30- ڕووم

لە کتێبی:
قورئانی پیرۆز بە کوردی
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 9 خولەک  1081 بینین

وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە

1) ئەلیف، لام، میم.

2) ڕۆمی شکان.

3) لە نزیکتر کەوشەنی ئەم سەرزەمینە. لە دوای ئەم ژێرکەوتنەیان جارێ تر سەردەکەونەوە؛

4) لە ماوەی کەمتر لە دە ساڵ. پێش ئەو شکانە و لە دوایەش، هەموو کار کاری خودایە و ئەوێ ڕۆژێ باوەڕداران کەیفێ دەکەن،

5) بە یاریدە لە خوداوە. خودا حەز کا یاریدە بە هەر کەس دەدا. هەر خۆی خاوەن دەستەڵات و دلۆڤانە.

6) خودایە بەڵێنی داوە و لێی پەشیمان نابێتەوە، بەڵام زۆربەی خەڵک نازانن.

7) لە ڕواڵەتی ژینی دنیا ئاگادارن و هیچ ئاگاشیان لە پاشەڕۆژەکە نییە.

8) ئاخۆ ئەوانە تا وێستا خۆیان بە بیردا نەهات کە ئاسمانان و زەمین و هەرچی لە ناو ئەواندایە، هەر بەڕاستی خودا بەرهەمی هێناون و ئاکامی بۆ دیاری کردوون؟ کەچی زۆربەی ئەم مەردمە باوەڕ ناکەن کە دەگەڵ پەروەرندەیان هەر ڕووبەڕوو دەکرێنەوە.

9) ئاخۆ هیچ گەشت و گوزاریان لەم زەمینە نەکردووە، تا بڕوانن پێشینەکانی ڕابردوو - کە لەمان تواناتر بوون و زەوییان کێڵاو ئاوەدان تریشیان کرد و پێغەمبەرانیشیان بە نیشانەگەلی ئاشکراوە هاتنە لایان - چییان بەسەر هات؟ خودا غەدری لێ نەکردن؛ بەڵام خۆیان هەر غەدریان لە خۆیان کرد.

10) لە ئاکاما ئەوانەی خراپەیان کرد، خراپتریان تووش هاتەوە؛ کە نیشانەکانی خوایان بە درۆ زانی و حەنەکی خۆیان پێ دەکرد.

11) خوا ئەو خەڵکە دروس دەکا و دواجاریش دەیهێنێتەوە. سەرەنجامیش هەمووان بۆ لای ئەو دێنەوە.

12) ئەو ڕۆژە سەڵا ڕادەبێ، تاوانباران دژ داماون و متەقیان لە بەر دەرنایە.

13) ئەو شتانەش بە شەریکی خوایان زانین، نایەن تکایان بۆ بکەن؛ لەو شەریکانەشیان هەر حاشایە دەکەن.

14) ڕۆژێ کە قیامەت هاتە ڕوو، ئەو ڕۆژە بەش بەش دەبنەوە.

15) جا ئەوانەی ئەوسا خاوەن بڕوا بوون و ئاکاری پەسندیان بوو بێ، جێگەیان لە ناو باخچەیە و کەیف سازن.

16) ئەوی خواشیان نەناسیوە و بە نیشانەکانی ئێمە و ڕووبەڕوو بوونی قیامەت بێ بڕوا بوون، دەیان هێننە پێش بۆ ئازار.

17) هەموو بەرەبەیانان و سەر لەنگۆڕیش پەسنی پاکی خودا بدەن.

18) سوپاس بۆ ئەو لە ئاسمانان و لە زەمین، شەوانەش و دەمی نیوەڕۆش هەر وەتر.

19) زیندی لە مردوو دەردەخا و مردوو لە زیندوو دەردێنێ؛ زەویش دوای ئەوەی مردووە، گیانی وەبەر دێنێتەوە، ئێوەش هەروا دێننە دەرێ.

