغەمبەر مەچنە ژوورێ، مەگین بۆ جەمێکی خواردن بان کرابن؛ ئەگەر چووشن، نابێ وەختێکی وابچن کە ئەو جەمە خۆراکە ئامادە نەبووە. هەر کە ژەمە نانەکە و خوارد، بڵاوەکەن و خۆ بە قسەوە خەریک مەکەن. ئەم کارەتان پێغەمبەری ئازار دەدا و لەبەر ئێوە شەرم دەکا دەنگوبدا. خودا لە قسەی ڕاست گوتن شەرم ناکا. هەر کاتێکیش داوای شتێک لەژنەکانی ناوماڵ دەکەن، لە پشت پەردەوە بخوازن؛ ئەم کارە لە دڵپاکی ئێوە و ئەوانیش نزیکترە. نابێ پێغەمبەری خودا لە ئێوە ئازار ببینێ؛ ناشبێ دوای ئەو - تاهەتایە - ژنەکانی مارە بکەن؛ کە ئەم کارە لە لای خودا گوناهێکی زۆر گەورەیە.

54) هەرشتێ ئاشکرای بکەن، یان وەیشێرن، خوا دەیزانێ.

55) ئەگەر ژنان لە ڕووی باوک و کوڕانیان و برا و برازایەکان و خوشکەزاکانی خۆیان و لەدیتنی ئەوژنانەی کە لەسەر دینی خۆیانن و هەروەها کەنیزەکانیان ڕوونەپۆشن، قەیدی نییە. ئەشێ لە خودا بترسن، خودا بۆ خۆی لە هەموو شت ئاگادارە.

56) خودا و فرشتەکانی خوا، پەسنی پێغەمبەرێ دەدەن؛ ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! سا ئێوەش پەسنی بدەن و بەدڵ و گیان سڵاوی خودای لێ بکەن.

57) ئەو کەسانەی خودا و پێغەمبەری خودا ئازار دەدەن، بەر نەحلەتی خودا کەوتوون، لە دنیاش و لە قیامەتێ، ئازاری پڕسووکایەتی بۆ داناون.

58) کەسانێکی پیاو و ژنی خاوەن باوەڕ - بەبێ ئەوەی کارێکی خراپیان کردبێ - دەڕەنجێنن، بێ سۆ تووشی بوختان و تاوانێکی ئاشکرا بووگن.

59) ئەی پێغەمبەر! ژنەکانت و کچەکانت و خێزانی خاوەن باوەڕان حاڵی بکە، با خۆیان بە چارشێوەکانیان داپۆشن؛ ئەم کارە باشتر دەبێتە هۆی ئەوە کە بناسرێن و ئازار نەدرێن. خودا لە خەتا دەبوورێ و دلۆڤانە.

60) خۆ ئەگەر دوڕازەکان و ئەو کەسانەش غەرەزێکیان لە دڵدایە و ئەو کەسانەی لە ناو شاری مەدینەدا [لە دژی دین] دەنگۆ بڵاو دەکەنەوە، دەس هەڵنەگرن، دەیانخەینە بەردەستی تۆ و لە ئاکامدا - بێجگە ماوەیەکی هندک - لەو شارەدا ناتوانن ببن بە هاوسات.

61) نەحلەت لەوانە کراوەو لە هەر کوێکا وەگیر کەون، دەگیرێن و هەر بە یەکجاری دەکوژرێن.

62) شێوەی کاری خوا لە ناو پێشینەکانی ڕابردووشا هەروا بووە و شێوەی کاروباری خودا گۆڕانی بەسەردا نایە.

63) مەردم دەربارەی قیامەتت لێ دەپرسن؛ بێژە: هەر خودا دەیزانێ. تۆ چووزانی؟ وێدەچێ بەم زووانەبێ.

64) خودا نەحلەت لەو دین دوژمنانە دەکا و ئازاری لە جەهەندەمدا بۆ داناون.

65) تاهەتا لەوێدا دەبن و کەسیش نابێ بەدۆست و یارمەتی دەریان.

66) ئەوێ ڕۆژێ دەم وچاویان لە ئاگردا ئەم دیو ئەودیوی پێدەکرێ، ئێژن: خۆزی بەفەرمانی خوامان کربا و بەرفەرمانی پێغەمبەر باین.

67) دەشڵێن: ئەی پەروەرندەمان! ئێمە وەدووی ئاغاکان و گەورەکانی خۆمان کەوتین؛ ئەوان ئێمەیان گومڕا کرد.

68) ئەی پەروەرێنی هەموومان! دووسەرە ئازاریان بدە و فرە بەنەحلەتیان بکە.

69) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئێوە وەک ئەوانە مەبن کە ئازاری مووسایان دا؛ ئەوسا خودا لەو بوختانەی بۆیان دەکرد، پاکانەی کرد؛ لای خوداش پیاوێ لەڕوو بوو.

70) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! هەر لە خودا بترسن و قسەی ڕاست و پتەو بکەن؛

71) تا خودا کاروو ڕاست بێنێ و لە گوناهتان ببوورێ. هەر کەسێکی بەرفەرمانی خودا و پێغەمبەری خوا بێ، بە سەرکەوتنێکی گەورە گەیشتووە.

72) ئێمە ئەم ئامانەتییەمان لە بەرانبەر ئاسمانان و زەمین و ئەو هەموو کێوانە ڕانا، هیچیان دەخۆیان ڕانەدی بچنە ژێری و لێی دەترسان. پاشان مرۆ وەستۆی خۆی گرت، کە نەیزانی و سەبارەت بە خۆی غەدری کرد.

73) هەتا خودا پیاگ و ژنە دوڕازەکان و ئەوانەی شەریکان بۆ خوا دەناسن - نێرومێویان - ئازار بدا و پەژیوانی هەموو کەسی باوەڕداریش - پیاو بن یان ژن - قبووڵ بکا. خودا لەگونا دەبوورێ و دلۆڤانە.