31- لوقمان

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 6 خولەک  781 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) ئەلیف، لام، میم.

2) ئەمانە نیشانەکانی کتێبی پڕ لە کارزانین؛

3) ڕێشاندەر و بەزەیین بۆ ئەو کەسانەی چاکە دەکەن؛

4) ئەوانەی نوێژدەکەن و زەکات دەدەن و ڕۆژی سەڵا دەسەلمێنن؛

5) ئەوانە پەروەرندەیان ڕێگەی ڕاستی وەبەر ناون؛ ڕزگارانن؛

6) لەم خەڵکەدا ئی وا هەیە کڕیاری قسەی بێتامە و لە نەزانی، دەیەوێ خەڵک لە ڕێگەی خوا کلا بکا و دەیکاتە گاڵتەجاڕی خۆی. ئەوانەی ئەوکارە دەکەن، ئەشێ زۆر بە سووکایەتی ئازار بدرێن.

7) هەرگا نیشانەکانمانی لەڕوودا دەخوێنرێنەوە، بە فیزەوە پشتی ئەکاتە ئەولاوە و لە گوێن کەسێ کە هەردوو گوێی گران بوو بن، وەکوو نەیبیستبێ وایە. سا تۆ مژدەی ئازارێکی ژاناوی بەو کەسە بدە.

8) ئەوانەی بڕوایان هێنا و ئاکاری چاکیان ڕەچاو کرد، بەشی ئەوان باغاتی پڕ خێروبێرە.

9) هەتاسەر هەرلەوێ دەبن. بەڵێنی خوا هەر دێتەجێ؛ هەر خۆی خاوەن دەستەڵات و لە کارزانە.

10) ئاسمانەکانی لەوبەرزە وەدی هێنا، بەبێ ئەمەی هیچ ئەستوندەکێ ببینن. کێواتی خستە سەرزەمین کە لەرزە بە ئێوە نەکا؛ هەموو جۆرە جانەوەری دەوێدا بڵاو کردەوە. ئاوێکیشمان لە حەواوە بۆ ڕژاندن، کە لەوێدا جووتەی گش جۆرە ڕووەکی بە بەهرەمان شین کردەوە.

11) ئەمە کارەکانی خودا؛ دەسا ئێوە نیشانم دەن غەیرە خودا چییان کردووە. ئەوانەی لە دووی ناهەقین، بە ئاشکرا ڕێ لە خۆیان هەڵە دەکەن.

12) لوقمانیشمان لە کارزانیدا ڕاهێنا، کە: لەسەرتە هەر شوکرانەی خودا بکەی؛ هەر کەسێکی شوکرێ دەکا، شوکرەکەی هەر بۆ خۆی دەکا؛ هەر کەسێکیش پێ نەزان بێ [با بزانێ] خودا لە بێ نیازیدا شایانی تاریف کردنە.

13) کاتێ لوقمان - کە خەریکی ئامۆژگاری کوڕەکەی بوو - پێگوت: ڕۆڵەم! کەس مەکە شەریک بۆ خودا، شەریک بۆ خودا بڕیاردان، ناهەقییەکی زۆر مەزنە.

14) ئامۆژگاری مرۆمان کرد سەبارەت بەدای و بابی. دایکی کە بەو ئاوس بووە، چەندی کوێرەوەری دیوە؛ لە مەمک بڕینەوەشی دوو ساڵ وەختی خایاندووە. کە: تۆ سپاسی من بکە و سوپاسی دایک و بابت کە، دواجار دێنەوە بۆ لای من.

15) ئەگەریش دنەی تۆیان دا، شتێ بکەی بە شەریکم - کە خۆت هیچی لێ نازانی - فەرمانیان بە جێ مەهێنە؛ لە دنیادا بەخۆشی دەگەڵیان بژی و هەر لە شوێن ئەوانە بڕۆ کە بەرەومن گەڕانەوە. لەئاکاما هەر دەگەڕێنەوە لای من، ئەوسا تێتان دەگەیەنم چوو کردووە.

16) کوڕیژگەی خۆم! کردەی بەقاس تۆمی خەردەل لەسەر زەمین لە ناو بەردێک، یان لە تەشقی عاسمانان بێ، خودا دەیهێنێتە گۆڕێ. خوا هەموو شتی لێ دیارە و ئاگادارە.

17) کوڕیژگەی خۆم! نوێژێ بکە و هانای کاری چاکە بدە و بەر لە کاری خراپ بگرە و چت بەسەرهات، خۆڕاگر بە؛ ئەمە لەو کارانەیە خوا ویستوویەتی.

18) بە فیزەوە ڕوو لە خەڵک وەرمەگێڕە؛ بە لووت بەرزی لەڕێ مەڕۆ. خودا ئەوانەی خۆش ناوێ لە ڕێگە خۆیان بادەدەن؛ شایی بەخۆن.