20) لە نیشانەکانی ئەوە، کە ئێوەی لە خۆڵ چێ کرد و ئەوسا ناکاو بوونە مرۆ و لە دنیا بڵاو بوونەوە.

21) هەر لە نیشانانی ئەوە کە لە خۆتان، ئاوجووتی بۆ بەرهەم هێنان؛ کە پێیان بحەسێنەوە و خۆشەویستی و ئەوینی خستۆتە ناوتان. لەمەدا بۆ کەسانێ کە بە وردی سەرنج بدەن، بەڵگە زۆرن.

22) هەر لە نیشانانی ئەوە داهێنانی ئەم عاسمانان و زەمینە و وێک نەچوونی زمانی پێ ئاخافتن و ڕەنگ و ڕووتان؛ کە لەمەدا بەڵگە زۆرن بۆ زانایان.

23) هەر لە نیشانەکانیەتی: خەوی شەوان و ڕۆژانتان، گەڕانتان بۆ دەس خستنی ڕسق و ڕۆزی؛ کە هەر لە سایەی ئەوڕایە. لەمەدا بەڵگەی زۆر هەیە بۆ ئەو کەسانەی دەبیسن.

24) هەر لە نیشانەکانیەتی: برووسکەتان پیشان دەدا ترس و هومێدی پێوەیە؛ لەو حەوایەش بارانوو بۆ بەڕێ دەکا، تا زەمینی مردووی پێ زیندوو کاتەوە. لەمەدا نیشانە زۆرن بۆ ئەو کەسانەی تێدەگەن.

25) هەر لە نیشانەکانیەتی کە ئەم عاسمان و زەمینە، بە فەرمانی ڕاوەستاون. پاشان هەرگا - تەنیا یەک جار - لەم زەمینە بانگوو دەکا، ئێوە لەپڕ دەردەکەون.

26) هەرکێ هەیە لە ئاسمانان و زەمیندا، کری ئەون؛ گشتی بۆ ئەو بەر فەرمانە.

27) خۆی ئەو خەڵکەی وەدی دێنێ و دواجاریش دەیهێنێتەوە، کە بۆ ئەو هاسانتریشە. لە ئاسمانان و زەمیندا نموونەی باشترین ئاکار لای خودایە. هەر خۆی خاوەن دەستەڵات و لەکارزانە.

28) مەسەلێکی لە خۆتان بۆ هێناونەوە: ئاخۆ ئێوە لەو بژیوەی لە ئێمەوە پێو گەییوە، بەنیەکانوو دەکەنە هاوبەشی خۆتان؟ هەر دوو لا وەکوو یەک دەبن؟ هەروەک ئێوە ترستان لە یەکتر هەیە، ئاواش ترسوو لەمان هەیە؟ ئێمە ئاوا نیشانەکان - پوخت وپاراو - بۆ ئەو کەسانەی تێدەگەن، دەخەینە ڕوو.

29) بەڵام ئەوانەی ناهەقن، هەرچی ئارەزووی خۆیانە لە دووی دەچن؛ چش نازانن. هەر کەسێکیش خودا ڕێگەی لێ بگۆڕێ، کێ دەتوانێ شارەزای کا؟ کەسیشیان دەهانا نایە.

30) تۆ هەر ڕوو لەم دینە بکە و هەر بەرەو هەق هەنگاو بنێ؛ دینێکی بنەڕەتییە و لە سروشتا خوا ئەو خەڵکەی هەر بۆ یەکتاپەرستی وەدی هێناوە. کاری خوداش گۆڕانی بەسەردا نایە. دینی پتەو و پایەدار هەر ئەمەیە؛ بەڵام زۆربەی ئاپۆرەی مەردم نەزانن.

31) بگەڕێنەوە بۆ لای و لێی بترسن و نوێژ بکەن و لە ڕێزەی ئەوانە مەبن شەریکی بۆ پەیدا دەکەن.

32) ئەوانە کە دینی خۆیان لە یەک جودا کردۆتەوە و دەستەدەستە بوونەتەوە، هەر دەستەیەک بە بیروباوەڕی خۆیان دڵیان خۆشە.

