32- سەجدە

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 4 خولەک  902 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) ئەلیف، لام، میم.

2) ئەم کتێبە لە ڕاهێنەری دنیاوە ناردراوە و بێ گومانە.

3) ئاخۆ ئێژن: هەر لەخۆوە ئەم درۆیەی هەڵبەستووە؟ بەڵکوو ڕاستە و لە پەروەرندەی تۆڕایە؛ تا بە هۆی ئەم، ترس وەبەر هۆزێک بێنی، کە بەرلە تۆ کەس ترسی وەبەر نەناون؛ بەشکوو بەڕێی ڕاست بزانن.

4) ئەوخودایەی ئاسمانەکان و زەمین و هەرچی لە ناو ئەو دووەدا بە شەش ڕۆژ وەدی هێناوە؛ پاشان لەسەر تەختی فەرمانڕەوایی خۆی دامەزراوە. غەیرەز ئەو، گەورە و تکاکارێکتان نییە. دەسا بۆ بیر ناکەنەوە؟

5) هەرچی کارە لەم ئاسمان و زەمینەدا پێکی دێنێ و لە ڕۆژێکدا هەڵدەکشێتەوە بۆ لای؛ کەبەپێی ژمارەی ئێوە هەزار ساڵە.

6) ئەوە زانا بە نادیار و دیاران و هەر خۆی خاوەن دەستەڵات و دلۆڤانە.

7) ئەو کەسێکە هەموو شتی- بەوپەڕی ڕێکی و لەباری - دروس کرد و مرۆشی - لە سەرەتادا - لە ماکی قوڕ وەدی هێنا.

8) لەپاشان نەتەوەی ئەمی لەپاڵاوتەی چۆڕەئاوێکی کەم بایەخ وەدی هێنا.

9) ئەوسا ڕاستەوپاستەی کرد و لە گیانی خۆی فووی پێدا کرد؛ گوێچکە و چاو و دڵیشی داوە بە ئێوە. کەمتان شوکرانە بژێرن.

10) گوتیشیان: ئەگەر لە ناخی هەردا گوم بووین، ئاخۆ دیسان دەژینەوە و لەنوێ دەبینەوە مرۆ؟ دیارە ئەوان لەڕووبەڕوو بوونەوەیان دەگەڵ پەروەرندەی خۆیان حاشا دەکەن.

11) بێژە: ئەو فرشتەی پێمێرد - کە ئێوەی دراوەتە دەست - دەومرێنێ و پاشان دەبرێنەوە بۆ لای پەروەرندەو.

12) کاتێ تۆ تاوانبارەکان بە سەرشۆڕی ببینیەوە، کە لای پەروەرندەیانن: ئەی پەروەرندەی گلامان! دیتمان و بیستمان و تەواو باوەڕمان هێناوە؛ سا تۆ بمانگەڕێنەوە؛ ئەمجارە کاری چاک دەکەین.

13) ئەگەر حەزمان بکردایە، هەموو کەسمان بەرەوخۆ شارەزا دەکرد؛ بەڵام من بەڵێنم داوە کە جەهەندەم - لەخێڵی جنۆکەو مرۆ - تژی دەکەم.

14) دەبچێژن! لە بیرتان چوو کە تووشی ئەم ڕۆژە دەبن؛ ئێمەش ئێوە لە بیر دەکەین و لە سۆنگەی ئەو کارانەدا دەتان کرد، تا سەر هەر ئازار بچێژن.

15) هەر ئەوانە بەن یشانەکانی ئێمە بڕوا دەکەن، کە هەرگا ئەو نیشانەگەلیانە وەبیر بهێننەوە، خۆ دەخەنە سەر سوژدەوە و بەسوپاسەوە پەسنی پاکی پەروەرندەی خۆیان ئەدەن و خۆیان بە زل نازانن؛

16) برکیان لە پێ خەفەکانیان جاڕز دەبێ و بە ترس و بە هومێدەوە هانا وەبەر پەروەرندەی خۆ دەبەن و، لەو بژیوەی پێمان داون خێرێ دەکەن.

17) کەس نازانێ لە بارتەقای ئەوکارانەی کردوویانە چ پاداشێکی چاوڕۆشنەوکەریان بۆ تاقەت کراوە.

18) چۆن کەسێ بڕوای هێناوە، وەک ئەوەیە کە لەڕای خودا لای داوە؟ وەک یەکترنین.

19) بەڵام ئەوانەی وا خاوەن باوەڕ و ئاکارچاک بووگن، لە پاداشی ئەو کارانەی کردوویانە، ئەنوایان لە دوڕباغاتە.

20) ئەوکەسانەش کە لە ڕێگە لایانداوە، بڵێسەی ئاگر شوێنیانە و تا بخوازن لێی دەربچن، دەیانهێننەوە ناو ئاگر. پێشیان ئێژن: دەبچێژن ژانی بە ئاگر سووتانێ، کە ئێوە بە درۆتان زانی.

21) بێ گومانە ئێمە بە جگە ئازارە هەرە گەورەکە، ئازاری ئەم دنیایەشیان پێ دەچێژین؛ شایەتا بگەڕێنەوە.

22) کێ لەوکەسە ناهەقترە، کە نیشانەکانی پەروەرندەی وەبیر بهێننەوە، پاشان وازی لێ بهێنێ؟ تۆڵە لەو تاوانبارانە دەکەینەوە.

23) کتێبمان بەمووساش داوە؛ کردیشمانە ڕێ نیشاندەر بۆ زاروزێچی ئیسڕائیل. سا تۆش لە ڕووبەڕوو بوونی ئەم [قورئانە] بێ گومان بە.

24) لەوانیشدا چەند کەسێکمان کردە ڕێبەر، کە هەر بە فەرمانی خۆمان ڕێنوێنی مەردم بکەن؛ چونکە توانی خۆڕاگرتنیان تێدابوو؛ بە تەواوی باوەڕیشیان بە نیشانانمان هێنا بوو.

25) دیاریشە پەروەرندەی تۆ - ڕۆژی سەڵا - خۆی بەو کارانە ڕادەگا کە ئەوانە لەسەریان پێک نەدەهاتن.

26) ئەو چەندین بەرەی مرۆیەی کە لە ناو ماڵەکانیاندا دەخولانەوە و ئێمە هەموومان قڕ کردن، ئاخۆ ڕاستەقینەی بۆ ئەوان دەرخست؟ لەمەدا زۆر نیشانە هەن، مەر نابیسن؟!

27) ئاخۆ ئەمانە نابینن کە ئێمە بۆ زەوی قاقڕ ئاو دەنێرین، ڕووەکی وای پێ شین دەکەین، تێرەخۆرەی خۆیان و ماڵاتیشیانە؟ مەر نابینن؟!

28) ئێژن: ئەگەر قسەو ڕاستە، ئەو سەرکەوتنە کەی دەبێ؟

29) بێژە: ڕۆژی سەرکەوتنێ، خوانەناسان بڕواکەیان قازانجێکی بۆیان نابێ؛ هیچ مۆڵەتیشیان نادرێ.

30) سا تۆ واز لەوانە بێنە و چاوەنۆڕ بە؛ ئەوانیشە چاوەنۆڕن.