19) شێنەیی بەڕێدا بڕۆ و بە دەنگی نزم بپەیوە؛ چنکە دەنگی هەرە ناخۆش لە کەرانەوە دەردەچێ.

20) ئاخۆ ئێوە نەتاندیوە خوا هەرشتێ لە ئاسمانان و زەمیندان، بۆ ئێوەی کەوی کردووە و بە ئاشکرا و بە نهێنی بەهرەگەلی بەسەرتانا ڕژاندووە؟ هەر لەو خەڵکەش کەسی وا هەن لە سەر خودا کێشە دەکەن، بێ ئەوەی چی لێ بزانن، یان خۆیان شارەزا بوو بن، یان کتێبێک بۆیان ڕۆشن بکاتەوە.

21) ئەگەر بەوانە بگوترێ: ئەوی خودا ناردییە خوارێ ئێوە پەیڕەوی لێ بکەن؛ ئێژن: ئێمە هەر پەیڕەوی ئەو شتانەین کە باوانمانی لەسەر بوون. با شەیتانیش بانگیان بکا بۆسەر ئازاری بە ئاگر.

22) هەر کەسێک بەدڵێکی پاک ڕووی لە خوا بێ و ئاکار چاک بێ، دیارە ئاڵقەی هەرە پتەو ئەو گرتوویە و ئاکامی هەموو کارێکیش بەرەو خوایە.

23) ئەو کەسانەی حاشا دەکەن، حاشایان غەمبارت نەکا. هەموو دێنەوە لای خۆمان؛ ئەوسا خەبەریان پێ دەدەین کە چییان دەکرد. خودا لەڕازی دڵانیش ئاگای هەیە.

24) وا دەکەین کەمێ ڕای بوێرن، پاشان ناچار بەرەو ئازاری دژواریان ڕادەکێشین.

25) ئەگەر لەوانە بپرسی: کێ عاسمانان و زەمینی وەدی هێنا؟ ئێژن: خودا. تۆبێژە: شوکر بۆ خودا؛ بەڵام زۆربەیان نەزانن.

26) هەرشتێکی لە عاسمانان و زەمیندان، گش هی خودان. خوا لەگشتان بێ نیازەو شایانی تاریف کردنە.

27) هەرچی دار لەم زەمینە هەن ببنە قەڵەم، مەرکەفیان لەبەحر بێ و حەوت بەحری دیش بێنە پاڵی، هێشتا قسەکانی خودا دووایی نایە. خودا خاوەن دەستەڵاتی لە کارزانە.

28) ئافراندن و مراندن و ژیاندن لە یەک نەفەر پتر نییە، خودا دەبیسێ و دەبینێ.

29) بۆ نەتدیوە خوا شەو دەڕۆژ هەڵدەکێشێ و ڕۆژیش دەشەو هەڵدەکێشێ؛ خۆرو هەیڤیشی کەوی کرد؟ هەر یەکەیان تا ماوەیێ دیاری کراو لە تەڤگەڕدان. خودا لە هەر کارێ بیکەن ئاگادارە.

30) هەر دەبێ بەمە بزانن خودا ڕاستە و هانا بۆ هەرشتێ بەرن - لە غەیرەز ئەو - کارێ پووچە. پایەبەرزی هەرەمەزن، هەرخودایە.

31) تۆ نەتدیوە لەسۆنگەی چاکەی خوداوە گەمیە لەدوڕ دەریادا لە گەڕاندایە؛ تا نیشانەکانی خۆیتان نیشان بدا؟ هەر لەمەدا زۆر بەڵگە هەن بۆ هەموو خۆڕاگرانی شوکربژێر.

32) هەر کاتێکیش پێلی زلی وەک هەوڕی پڕ، خۆیان بەسەر هەڵدەکێشن، بە دڵپاکی و بڕوای بێ غەش لەبەر خودا دەپاڕێنەوە. وەختێ ڕزگاری کردن و گەینە سەربەژ، هێندێ لەوان مام ناونجین. هیچ کەس لە نیشانەکانمان حاشای نییە، مەگین گەلی فریوبازانی پێ نەزان.

33) ئەی خەڵکینە! دەبێ لە پەروەرندەتان ترسوو هەبێ؛ ترسی ئەو ڕۆژەشتان هەبێ کە هیچ باوکێک ئوباڵی فرزەندی خۆشی لەسەر نییە و هیچ فرزەندێکیش بۆ بابی سوودی نابێ. بەڵێنی خودا هەر ڕاستە و نابێ هەرگیز ژینی سەر دنیا فریوتان دا. نەشچن شەیتان بە بەخشندەیی خودا فریوتان بدا.

34) زانستی ڕۆژی سەڵایە لای خودایە؛ بارانەش ئەو دەیبارێنێ و دەشزانێ تۆلی زگ پڕان چی تێدایە. کەس نازانێ کاری سبەی ڕۆژی چییە و کەس نازانێ لە کامە سەرزەمین دەمرێ. خودا زانا و ئاگادارە.