33) ئەم مەردمە گەر بەڵایەکیان بەسەر دێ، هانا دەبەن بۆ پەروەرندەی خۆیان و بەرەو ئەو دەگەڕێنەوە. ئەگەر دوایە تووشی بەختەوەری کردن، ناکاو هێندێک [لەو خۆشیەدا] شەریک بۆ پەروەرندەیان پەیدا دەکەن.

34) دەبا ئەو چاکەی لە بیر کەن کە ئێمە دەربارەن کردوون. بە ئارەزوو ڕای ببوێرن، زۆر ناخایەنێ دەزانن.

35) ئاخۆ ئێمە بەڵگەیەکمان بۆ ئەمانە ناردۆتە خوار کە دەربارەی ئەو شتانەی ئەوان دەیکەنە شەریکم، قسە بکا؟

36) هەرگا ئێمە بەو مەردمە تامی بەختەوەرییمان چەشت، پێی شاد دەبن. ئەگەر لە سزای کرداری خراپیاندا تووشی نالەباری هاتن، هیچ هومێدێکیان نامێنێ.

37) ئاخۆ ئەوانە نازانن کە ناردنی بژیو بە مەیلی خودایە؛ بۆ یەکێ زۆر بەڕێ دەکا و بۆ یەکێ کەم؟ بۆ ئەوانەی بە باوەڕن، لەمەدا زۆر نیشانە هەن.

38) کەوایە تۆ بەشی خزم و هەژار و ڕێبواری ئاتاج، وەلا بنێ و هەر کەس بەشی خۆی بدەیە. ئەم ئاکارە پەسنترە بۆ ئەوانەی ڕەزای خودایان گەرەکە و ئەوانە ڕزگارەکانن.

39) ئەوەی بە ناوی سوو ئەیدەن کە لە ناو ماڵی خەڵکدا زێدە ببێ، لجەم خودا زێدە نابێ. [بەڵام] ئەو ماڵی کە بە زەکات دەیدەن و دەتانەوێ خودا لە خۆتان ڕازی کەن، زۆرترتان پێ دەگاتەوە.

40) خودا هەر ئەو کەسەیە کە ئێوەی دروس کرد و ئەوسا ڕۆزی پێدان؛ لە پاشان دەتانمرێنێ و دیسان دەتانخاتەوە ژین. ئاخۆ ئەوانەی کە ئێوە کردووتانن بە شەریکی، ئەو کارانەیان پێدەکرێ؟ خوا بێ عەیبە و لەوە پایەبەرزترە کە بڵێن: شەریکی هەیە.

41) گەندەکاری ئەم مەردمە - لە بەژ و دەریا - خۆی نوواند. دەبا سزای هێندێک لە ئاکارەکانیان پێ بچێژێ؛ شایەتا بگەڕێنەوە.

42) بێژە: بە عەرزا بگەڕێن، سا بڕوانن؛ ئەوانەی بەر لە ئێوە بوون، چییان بەسەر هات؟ بەشی زۆریان شەریکیان بۆ خوا دەزانی.

43) دەسا تۆ ڕوو کە لەو دینە پایەدارە، بەر لەو ڕۆژەی کە خودا بڕیاری داوە و هەر وەدی دێ. ئەوێ ڕۆژێ بڵاوەی دەکەن.

44) هەرکێ خودای نەناسیوە، هەر زیانی لە خۆی داوە؛ کێش ئاکاری چاکی بووە، جێگەی خۆیان خۆش کردووە.

45) هەتا وەکوو لە چاکەی خۆی، پاداشی بڕواداران و ئاکارچاکان بداتەوە. خودا خۆشی لە ناشکوری کەران نایە.

46) یەکێک لە نیشانەکانی ئەو ئەمەیە کە بایانی مزگێنی دەر بە ڕێ دەکا تا لە بزی خۆی بە ئێوە بچێژنێ. گەمیەش هەر بە فەرمانی ئەو بێن و بچن و لە سایەی دەهندەیی ئەو، ڕۆزی خۆتان پەیدا بکەن؛ بەشکوو شوکرانەبژێر بن.

47) بەر لە تۆش زۆر پێغەمبەرمان ناردە سەر گەلانی خۆیان و گەلێ بەڵگەی پتەویان بردە لایان. جا ئەوانەی دژیان وێستان، وەبەر تۆڵەی ئێمە کەوتن؛ ئەوی بڕواشیان پێکردن، هەر خۆمان یارمەتیمان دان.

48) هەر خودایە ئەو بایانە بە ڕێ دەکا، ئەوانیش هەور دەبزوێنن؛ ئەوسا هەر چۆنی گەرەک بێ، ئەو هەورانە لە ئەزمانا پڕژوبڵاو دەکاتەوە و گەواڵ گەواڵیشیان دەکا. کە دەبینی لەوانەوە دڵۆپە دێتە خوارەوە، مەیلی بێنی و بۆ هەر کامێ لە عەبدانی خۆی بنێرێ، دڵخۆش دەبن.

49) کەچی بەر لەوە بارانیان بۆ ببارێ، ناهومێد بوون.

50) دەبڕوانە بەزەیی خودا چی کردووە! زەوی مردوو لە نوێ زیندوو دەکاتەوە. زیندوو کردنەوەی مریانیش کاری ئەوە. هەر خۆی توانای بەسەر هەموو شتدا هەیە.

51) خۆ ئەگەر بایەک بنێرین بەرهەمیان زەرد هەڵبگێڕێ، بە شوێنیدا گازندە و ناشکوری دەکەن.

52) تۆ ناتانی کارێک بکەی ئەم مریانە گوێت پێ بدەن. ئەگەر خۆ لە تۆ کەڕ بکەن، هەرچەندە بانگیشیان بکەی، لێت نابیسن.

53) ڕێشاندەری کوێرانیش نیت، لە گومڕایی وەیانگێڕی. هەر ئەوانە لێت دەبیسن، بە نیشانانی ئێمە بڕوا دەکەن و چییان پێ بڵێی لارەملن.

54) خودا کە ئێوەی دروس کرد، لە سەرەتادا بێ هێز بوون؛ پاش بێ هێزی، گوڕی پێدان؛ لە پاشانا هێزوگوڕی لێ ستاندن و پیری کردن. بە مەیلی خۆی دەئافرێنێ، زانا و توانا هەر خۆیەتی.

55) ڕۆژێ کە سەڵا ڕادەبێ، تاوانباران سوێندێ دەخۆن جیا لە ساتێک نەمانەوە. ئاوا هەر شوێن درۆ کەوتن.

56) ئەو کەسانە بە زانست و باوەڕدارن، پێیان ئێژن: هەر وەکوو خودا نووسیویە، تا ڕۆژی سەڵا ماونەوە؛ سا ئەمە ڕۆژی سەڵایە؛ بەڵام ئێوە نەوزانیوە.

57) لەو ڕۆژەدا ئەو کەسانەی کەوا غەدریان کردووە، بەهانەیان قازانجیان پێ ناگەیەنێ و ڕێشیان نادرێ داوای لێ خۆشبوونێ بکەن.

58) وا ئێمە لەم قورئانەدا هەموو جۆرە نەزیلەیان بۆ ئەو خەڵکە هێنایەوە. کەچی هەرگا نیشانەیەکیان بۆ بێنی، بێ سۆ خودانەناسەکان، ئێژن: ئێوە لە قسەی پووچ بەو لاوە چی ترتان نییە.

59) ئاوا خودا مۆر دەخاتە سەر دڵی ئەو کەسانەوە کە نایانەوێ بزانن.

60) سا خۆت بگرە، بەڵێنی خودا دێتە جێ؛ نەکا ئەوانەی دڕدۆنگن، تۆ لە ڕێی هەق بترازێنن.